پلاندانانی شاری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
پلاندانانی شار، نەخشەکێشانی شوێنەکانی نیشتەجێ بوون: لە شارۆکەوە بۆ گەورە شاران// هۆنگ کۆنگ

پلاندانانی شاری (English: Urban Planning)، پڕۆسەیەکی تەکنیکی و سیاسی پەیوەندیدار بە بەکارھێنانی زەوی، پاراستن و بەکارهێنانی ژینگە، خزمەتگوزاری گشتی، گەڵاڵەکردنی ژینگەی شار، بریتیی لە ئاو، ژێرخانی هاتوچوو بۆ ناوەوە و دەرەوەی ناوچە شارییەکان وەک تۆڕی گواستنەوە، پەیوەندییەکان و بڵاوکردنەوەیە. پلاندانانی شار هەروەها بۆ پلاندانانی شار و ناوچە، ناوچە، شارۆک و گوندیش دەگەڕێتەوە و لە جیهاندا بە شێوەیکی تێکەڵاو لەم بابەتانە دەناسرێتەوە. لە ڕاستێدا پلاندانانی شار بیچم و فۆرمی جۆراوجۆری هەیە و ڕوانگە و بەکارهێنانی هاوبەشی لە لەگەڵ گەڵاڵەکردنی شار هەیە. ئامانجی پلاندانانی شار ڕێکخستن و کۆنترۆلی گەشە کردن و گۆڕانی شارەکانە. بەتایبەت، پلاندانان لەسەر گۆڕانکاری سیستەمی گواستنەوەی ناوشار بۆ دڵنیایی لە دەستپێڕاگەیشتنی لەبار و باشترین بۆ گشت بەشەکانی ناوخۆی شار، جەخت دەکاتەوە. هەروەها دەتوانێ خۆی بۆ باشتر کردنی پێکهاتەی گەڕەکە شارییەکان و نۆژەنکردنەوەی بەشە ژاکاو و پرتوکاوەکانی شار تەرخان بکات. یەکێک لە گەورەترین کێشە و پەرۆشەکانی پلاندانەران، لەناوچەی داشاریەکانی(گەورەشار، داشار(دا؛ دایک Metro: Metropolitan) بە پەرەی خێراوە، پێشگرتن و بەربەست کردنی بەربڵاوی ئاستی شارە. هەندێک لە ناوچە داشارییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەک ئەتلانتا، هۆوستۆن، مینیاپۆلیس، سانت پاول و لۆس ئانجلێس بەرەو دەرەوە پەرەیان ستاندووە و لادان و لەناوچوونی بەربڵاوی زەوی و زاری گوندەکانی لێکەوتووەتەوە. ئەگەر ناتوانرێ بڵاوبوونەوەی ئاستی شار ڕابگیرترێ، دەبێ پلاندانان ڕێگاچارەیەک بۆ باشترین شێوەی بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی پەرەیان ستاندووە دەستنیشان بکات.

مێژوو[دەستکاری]

بەڵگەگەلێک لە پلاندانانی شار و گەڵاڵەکردنی کۆمەڵانێک لە ژیاری مێزۆپۆتامیا، دۆڵی ئیدوس، مینۆان و میسر کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سێ هەزار ساڵی پێش زایین لە بەردەستدا هەیە. شوێنەوارناسان توێژینەوەیان لەسەر وێرانەکانی ئەم شارانە ئەنجام داوە و لەم ناوچانە شەقامە قیرتاوکراوەکانیان دۆزیوەتەوە کە بە گۆشەی ڕاست و بە شێوازێکی تۆری(Grid Pattern) دانراون. بیری ناوچەیەکی شاری پلان بۆ داڕێژراو لە ژیارە(شارستانیەت) جیاوەزەکاندا پێگەیشتووە و بەکاریان هێناوە. سەرەتا سەدەی ٨ی پێش زایین، دەوڵەت شارە یۆنانییەکان بۆ یەکەم جار بە پێی پلانی گۆشە ستونی(Orthogonal) یان وەک تۆڕ، دانران. لە ڕۆمی کەوناراش بە فێربوون لە یۆنانییەکانەوە، شێوەی پلانی گۆشەی ستونی بەکار هێنرا. پلاندانانی شار لە جیهانی ڕۆمی بۆ بەرگری عەسکەری و گونجان و ئاسایشی گشتی گەشەی کرد. هەروەها دوابەدوای پەرەستاندنی ئیمپراتۆریای ڕۆم، بیرۆکەکانی پلاندانانی شاریش پەرەیان ستاند و بە پووکانەوە و نزمبوونەوەی ئیمپراتۆریای ڕۆم، ئەم بیرۆکانە بەرەبەرە لەناوچوون. هەرچۆنێک بێت، زۆربەی گەورەشارەکانی ئەوروپا، هێشتا لەسەر ناوەندە شارییە پلان داڕێژراوەکانی ڕۆمی جێگیرن و پەرەیان ستاندووە. زۆرێک لە شارانی ئەوروپا لە سەدەکانی ٩ تا١٤ زایینی، ئۆرگانیک(ئەندامی) و بڕێک جار شێواو و شڵەژاو پەرەیان ستاند. ڕێنیسانس لە ئەوروپا دەستی کرد بە گەڕانەوە بۆ سەر هەندێک لەم بیرۆکانەی پلانسازی و گەڵاڵەکردن. لە ماوەی سەردەمی ڕۆشنگەری، چەند فەرمانڕەوایەکی ئەوروپی، هەنگاوگەلێکی بەرزەفڕانەیان بۆ دیسان گەڵاڵەکردنەوەی و نەخشەدانانی شارە پایتەختەکانیان هەڵگرت. لە سەردەمی کۆماری دووهەمی فەڕانساش، بارۆن ئوژێن هاوسمان(Baron Georges-Eugène Haussmann)، لەسەر ئەمر و سەرپەرشتی ناپلیۆنی سێیەم. نەخشەسازی و گەڵاڵەکردنی شاری پاریسی سەر لە نوێ بۆ پایتەختێکی مۆدێرنتر بە بولواری پان و پۆڕتر، ڕاست و درێژتر، ئەنجام دا. پلاندانانی شاری ئەوروپایی لە دنیای نوێدا بە یاسا ئیسپانییەکان بۆ هێند(ئەمەریکا و فیلیپینی ئەو دەم)، لە ماوەی سەدەی شانزەیەم بنیات نرا. پلاندانان و تەلارسازی لە سەدەی بیستەمدا لەگەڵ گۆڕانی پارادایم(Paradigm) ڕووبەڕوو بووەوە. شارە پیشەسازییەکانی سەدەی ١٩، بە شێوەیەکی بەربڵاو پەرەیان ستاند. خێرایی و ستایلی ئەم چێکراوە پیشەسازییانە تا ڕادەیەکی زۆر لەلایەن داخوازییەکانی بازرگانی کەرتی تایبەتەوە سەپێندرابوو. نالەبار بوونی رەوشی ژیانی شار بۆ کارکەرانی هەژار بەرز بووبووەوە و بە ئاشکرا وەک کێشەیەکی گشتی لێ هاتبوو. لە دەوروبەری ساڵی١٩٠٠، بیردۆزەوانان دەستیان دا بە گەشە پیدان بە مۆدێلەکانی پلاندانانی شار بە مەبەستی کەمکردنەوەی خەسارەکانی سەردەمی پیشەسازی بۆ شارمەندان بەتایبەت بۆ کرێکارانی کارگەکان و بەرهەڤ کردنی ژینگەیەکی تەندروست. لەم ماوەیەدا پلاندانانی شار دەستی کردووە بە پیشەیی بوونی خۆی. ئەنجومەنی پلاندانانی شار و شارستان ساڵی ١٨٩٩ بنیات نرا و یەکەم خولی وانەی زانکۆ لە پلاندانانی شار ساڵی ١٩٠٩ لە زانکۆی لیڤەرپوول پێشکەش کراوە. لە ساڵانی ١٩٢٠، بیرۆکەی مۆدێرنیزم و یەکسان کردن لە ئاستی پلاندانانی شار دەستی پێکرد و تا ساڵانی ١٩٧٠ی خایاند. زۆرێک لە پلاندانەران لەسەر ئەم باوەڕەن کە بیرۆکەکانی مۆدێرنیزم لە پلاندانانی شار بووە بە هۆی بەرزبوونەوەی ڕادەی تاوان و کوشت و کێشە کۆمەڵایەتییەکان. پلاندانەرانی شار هەنووکە پتر لەسەر تاکخوازی(Individualism) و جیاوازی(Diversity) لە ناوەندی شارەکان دەکۆڵنەوە.

بیردۆزەکان[دەستکاری]

بیردۆزی پلاندانان، پیکهاتەیەک لە چەمکە زانستییەکان، پێناسە، پەیوەندییە ڕەفتاریی و گریمانەکانە کە پێکهاتەی زانستی(زانیاری- Knowledge) پلاندانانی شار پێناسە دەکات. هەشت بیردۆزی ڕەوشی پلاندانان هەن، کە ئەمڕۆکە وەک بیردۆزی سەرەکی ڕەوشی پلاندانان ماونەتەوە: ڕوانگەی مەنتیقی-گشتگیر(the rational-comprehensive approach )، ڕوانگەی بەرزبوونەوە(the incremental approach )، ڕوانگەی گواستنەوەیی(the transactive approach )، ڕوانگەی پەیوەندیی(the communicative approach )، ڕوانگەی داکۆکی(the advocacy approach)، ڕوانگەی ڕەوا بوون(the equity approach )، ڕوانگەی ڕادیکال( the radical approach) و ڕوانگەی هومانیست یان فێنۆمێنۆلۆجیکال(and the humanist or phenomenological approach).

لایەنە تەکنیکییەکانی پلاندانانی شار[دەستکاری]

لایەنە تەکنیکییەکانی پلاندانانی شار بەکارهێنانی زانستیی، پڕۆسە تەکنیکییەکان، سەرنج و ئەو تایبەتمەندییانەن وا لە نەخشەدانان بۆ بەکارهێنانی زەوی، دیزاینی شار، سەرچاوە سروشتییەکان، گواستنەوە و ژێرخانەکان بەشدارە. پلاندانانی شار بریتییە لە تەکنیکگەلێک وەک: پێشبینی زۆربوونی(گەشەکردنی) دانیشتووان، زۆنینگ(ناوچە ناوچەکردن-Zoning)، نەخشەکێشان و شیکاری جوگرافیایی، شیکاری فەزای پارک، ڕووپیوی دابین کردن ئاو، دەستنیشان کردنی شێوازەکانی گواستنەوە، ناسینەوەی داخوازییەکان بۆ خۆراک، تەرخانکردنی خزمەتگوزایی تەندروستی و کۆمەڵایەتی، شیکاری کاریگەری بەکارهێنانی زەوی.

پلاندانەرانی شار[دەستکاری]

پلاندانەری شار کەسایەتییەکی پیشەییە کە لە بواری پلاندانانی شار بۆ مەبەستی باشترین کردنی کاریگەری بەکارهێنانی زەوی و ژێرخانەکان لە لایەن کۆمەڵەوە، کار دەکات. ئەوان پلان بۆ گەشە و بەڕێوەبردنی شار و ناوچە شارییەکان دادەڕێژن و بەگشتی شیکاری گونجان و لەباربوونی بەکارهێنانی زەوی و هەروەها ڕەوشی ئابوری، ژینگە و کۆمەڵایەتی دەکەن. لە پلاندانان بۆ کۆمەڵەیەک(چ بازرگانی، نیشتەنی، کشتوکاڵی، سروشتی یا بۆ ڕابواردن و سەیران)، پلاندانەرانی شار دەبێت ئاراستەیەکی بەربڵاو لە بابەتان وەک سەقامگیری(بەردەوامی- Sustainable)، پیسی هەوا، چڕی ترافیک و هاتوچۆ، تاوان و کوشتوبڕ، نرخی زەوی، یاسا و کۆدی زۆنینگ ڕەچاو بکەن. گرنگی هەبوونی پلانسازی شار لە سەدەی ٢١ لە هەڵکشان و بەرزبوونەوە دایە؛ چونکە کۆمەڵگەی مۆدێرن بەردەوام ڕووبەڕووی بابەت و کێشەگەلێک وەک بەرزبوونەوەی گەشەی دانیشتووان، گۆڕانکاری ئاووهەوا(کلیما) و گەشەی ناسەقامگیر دەبێتەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

Pitzl, Gerald R. (2004), Encyclopedia of Human Geography, Greenwood Press; USA.

https://en.wikipedia.org/wiki/Urban_planning