پەلاماری خێڵی حەمە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پەلاماری خێڵی حەمە
بەشێک لە شەڕی تیرۆر
ململانێی ئیسلامیی کوردستان
ڕۆژ٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٠١ (٢٠ ساڵ لەمەوبەر)
شوێن
زیانە گیانییەکان
٤٢ پێشمەرگە
١٥ چەکداری ئەنسارولئیسلام

پەلاماری خێڵی حەمە، بریتیبوو لە ھێرشێکی گرووپی ئەنسارولئیسلام بۆ سەر گوندی خێڵی حەمە لە ٢٣ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٠١ کە دەکاتە ١٢ ڕۆژ پاش ھێرشەکانی ١١ی ئەیلوول.

لەو کارەساتەدا چەکدارانی ئەنسارولئیسلام ھێرشێکی لەناکاویان کردە سەر گوندەکە کە ئەوکاتە لەژێر دەسەڵاتی ھێزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بوو و ٤٢ پێشمەرگە کوژرا و تەرمی ھەندێکیان شێواندن ئەویش بە سەربڕین و دەرھێنانی چاو و بڕینی قوڕگ، زمان، لووت و گوێچکەیان.[١]

ڕووداوەکە[دەستکاری]

ڕووداوەکە لە کاتژمێر سێی پاش نیوەڕ ڕوویدا. چەکدارانی ئەنسارولئیسلام لە سێ لاوە ھێرشیان کردە سەر ئەو ھێزانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لەو گوندە جێگیرکرابوون. لەبەرئەوەی پێشمەرگەکانی یەکێتی پێشبینیی ھێڕشێکی لەناکاوی ئەنسارولئیسلامیان نەکردبوو چەکدارانی ئەنسار گورزێکی کوشندەیان وەشاند. لەپاش ٣ کاتژمێر شەڕ، ١٥ چەکداری ئەنسارولئیسلام کوژران و لە ٤٢ پێشمەرگەی یەکێتیش پاش کوژرانی ھەندێکیان، ئەوانی تر بەدیل گیران و بەشێوەیەکی نامرۆییانە بە چەقۆ و تەوراس و گوللە شەھیدکران و دواتر دەستگیرا بەسەر گوندەکەدا.

لەدوای ٢٤ کاتژمێر مانەوەی ئەنسارولئیسلام لە خێڵی حەمە و زیندانبوونی دانیشتووانی گوندەکە لە ماڵەکانی خۆیاندا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھێرشی کردە سەر گوندی خێڵی حەمە و چەکدارەکانی ئەنسارولئیسلام ھەڵھاتن.[٢] ساڵی ٢٠١٨ بەردی بناغەی مۆنیۆمێنتی شەھیدانی خێڵی حەمە لە قەزای شارەزوور دانرا. لە شوباتی ٢٠٢١ ئاسایشی شارەزوور تۆمەتبارێکی دەستگیرکرد کە لەسەر دیواربەندی شەھیدانی خێڵی حەمە دروشمی گرووپی ئەنسارولئیسلامی نوسیبوو. لە لێکۆڵینەوەدا تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا نابوو «لەژێر کاری ھەندێک وتاری توند ڕەویدا فکرەی توندڕەوی وەرگرتووە».[٣]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "خێڵی حەمە.. ئەو تاوانە گەورەیەی ڕاستی تیرۆرستانی ئاشکراکرد". www.pukmedia.com (بە کوردی). مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
  2. ^ "22 ساڵ بەسەر تاوانی "خێڵی حەمە"دا تێدەپەڕێت". bmctv.krd (بە کوردی). کوردستان.
  3. ^ "ئاسایشی شارەزوور کەسێکی دەستگیرکرد کە لە خێڵی حەمە دروشمی تیرۆرستی نوسیوە". لڤین پرێس. lvinpress.com. لڤین پرێس.
  1. خێڵی حەمە، لووتکەی دڕندەیی تیرۆریستان، کوردستانی نوێ.