ویکیپیدیا:وتاری ھەڵبژێردراوی ھەفتە/ھەفتانە/٣

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

وزەی خۆری (بە ئینگلیزی: Solar Energy) وزەیەکە کە لە ڕووناکی و گەرمیی خۆرەوە وەردەگیرێت. ئەم وزەیە بە بەکارھێنانی کۆمەڵێک تەکنۆلۆژیای نوێ بەرھەم دێت کە ھەموو ڕۆژێک خەریکی گەشەکردن و پێشکەوتنن. بڕێک لەم تەکنۆلۆژیایانە بریتین لە بەکارھێنانی کۆکەرەوەی گەرمیی خۆری، تەکنۆلۆژیای (فۆتۆڤۆڵتایی یان تەختەخانەی ھەڵمژی خۆری)، وزەی گەرمی خۆر، تەلارسازیی خۆری، کێڵگەکانی وزەی خۆری و تەکنیکییەکانی توانەوەی خوێیە جۆربەجۆرەکان و فۆتۆسینتەسیزی دەستکرد.

سەرچاوەی سەرەکیی وزە نوێ و خاوێنەکەی جیھان تەکنەلۆژیا ئاڵۆز و پێشکەوتووەکانی بواری خۆرن، کە بەشێوەیەکی بەرچاو کاریان لەسەر دەکرێت و بەرەو پێش دەچن. ئەم تەکنەلۆژیایانە پشت بە چۆنییەتی ھەڵمژینی وزەی خۆر و چۆنییەتی کۆگاکردن و دواتر گۆڕینی بۆ وزەی گەرمی دەبەستن. تەکنیکییە چالاکەکانی بواری خۆر بریتیین لە بەکارھێنانی سیستەمی فۆڤۆڵتایک، وزەی خۆری چڕکراو، ئاوگەرمکەری خۆری و ھەموو ئەو ئامرازانەی کە بۆ ئیشپێکردنیان پەنا بۆ بەکارھێنانی وزە و تەکنیکی (Passive solar) دەبەن، وەک نموونە دیاریکردنی و ئاڕاستەکردنی ڕووی باڵاخانەیەک بە ڕووی خۆر یان دیاریکردنی ئەو ماددانەی کە بارستەی گەرمییان باشە یان تایبەتمەندیی بڵاوکردنەوەی ڕووناکییان ھەیە، ھەروەھا چۆنییەتی سوودبینینی ئەو گەرمییەی کە لە بۆشاییی ھەوادا ھەیە.

وزەی خۆری بەو گەورەییەی کە لە بەردەستدایە، بووەتە جێگای سەرنج کە بۆچی تەنھا لە بواری وزەی کارەبا سوودی لێ بینراوە. بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ھەڵسەنگاندنی وزەی جیھانی ساڵی ٢٠٠٠دا، ئەوەی بۆ دەرکەوت کە توانای ساڵانەی وزەی خۆر ١٫٥٧٥–٤٩٫٨٣٧ ئیجەبوول (EJ) بووە. ئەمە چەند جارێک لە کۆی بەکاربردنی ھەموو جۆرە وزە جۆربەجۆرەکانی تری جیھان گەورەترە، کە لە ساڵی ٢٠١٢دا ٨٫٥٥٩ ئی جەی بووە.
خوێندنەوەی زیاتر...