پەتای جیھانیی کۆڤید-١٩ لە عێراق

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پەتای جیهانیی کۆڤید-١٩ لە وڵاتی عێراق بەشێکە لە پەتای جیهانیی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای ٢٠١٩ (COVID-19) کە هۆکارەکەی نەخۆشی سەختی کۆئەندامی هەناسەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ٢ (SARS-CoV-2). لە ڕێكەوتی ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٠دا عێراق یەکەمین تووشبووی خۆی لە شاری نەجەف پشتڕاست کردەوە. هەتا مانگی نیسان تووشبووە پشتڕاست کراوەکان لە شارەکانی (بەغدا، بەسرە، سلێمانی، هەولێر و نەجەف) لە سەد کەس زیاتر بوو.

هەتا ٧ی نیسان ژمارەی پشکنینە ئەنجامدراوەکان ٢٨،٤١٤ پشکنین بوو (بە هەرێمی کوردستانیشەوە) کە ئەنجامی ١٢٠٢ پشکنینیان ئەرێنی بوو. لەو پشکنینە ئەنجامدراوانە ١٢،١٤٣ پشکنینیان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ١٦،٢٧١ پشکنینیان لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عێراقییەوە ئەنجامدراوە. لە کاتێك دا لە (%٠.٢٥)ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان پشکنینیان بۆ ئەنجام دراوە بەڵام تەنها (%٠.٠٥) دانیشتوان لە بەشەکانی دیکەی عێراق پشکنینیان بۆ ئەنجام دراوە کە ئەمەش بۆتە هۆی دەرکەوتنی جیاوازی و ناڕێکی لە کۆی ژمارەی پشکنینە ئەرێنی و تووشبووەکان لە نێوان ناوچەکان دا. عێراق بە وڵاتێکی "یەکجار لاواز بەرامبەر بە پەتا ناوچەییەکە" دادەنرێت لەبەر هۆکاری وێرانبوونییەوە بەهۆی جەنگ، ئابلۆقە و سزا داراییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ناکۆکی ڕێبازە ئایینییەکان بەدرێژاری سێ دەیە.[١][٢]

قەدەغەی هاتووچۆ[دەستکاری]

کۆبوونەوەی خەڵک لەکاتی سەیرکردنی یارییەکی تۆپی پێ لەسەر شەقام، وێڕای تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لە رێکەوتی ١٣ی ئازاردا، حکومەتی هەرێـمی کوردستان هەستا بە ڕاگەیاندنی ڕێكاری ٢ رۆژ قەدەغەی هاتووچۆ لە شاری هەولێر و سلێمانی کە دواتر بووە قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەری لە هەرێم و هەتا ڕێكەوتی ٤ی نیسان بەردەوام بوو. بڕیاری ئەم ڕێكارە دەگەرێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی بارەکانی تووشبوون بەهۆی کۆبوونەوەی خەڵکی لە دوو مەراسیمی گیانلەدەستدان دا و ئەم قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەرییە بەو واتایە بووکە هەموو فرۆشگاکان دادەخرێن و تەنها چەند دەرمانخانەیەك لەڕێی خزمەتگوزاری گەیاندنەوە کاردەکەن و هەموو جۆرە هاتووچۆیەك (تەنانەت بەپێ رۆیشتنیش) قەدەغەیە. 

دوابەدوای یەکەمین باری گیانلەدەستدان لە پارێزگای واست، لە ١٤ی ئازاردا پارێزگاکە هەستا بە جێبەجێ کردنی قەدەغەی هاتووچۆی کاتیی و لە شاری کەربەلا قەدەغەی هاتووچۆ بۆ ماوەی سێ رۆژ ڕاگەیەندرا.[٣]

سنووردارکردنی گەشتەکان[دەستکاری]

لە کۆتایی مانگی شوبات دا عێراق هەستا بە داخستنی سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتی ئێران دا و پاش بڵاوبوونەوەی پەتا جیهانییەکە لە ئێران دا تەنها ڕێگەی دەدا بە گەڕاندنەوەی هاوڵاتییە عێراقییەکان بۆ ناو وڵات. لە (٨-١٦) ئازار هەموو بازرگانییەك لەگەڵ وڵاتی کوەیت دا هەڵپەسێردرا. لە ١٠ی ئازاردا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەستا بە داخستنی سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتی ئێران دا لە ١٦ی ئازارەوە هەتا مانگی نیسان.

لە ١٣ی ئازاردا بەمەبەستی ڕێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە عێراق هەستا بە قەدەغەکردنی سەردانیکەران لە وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەرەوە  و دواتریش وڵاتانی (چین، فەڕەنسا، ئێران، یابان، سەنگاپورا، ئیسپانیا، کۆریای باشور و تایلەند) زیادکران بۆ ڕێکاری قەدەغەکردنەکە. لە ١٥ی ئازاردا حکومەت هەستا بە هەڵپەساردنی تەواوی گەشتە ئاسمانییەکان لە فرۆکەخانەی بەغداد لە نێوان ١٧ بۆ ٢٤ی ئازار و جێبەجێ کردنی قەدەغەی هاتووچۆ لە پایتەخت دا بۆ هەمان ماوە.

کێشە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییەکان[دەستکاری]

لە ٢٧ی شوبات دا قوتابخانە، زانکۆ و سینەماکان لە شاری بەغدا داخران و کۆبوونەوە جەماوەرییە گەورەکان لە هەموو شارەکان دا هەتا ٧ی ئازار قەدەغەکران و لە سەرتاسەری وڵاتەکدا ترسی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە ڕێگربوو لەبەردەم هاوڵاتیان دا لە ناشتنی کەسە گیانلەدەستدراوەکانیان بەپێی دابونەریتە باوەکان.

هەروەها لە هەرێم دا لە ١٣ی ئازاردا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەستا بە قەدەغەکردنی هەموو دیاردە و مەراسیمێكی کۆبوونەوەی ئایینی بەڵام سەرەڕای دەرچوونی بڕیارەکە بەتەواوی جێبەجێ نەدەکرا هەتا ٤ی نیسان کاتێك زانرا کە دوو کۆبوونەوەی بە خاكسپاردن لە ڕێکەوتەکانی ٢١ و ٢٣ی ئازاردا بەرپرسیار بووە لە سێیەکی (یەك لەسەر سێی) بارەکانی تووشبوون لە شاری هەولێردا. هەر لە هەمان کات دا زانیاری گەیشتە حکومەت کە مەراسیمێکی دیکەی بە خاکسپاردن لە گوندێکی سەر بە ناحیەی دارەتوو بەرێوەدەچیت بۆ لە ئەنجام دا بۆ ڕێگریکردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە هێزی زێرەڤانی ناوچەکە ناچاربوو بە داخستنی تەواوی گوندەکە و کەرەنتینە کردنیان.[٤]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Covid-19 situation update in Iraqi Kurdistan". gov.krd/coronavirus-en. ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ "Iraq announces 1st case of COVID-19 in Najaf - World - Chinadaily.com.cn". www.chinadaily.com.cn.
  3. ^ "The medical crisis that's aggravating Iraq's unrest". Reuters. 2 March 2020. Retrieved 7 April 2020.
  4. ^ Rubin, Alissa J. (14 April 2020). "Stigma Hampers Iraqi Efforts to Fight the Coronavirus". The New York Times. Retrieved 15 April 2020.