پەتای جیھانیی کۆڤید-١٩ لە ئەردەن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە چین لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠دا، لە ڕێکەوتی ٢٦ کانوونی دووەم دا ئەنجومەنی نیشتمانی پەتا ناوچەییەکانی ئەردەن و وەزارەتی تەندروستی هەستا بە تەرخانکردنی چەند نەخۆشخانەیەکی دیاریکراو بۆ چارەسەرکردنی تووشبووەکان و دانانی چەند ڕێکارێك بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا دوای گەیشتنی بۆ ناو وڵاتەکە.[١]

سەرەرای ئەو ڕاستییەی وڵاتی ئەردەن هەتا ١٤ی ئازار تەنها خاوەنی یەك تووشبووی ڤایرۆسەکە بوو بەڵام حکومەت هەستا بە داخستنی قوتابخانەکان، قەدەغەکردنی کۆبوونەوەی گشتی و داخستنی تەواوی سنوور و فرۆکەخانەکان وك وەڵامێك بۆ ئەو بڵاوبوونەوە خێرا و هەڕەمەکییەی لە وڵاتانی چواردەور و تەواوی جیهان دا ڕوویدەدا. پێش داخستنی تەواوی سنوور و فرۆکەخانەکان، لە ١٥ی ئازاردا حکومەت هەستا بە جێبەجێ کردن نەخشەڕێگایەك بۆ کەرەنتینە کردنی کەسانی هاتوو بۆ ناو وڵاتەکە.[٢]

سوپای ئەردەنی ئەرکی جێبەجێ کردنی نەخشەڕێگاکەی پێ سپێردرابوو بۆ ئاسانکردنی گواستنەوەی ٥ هەزار سەردانیکەری هاتوو لە فرۆکەخانە و خاڵە سنوورییەکانەوە بۆ ناوچەی گەشتیاریی دەریای مردوو کە شوێنێکی گەشتیارییە و لە کاتی نەخۆشییەکەدا بە ناوچەیەکی سەربازی داخراو دادەنرا و وك شوێنی مانەوەی ناچاری بەکاردەهات لە کاتی کەرەنتینەی ٢ هەفتەیی دا و ئەرکی خەرجیی شوێنەکەش لە ئەستۆی حکومەت بوو.[٣]

ڕێکارەکانی حکومەت[دەستکاری]

لە ٦ی ئازاردا حکەموتی ئەردەنی هەستا بە ئەنجامدانی ڕێکەوتێنك لەگەڵ تۆری کۆمەڵایەتی (فەیسبووک - Facebook)دا بۆ بڵاوکردنەوەی هەڵمەتێكی هۆشیاریی دەربارەی پەتای جیهانیی کۆڤید-١٩. بەپێی ڕێکەوتنەکە فەیسبووك بۆ بەکارهێنەرانی ئەردەنی هەڵدەستێت بە پیشاندانی بەستەرەکانی ماڵپەری وەزارەتی تەندروستی و هاندانی بابەتەکانی ماڵپەرەکە بۆ زیادکردنی هۆشیاری دەربارەی تەشەنەکردنی نەخۆشییەکە، ڕێکارەکانی خۆپارێزی، زانیاری بۆ کەم کردنەوەی بڵاوبوونەوە و ناوەندە پەیوەندیدارەکان کە دیاریکراون بۆ پشکنین و چارەسەرکردن.[٤]

لە ١٠ی ئازاردا ئەم ڕێکارانەی خوارەوە راگەیەندرا:

  • هەڵپەساردنی گەشت بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵاتی لوبنان.
  • هەڵپەساردنی گەشت بۆ ناوەوە و دەرەوەی وڵاتی سوریا جگە لە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر.
  • داخستنی خاڵی سنووری (شێخ حوسێن)ی باکوریی لەگەڵ ئیسرائیل، خاڵی سنووری (شا حوسێن – پردی ئەل نەبی) لەگەڵ کەناری رۆژئاوا (بەشی رۆژئاوا) و خاڵی سنووری (وادی عەرەبە)ی باشوریی لەگەڵ ئیسرائیل بۆ هەموو سەردانیکەران جگە لە وەفدە فەرمییەکان و بارهەڵگەرەکان.
  • لە ١٦ ئازاری ٢٠٢٠ەوە قەدەغەکردنی سەردانیکەران لە وڵاتانی فەڕەنسا، ئیسپانیا و ئەڵمانیا بۆ ناو ئەردەن و بە پێچەوانەشەوە.  
  • داخستنی سنوورە ئاوییەکان لەگەڵ وڵاتی میسڕ و هەروەها کەم کردنەوەی فرۆکە هاتووەکان لە وڵاتی میسڕەوە بەڕێژەی لە %٥٠ و ڕێگەدان بە گەشتکردن بۆ میسڕ تەنها بۆ باری لەناکاو و بەپەلە. لەگەڵ بەردەوام بوونی کردە بازرگانییەکان بەشێوەیەکی ئاسایی.
  • هەڵپەساردنی هەموو هاتووچۆیەك لە خاڵی سنووری (ئەل کەرامە) لەگەڵ وڵاتی عێراق، جگە لە وەفدە فەرمییەکان لەگەڵ بەردەوام بوونی کردە بازرگانییەکان وك پێشوو. ڕێگەپێدان بە هاتووچۆی سەردانیکەران بۆ ناوەوە و دەرەوەی عێراق تەنها لە فرۆکەخانەکانی بەغداد و هەولێرەوە.

لێکەوتە ئابوورییەکان[دەستکاری]

هەرچەندە لەلای هەندێك لە شارەزایان ڕێکارەکانی ئەردەن بەرامبەر بە پەتا جیهانییەکە بە یەکێك لە باشترینەکانی جیهانی عەرەبی دادەنرا و هەندێك جار بەراورد دەکرا بەو وڵاتە ئاسیاییانەی (وك کۆریای باشور، چین، سەنگاپور و ڤێتنام) توانایان هەبووە سەرکەوتوو بن لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییەکەدا بەڵام نیگەرانییەکی گەورە هەیە دەربارەی ئەو کاریگەرییە ئابوورییانەی دەکەوێتە سەر وڵاتەکە لە کاتێك دا ئابووری ئەردەن کەوتۆتە ژێر بارێكی سەخت بەهۆی پاشەکشەکردنی بەرچاوی کەرتی گەشتیارییەکەی. چاوەڕوان دەکرێت کە دوای چەند مانگێك بەشێوەیەکی بەرچاو کار لە ڕێژەکانی بێکاری و هەژاری بکات کە ڕێژەکان خۆیان لەم چەند ساڵەی کۆتایی دا بەرز بوون بەهۆی ناجێگیری هەرێمیی ناوچەکەوە.

هەروەها گوومان هەیە لە ئەگەری ئەوەی حکومەتی ئەردەنی بڵاوبوونەوەی پەتاکە بەکاربهێنت بۆ بێدەنگ کردن و نەهێشتنی کۆمەڵێك لە بەرهەڵستکاران و ڕەخنەگرانی حکومەت. دەسەڵاتی ئەردەنی هەستا بە دەستبەسەرکردنی خاوەنی وێستگەی تەلەڤیزیۆنی (Roya TV) فارس سایغ و بەرێوبەری هەواڵەکانی هەمان وێستگە (محەمەد ئەل خالیدی) بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵێك لەسەر پیاوێك کە لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆدا لە ناوەڕاستی مانگی نیسان دا هەڕەشەی دزین و فرۆشتنی ماددەی بێهۆشکەری کردووە بۆ بەخێوکردنی خێزانەکەی.[٥][٦]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "Schools suspended, borders closed, gatherings banned as gov't responds to continued coronavirus spread". The Jordan Times. 14 March 2020. Retrieved 4 May 2020.
  2. ^ "Jordan eases lockdown after total curfew leads to chaos". CNN. 26 March 2020. Retrieved 4 May 2020.
  3. ^ "How Jordan is flattening its COVID-19 curve". Al Jazeera. 22 April 2020. Retrieved 3 May 2020.
  4. ^ "How Jordan is flattening its COVID-19 curve". www.aljazeera.com.
  5. ^ Elsevier. "Novel Coronavirus Information Center". Elsevier Connect. Archived from the original on 30 January 2020. Retrieved 15 March 2020.
  6. ^ Reynolds, Matt (4 March 2020). "What is coronavirus and how close is it to becoming a pandemic?". Wired UK. ISSN 1357-0978. Archived from the original on 5 March 2020. Retrieved 5 March 2020.