پارادایم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پارادایم (لە یۆنانی: پارادیگما παράδειγμα paradeigma)، بریتییە لە سەرمەشق، نموونەی زاڵ و چوارچێوەی هزری و فەرهەنگی کە کۆمەڵێک نموونە و بیرۆکە بۆ تاقم یان کۆمەڵگایەک دادەڕێژێت. هەر گرووپ و کۆمەڵگایەک، "ڕاستییەکانی" خۆی لە نێو چوارچێوەیەکی پارادایمی کە پێی ڕاهاتووە، لێک دەداتەوە.

پارادایمە کۆنەکان لە ڕێگای فێرکردنی تاک و کۆمەڵگاوە، دەبنە چوارچێوەگەلێکی "ڕوون و بێ قسە و باس".

وشەی پارادایم سەرەتا لە سەدەی پازدەهەم، بە واتای "نموونە و سەرمەشق" بەکار هاتووە. بەڵام لە ساڵی ١٩٦٠ دا وشەی پارادایم تەرخان کرا بۆ "نموونەی بیرکردنەوە لە هەر بوارێکی زانستی یان دەقێکی "مەعریفە ناسی".

ئەم زاراوەیە بۆ یەکەم جار لە ساڵی١٩٦٢، زانای ئەمریکی تۆماس سامۆیل کۆهن(١٩٩٦-١٩٢٢ز) لە کتێبی "بونیادی شۆڕشە زانستییەکان" بەکاری هێناوە. بە پێی کۆهن پارادیگم بریتییە لە بەرپاکردنی شۆڕشێکی زانستیی کە سەرلەبەری تێڕوانینی مرۆڤ بۆ دنیا و ماتریاڵ دەگۆڕێت و لەوێشەوە سەرلەبەری ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت، تۆماس کۆهن وای دەبینێت کاتێک زانایان ڕووبەڕووی چەند گرفتێکی زانستیی دەبنەوە کە بە پێی شێوەی باوی زانست چارەسەر ناکرێن، ئەوسا شۆڕشی زانستیی ڕوو دەدات، ئەوسا دەبێ ئەو شێوە کۆنانە جێبهێڵرێن لە پێناو چارەسەر کردنی ئەو گرفتانە و پێکهێنانی تیۆرییەکی نوێ. کە واتە پارادیگم بەم مانایە بریتیی نییە لە تیۆریی باو، بەڵکو بریتییە لە ڕوانین بۆ دنیا.

هەروەها بە مانای "دیدی میتۆدی"، یان "نموونەگەرایی"یش دێت کە بەم مانایە پارادیگم بریتییە لە تیۆریەکی گشتگیر، یان کۆمەڵێک باوەڕی پێکەوەبەستراو کە لقە زانستە جیاوازەکانی دیش دەگرێتەوە، پاشان قۆناغی گۆڕانکاریی خرا دێت بە هۆی سەرهەڵدانی دیدێکی میتۆدیی نوێوە کە کۆمەڵێک باوەڕ و دۆزینەوەی زانستیی نوێ لەخۆی دەگرێت و باوەڕە کۆنەکان ڕەت دەکاتەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • مارگارێت مێستەرمەن "The Nature of a Paradigm" ژ.س:۰-۵۲۱-۰۹۶۲۳-۵ زانستگای کەمبریج ۱۹۷۰
  • The Three Means of Persuasion بەڵگەی ئەرەستوو
  • ئەلێکساندر پاینە Innovation und Paradigma بیله‌فیڵد ۲۰۰۶. ژ.س: ۳-۸۹۹۴۲-۴۵۸-۱
  • ئەحمەد ئەسوەد، نەوزاد؛(٢٠١٥)، فەرهەنگی زاراوەکانی ئەدەب و زانستە مرۆڤایەتییەکان، ناوەندی غەزەڵنووس.

پێوەندی بۆ دەرەوە[دەستکاری]