پەتای جیھانیی کۆڤید-١٩ لە فەڕەنسا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پەتای جیھانیی کۆڤید-١٩ لە وڵاتی فەرەنسا بەشێکە لە پەتای جیھانیی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای ٢٠١٩ (COVID-19) کە ھۆکارەکەی نەخۆشی سەختی کۆئەندامی ھەناسەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ٢ (SARS-CoV-2). لە ڕێکەوتی ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا گەیشتی ڤایرۆسەکە بە فەڕەنسا پشتراست کرایەوە کاتێک یەکەمین باری تووشبوون بە کۆڤید-١٩ لە ئەورووپا و فەڕەنسا لە شاری بۆردو دەستنیشان کرا. یەکەمین پێنج کەسی تووشبوو ھەموویان لەو کەسانە بوون کە لە وڵاتی چینەوە گەڕابوونەوە. گەشتیارێکی چینی کە لە ڕێکەوتی ٢٨ی کانوونی دووەم لە پاریس نێردرا بۆ نەخۆشخانە و لە ١٤ی شوبات دا گیانی لەدەست دا، بووە یەکەمین باری گیان لەدەستدان لە فەڕەنسا و یەکەمین باری گیان لەدەستدانیش لە دەرەوەی کیشوەری ئاسیا. بۆنەیەکی سەرەکی کە کاریگەرییەکی بەرچاوی ھەبوو لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە شارە گەورەکان و ناوچە دوورەکانی فەڕەنسا بریتیی بوو لە کۆبوونەوەی ساڵانەی (کەنیسەی کراوەی مەسیحییەکان) لە نێوان ١٧–٢٤ شوبات دا لە شاری (ملوز - Mulhouse) کە نزیکەی ٢٥٠٠ کەس ئامادەی بۆنەکە بوون و باوەڕ وایە کە بە لایەنی کەمەوە نیوەی ئامادەبوون ڤایرۆسەکەیان گرتووە. لە ٤ی مایس دا پشکنینی کاردانەوەیی نموونەی خوێنەکان لە نەخۆشخانەیەکی فەڕەنسا دەریدەخست کە ئەگەرێکی زۆر ھەیە یەکێک لە نەخۆشەکان لە ٢٧ی کانوونی یەکەم دا تووشبووبێت بە ڤایرۆسەکە کە دەکاتە مانگێک پێش ھەبوونی یەکەم تووشبووی پشتڕاستکراوی فەرمی.[١]

لە ١٢ی ئازاردا، سەرۆکی فەڕەنسا (ئیمانوێل ماکرۆن) لەسەر تەلەڤیزیۆنی گشتی ڕایگەیاند کە ھەموو قوتابخانە و زانکۆکان لە ١٦ی ئازارەوە دادەخرێن ھەتا کاتێکی نادیار. بۆ ڕۆژی دواتر سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا (ئێدوارد فلیپ) ھەموو کۆبوونەوەیەکی زیاد لە ١٠٠ کەسی قەدەغەکرد جگە لە ئامرازەکانی ھاتوچۆی گشتی و پاشان فەرمانی قەدەغەکردنی ھەموو شوێنە گشتییە نا سەرەکییەکان دەرچوو کە ئەمانەی لەخۆدەگرت (چێشتخانەکان، قاوەخانەکان، سینەماکان و یانەکانی شەوان) و فەرمانەکە لە نیوەی شەوی ھەمان ڕۆژەوە دەچووە بواری جێبەجێکردنەوە. لە ١٦ی ئازاردا سەرۆک ماکرۆن ھەستا بە ڕاگەیاندنی لە ماڵەوە مانەوەی ناچاری بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ کە لە ١٧ی ئازارەوە دەستی پێ دەکرد و ئەم ڕێکارە بۆ دوو جار درێژکرایەوە و لە ١١ی مایس دا کۆتای پێ ھات. لە ٢ی مایس دا، وەزیری ھاوکاری و تەندروستی (ئۆلیڤەر ڤێران) ڕایگەیاند کە حکوومەت دەیەوێت باری لەناکاوی تەندروستی تا ٢٤ی تەممووز درێژبکاتەوە.[٢]

ڕێکارەکانی قەدەغەکردنی ھاتووچۆ[دەستکاری]

لە ٢٣ی ئازاری ٢٠٢٠ەوە، ھەر کەسێک لە شوێنە گشتییەکان دا بووایە پێویست بوو لەسەر فۆرمێک پر بکاتەوە بە ناوی (بەڵگەنامەی گەشتی تایبەت - Attestation de déplacement dérogatoire) کە ھۆکاری ھاتنەدەرەوەی کەسەکەی بۆ شوێنە گشتییەکان ڕوون دەکردەوە و چوونە دەرەوە بەبێ بوونی ئەم بەڵگەنامەی ڕێگەپێدانە کەسەکەی دووچاری سزای دارایی دەکردەوە. کردەکانی ڕێگەپێدراو بوو بۆ چوونە دەرەوە بێ بەڵگانەمە فەرمییەکە بریتیی بوو لە (کڕینی خۆراک و پێداویستی سەرەکی، چوون و گەڕانەوە بۆ شوێنی کار ئەگەر کارەکە لە ماڵەوە ئەنجام نەدرێت، کڕینی پێداویستی پزیشکی، گەشتکردن بەھۆی لایەنی خێزانییەوە بۆ لای کەسانی بەساڵاچوو یان منداڵ، ڕاھێنانی وەرزشی تا دووری ١ کیلۆمەتر لە ماڵەوە بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە کاتە ڕێگەپێدراوەکان لەگەڵ پێویستی ئەنجامدانی کاری یاسایی (بە فەرمانی دادوەر)). دوای ھەڵگرتنی قەدەغەی ھاتووچۆ لە ١١ی مایس دا ھەموو ئەم ڕێکارانە ھەڵوەشانەوە بەڵام ڕێکاری نوێ دانران وەک ڕێگەپێدانی گەشتکردن بە دوری ١٠٠ کیلۆمەتر لە ماڵەوە بەبێ بوونی ھیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی و ئەم ڕێکارەش تا ٢ی حوزەیران کاری پێ دەکرا و دواتر ھەڵوەشایەوە.[٣][٤]

کاریگەرییەکانی پەتا جیھانییەکە لەسەر بێکاری[دەستکاری]

لە ڕێکەوتی ١٢ی ئازاردا سەرۆک ماکرۆن ڕایگەیاند کە کۆمپانیاکان دەتوانن بۆ مانگی ئازار کردەی پارە وەرگرتنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و باج دوابخەن بەبێ ھیچ ھۆکار و پێشینەیەک. کارمەندان ھاندەدران ھەتا دەتوانرێت کردەی کارکردنی مەودا دوور (لە ماڵەوە کارکردن) ئەنجام بدەن لە نیوەی دووەمی مانگی ئازاردا زیاد لە ٤ میلیۆن کرێکاری فەڕەنسی خۆیان لە بەرنامی سوودی بێکاری دا تۆمارکرد.[٥]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "SARS-COV-2 was already spreading in France in late December 2019". International Journal of Antimicrobial Agents. 55 (6): 106006. June 2020. doi:10.1016/j.ijantimicag.2020.106006. Preprint on 3 May 2020.
  2. ^ Irish, John (4 May 2020). "After retesting samples, French hospital discovers COVID-19 case from December". Reuters. Retrieved 4 May 2020.
  3. ^ "France to extend coronavirus emergency for two months". Al Jazeera. 2 May 2020.
  4. ^ "Coronavirus was present in France in December, doctor claims". Telegraph Media Group Limited. 4 May 2020.
  5. ^ En France, le Covid-19 aurait contaminé moins de 5 % de la population, loin de l’immunité collective 13 May 2020 Le Monde. Retrieved 15 May 2020