ولیەم یوحەننا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

ولیەم یوحەننا (١٩٣٤ ز - ٢٠٠٥ ز) مۆسیقار و ھونەرمەندی بەناوبانگ لە ناو کورد دایە.

ژیان[دەستکاری]

ولیەم یوحەننا لە ساڵی ١٩٣٤ لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی ھاتۆتە ژیانەوە، ساڵی ١٩٥٤ پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی بەغدای بەسەرکەوتوویی تەواوکردووە، لە ساڵەکانی پەنجاکانەوە بۆتە مامۆستا و زۆر ھونەرمەندی گەورەو ناسراوی ھونەری کوردیی، بەسەرپەرشتی ئەو فێری مۆسیقا بوون. ‌دیارترینیان مامۆستایان ئەنوەر قەرەداغی، خالید سەرکار، محەمەد ئەمین حوسێن و فڕەنسیس داودن.

ھەر لەپەنجاکاندا، لەگەڵ ھونەرمەندان قادر دیلان، نەجاتی عەبدە، حاتەم سەعید و چەندینی دیکە تیپی مۆسیقای مەولەوییان دامەزراندووە ‌و بوونەتە دیارترین گروپی ئەو کاتەی مۆسیقای کوردی، ساڵی ١٩٥٦ یەکێک بووە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەی ھونەرە جوانەکانی کورد لە شاری سلێمانی.

لەکۆتایی شەستەکانیشدا، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی تیپی مۆسیقای سلێمانی و بەدرێژایی تەمەنی پڕ لە بە‌خشیشی ئەو تیپە، مامۆستا و ئاوازدانەر بووە و گەلێ لەگوڵە ئاوازەکانی وان بەبەرۆکی گۆرانیبێژە ھونەرمەندەکانی کوردەوە.

دەیان ساڵ ڕاھێنەری ھونەریی بووە لە مەڵبەندی چالاکیی قوتابخانەکانی سلێمانی و ھەزاران ساتی بەرخی تەمە‌نی بەفێرکردنی قوتابیان بەسەربردووە، ھەروەھا ئاوازی بۆ دەیان کاری شانۆیی داناوە.

ماوەی چەند ساڵێک بوو دەست و پەنجەی ئەو پیاوە بەھرەدارە بەھۆی نەخۆشییەوە لەژەنینی موزیک کەوتبوون، تەنانەت چاوە پڕ لەمیھرەکانی بەقورسی بۆ دەبردرانە دۆست و قوتابی و خۆشەویستانی، لەم دوو سێ ساڵەدا بەڕۆح بەرزەفڕ و جەستە ماندووە، شادو سەرفراز کرا، ئەویش بەڕێزلێنان لەم کەڵە ھونەرمەندە بەدروستکردنی پەیکەرێک لەلایەن ھونەرمەند "بەیان مانی"یەوە بۆی دروستکرا، ئەوەی بەردەم گەلەریی مۆزەخانەی سلێمانی ڕازاندۆتەوە.

سەرلەبەیانی‌ ڕۆژی ٢٠٠٥.٠٩.١٤ لەشاری‌ سلێمانی‌ مامۆستا ولیەم یوحەننا پاش تەمەنێکی‌ پڕ لە بەرەکەت و خزمەت بۆ مۆسیقا و ھونەری‌ کوردی‌ پاش ململانێیەکی‌ سەخت لەگەڵ نەخۆشیدا ماڵئاوایی‌ لە ژیان کرد.

ئەمانەش ببینە[دەستکاری]


سەرچاوە[دەستکاری]

  • ماڵپەڕی خۆزگە [١]