وتووێژ:سووپەرھیرۆ

ناوەڕۆکی پەڕە بە زمانەکانی تر پشتگیریی لێ ناکرێت.
لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

ئەگەر ھیچ ناوێکی شیاوتر ھەیە لە کوردی بەرامبەر بە سوپەرھیرۆ، پێشنیاری بکەن. من ھەر لەگەڵ پاڵەوانم.  ◂ ئێپین وتووێژ ‏٢٠:٠٠، ٥ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]

جارێ دەبێت ئەوە یەکلایی بکرێتەوە کە چی بەرانبەری (Hero)یە؟ قارەمان یان پاڵەوان؟! دواتر ئەمەش چارەسەر دەکرێت. سەرچیا‏١٤:٢٦، ١١ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]
لای ئێوە دەبیسم پاڵەوان بۆ ھەر دووکیان دەڵێن لای ئێمە وا نییە. وا بزانم کێشەکە ھەر ھی عەرەبییە بە ھەر دووکیان دەڵێن بطل. پاڵەوان دەبێتە champion وەک دەڵێن خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا (UEFA Champions League) و قارەمانیش hero.
Superhero و hero دوو وتاری سەربەخۆن و ناکرێ یەک وشەیان بۆ دابنرێ و یەک شتیش نین. super- لە ئینگلیزیدا پێشگرە. عەرەبی پێشگری نییە بۆیە ئەمەی کردووەتە دوو وشە (بطل خارق). لە فارسیدا کە وەک کوردی و ئینگلیزی پێشگر ھەیە پێشگری ابر-یان بۆ داناوە. ئێمەش دەبێ بۆ ئەمە بەرامبەرێکی کوردی دابنێین چون ھەر ئەو تاقە وشەیە نییە و گەلێک وشەی ئینگلیزی بەم پێشگرە دەست پێ دەکەن.--چالاک وتووێژ ‏١٥:٥٥، ١١ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]
لە کوردیدا ئەبەر (Über, super) ڕەنگە بوونی نەبێ. ئەگەر بمانھەوێت بەرامبەرێکی تازەی بۆ دابنێین ئەوە شتێکی ترە. بەڵام لە خودی کوردیدا پێشگری لەو چەشنە ھەیە کە بۆ گەورەیی یا شازی بەکار دێت. بۆ نموونە شا- وەکوو شاکلیل، شاکار یا کەڵ- وەکوو کەڵەپیاو، کەڵەشاعیر، یا شێر- وەکوو شێرەژن، یا گا- وەکوو گابەرد و گاکۆتر (زیاتر بۆ گەورەییە). ڕەنگە بتوانین لێرە کەڵکیان لێ وەربگرین، بەڵام نەک وەکوو بەرامبەرێکی ئەبەدی و ئەزەلیی سووپەر. پیرەھەڵۆ (وتووێژ) ‏١٦:٠٤، ١٢ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]
گەڕانێکم کرد، بەس وەک پیرەھەڵۆش باسی کرد، پێناچێ بەرانبەرێکی ڕێک و تەواومان ھەبێت. ئەو پێشگرانەی باسیشی کردوون، بە گونجاویان دەزانم. دەتوانین بڵێین؛ شاقارەمان یان کەڵەقارەمان. سەرچیا‏١٦:٥١، ١٢ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]
مەسەڵە ئەمەیە ئێمە دەبێ کێشەکە یەکلایی بکەینەوە. بەڵێ منیش دەزانم دەتوانین شاقارەمان یا کەڵەقارەمان لە جیات دابنێین. بەڵام خۆشتان دەزانن دەتوانم ھەر ئێستا دەیان وشە بێنمەوە super-ی تێدایە و فڕی بە شا- و کەڵ- و گا-وە نییە. ئەم نیوەپێشگرانەی کوردی بۆ گەورەکردنەوەن بەڵام superی ئینگلیزی یانی beyond یان above. کە دەڵێن superhero یانی لەسەرەوەی hero؛ یانی لە hero سەرترە. پیرەھەڵۆش ئاماژەی بەمە کرد.
super پاشگرێکی لاتینییە و بەرامبەرەکەی لە ئینگلیزیدا overە. over و super لەگەڵ وشەی ئەبەر-ی زمانی پاڵەوی ھاومانا و ھاوڕیشەن. ئەبەر- لە کوردی و فارسیدا بووەتە بەر-. لە فارسیدا زیندوویان کردووەتەوە و بە کاری دەھێنن بەڵام ئێمە داماوین.--چالاک وتووێژ ‏٢٠:٠٠، ١٢ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]
@Calak: بەر؟ واتە بەرپاڵەوان؟--◂ ئێپین وتووێژ ‏٢١:٣٥، ١٢ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]
من وتم ڕیشەی بەر و شێوازە کۆنەکەی ئەبەر لەگەڵ over و super یەکێکە. بەڵام ئەمڕۆکە لە کوردیدا بەر ئەم مانایەی نییە. super لە *eks-uper دروست بووە. eks یانی from (لە) و uperیش وتمان ھاوڕیشەیە لەگەڵ بەر. تێکڕا دەبێتە لەبەر. بە کرمانجی بە لە دەڵێن ژ یانی لەبەر دەبێتە ژبەر. ژبەر وردەوردە سواوە بووەتە ژۆر یان ژوور. ھەر وەکوو دەزانین ژوور بە مانای سەرەوەش دێ وەک دەڵین ژووروو یانی سەروو یان سەرەوە. ئێستا زانیمان super و ژوور ھەر دووکیان یەک شتن بە مانای above (لەسەر).
ببوورە شتێکە تۆزێک قووڵ بۆوە بەڵام دەبا جوابی ئێوەم داباوە. بەکورتی مەبەستم ئەوەیە بەرامبەری پێشگری superی لاتینی لە کوردیدا لەبەر، ژبەر یان ژوورە (ھەر واشە و بە superior دەڵێن ژوورین و inferiorیش ژێرین). وەک چۆن فارس ئەبەر-ی بۆ داناوە ئێمەش دەتوانین بەرامبەرێکی بۆ دابنێین و لە ھەر کوێ super ھات لە جیاتی دابنێین.--چالاک وتووێژ ‏٢٢:٢١، ١٢ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]
ڕاتان چییە لەسەر پێشگری «سەر»، لە کوردی لە زۆر وشە ھەیە و واتای بەرزی دەدات. وەک: سەرکار و سەرخێڵ. سەرچیا‏٠٧:٤٩، ١٣ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]
دەبێ پاشگرێک دابنرێ زۆر باو نەبێ چون باوبوونەکەی کێشە ساز دەکا. بۆ نموونە بە supercold بڵێی سەرسارد ناشیرین دەبێ.--چالاک وتووێژ ‏٠٨:٤٤، ١٣ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]
@Calak: پێموابێ پێشگرێکی چاکترم دۆزییەوە، کە دەکرێ لەگەڵ ھەموو شێوەکان بەکاربێت. پێشگری (بەرزە). وەک: بەرزەقارەمان، بەرزەکۆمپیوتەر، .... سەرچیا‏٢١:٢١، ٢٣ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]

┐─────────────────────────────└
من بۆ خۆم پاڵەوان بە باشتر دەزانم لە قارەمان. بەرزەپاڵەوان. ◂ ئێپین وتووێژ ‏٢١:٣٦، ٢٧ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]

  • بەڕای من قارەمان گونجاو نییە و پاڵەوان زیاتر گونجاوە، هەر وەک لە سەرەوە باسی ئەوە کرا کە لە زمانی عەرەبیدا تەنها (بطل) هەیە بۆیە ئەوە بەکار دێت بەڵام ئەوەش لەیاد مەکەن لە زۆربەی زمانەکاندا هەر چەنێک هاو واتایەکیان هەیە بۆ Hero یان Super بەڵام هەر "هیرۆ" بەکار دێنن (بۆ نموونە ژاپۆنی). هەر لەبەر ئەوە بۆ ئێمەش گونجاوە کە پاڵەوان بەکار بێنین ...
  • وە هەروەها پێم باشە کە هەر وشەی سوپەر بەکار بێت، وەک دەبینن کە ئێمە وشەی سوپەرمان وەک خۆی بەکاری دێنین، ئەمەش هێمایەکە بۆ ئەوەی کە هەر گونجاوە کە وشەی سوپەر بەکار بێت ...
سوپەرمان ھەر بە تەواوی وشە ئینگلیزییەکەیە (Superman) خۆ ئێمە ناڵێین سوپەرپیاو یان شتێکی وا. ئەم وشەیە ھیچ وەرنەگێڕدراوە و وشەیەکی کوردی نییە. ◂ ئێپین وتووێژ ‏٢٣:٠٤، ٢٧ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]
قارەمان champion -ە، پاڵەوان hero -ە. super -یش "بەرزە-" یە. وەک "بەرزەمرۆڤ" -ی نیچە.--Aza (لێدوان) ‏٢٣:٢٥، ٢٧ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]

@Épine: و @Aza: کەواتە ئێوە پێشنیاری بەرزە پاڵەوان دەکەن ؟؟؟ --صلصة صويا (لێدوان) ‏٠٠:٣٣، ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]

بۆ super بەرزە- باشە بە ڕای من. بۆ قارەمان و پاڵەوان بزانین ڕای بەکارھێنەرانی تر چییە. --Aza (لێدوان) ‏٠٤:٣٦، ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]
عەلی نانەوازادە، فەرھەنگنووس و زمانزانی توانا، لە وەھای گوت زەردەشتدا Übermensch -ی بە "بەرزەمرۆڤ" وەرگەڕاندۆتەوە. ھەرچەن Übermensch ڕێک ھەمان Supermanی ئینگلیزی نییە، بەڵام نزیکە. --Aza (لێدوان) ‏٠٤:٤٥، ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]
@صلصة صويا: من بەڵێ، وا دیارە کاک ئازاش ھاوڕایە. بەڵام ھەردووکی دەبێ بەسەر یەکەوە بنووسرێ چوون وشەیەکی تەواوە. ◂ ئێپین وتووێژ ‏١٠:٤١، ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]
بۆ ئەم پاشگرە من لەگەڵ وشەی بەرز- نیم. کێشەکەشی ھەر ئەوەیە لە پاشگری شا- و کەڵ- دا باسم کرد. وتم شا- و کەڵ- بۆ گەورەکردنەوەن. بەرزیش یانی high. بەڵام super- یانی above, over. رەنگە لە ھەندێک وشەدا ئەم پاشگرانە وەڵامدەرەوە بن بەڵام چون رێک بە مانای super نین راحت دەتوانی چەند وشە بدۆزییەوە ئەم پێشگرانە کێشە ساز دەکەن.
دەبێ ئێمە لە مانای سەرەکیی ئەم پێشگرە لانەدەین. وەکوو فارسی کە بەرامبەرێکی جوانیان بۆ داناوە و لە ھەموو شوێنێکدا بە کاری دەھێنن. کە دەزانی بەرز یانی high بەڵام super یانی above, over ئەمە یانی خشتی یەکەمی خانووەکەت لار داناوە. دەبێ بەرز بۆ پێشگرێک دابنێی کە بە مانای high بێ. پێشگری واشمان ھەیە لە ئینگلیزیدا. بۆ نموونە پێشگری acr(o)-. وەک دەڵێن acrophobia یانی ترس لە بەزرایی. یان پێشگری hypso- وەک دەڵێن hypsography یانی زانستی پێوانی بەرزایی.
پاشان کاک ئازا لای خۆمان hero قارەمانە. لە فارسی و کرمانجیشدا ھەر ئاوایە و دەڵێن قەھرەمان. لە تورکیشدا ھەر بە hero دەڵێن کاھرامان. بۆ چی جێگای ئەم دوانەت گۆریوەتەوە و دەڵێی قارەمان championە؟!
بەڕێز صلصة صويا کە دەفەرمووی چون لە عەرەبیدا بە ھەر دووکیان دەڵێن بطل دەبێ لە کوردیشدا وا بێ ئەمە یانی داسەپاندی زمانی عەرەبی بەسەر کوردیدا. ئەگەر ئاوایە دەکرێ یەکێک بڵێ چون لە ئینگلیزیدا دوو وشەیە دەبێ لە کوردیشدا وا بێ. نەک لە ئینگلیزیدا لە فارسی و تورکیشدا ئەمانە جیاوازن. لە سۆرانی ئێمەشدا قارەمان و پاڵەوان جیاوازن. دڵنیام قارەمان لە سۆرانی ئێوەشدا بەکاردێ بەڵام لەبەر کاریگەری عەرەبی خەریکە دەفەوتێ. لە کرمانجیشدا قارەمان-مان ھەیە. بۆ چی دەبێ لەبەر عەرەبی بیفەوتێنین؟!
لێرەشدا بە ئەرکی خۆمان نازانم بەرامبەرێکی رێک بۆ super دابنێین. بۆ ئێرە پاشگری شا- دابنێن خراپ نییە. لەسەر قارەمان و پاڵەوانەکە بەدروستی ساغ بینەوە شاقارەمان یا شاپاڵەوان تەواوە.--چالاک وتووێژ ‏١٢:١٥، ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]
دەستخۆش بۆ ڕوونکردنەوەکەت کاک چالاک. ھەڵبەت تۆ لە زمانەوانیدا باشتری چوونکە پیشەی خۆشتە؛ من لەگەڵ شاپاڵەوانم. ◂ ئێپین وتووێژ ‏١٢:٢٧، ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]
بۆ قارەمان و پاڵەوان ھاوڕای کاک چالاکم، دەبێت جیابکرێنەوە. بۆ بەرانبەری (super)یش. ڕەنگە بۆ ھەندێ ئامراز و وشە نەتوانین بەرانبەرێکی تەواو بدۆزینەوە، لە کاتی وا دەبێت بۆ شتێکی نزیک بگەڕێین، بەڕای من ئەو جیاوازییەی چالاک باسی دەکات شتێکی وا نییە، پێشگری (بەرزە-) ئەوەی باشە کە لەگەڵ وشەکانی تر دەگونجێت. دواتر ئەوە قسەی خۆت بوو کاک چالاک کە گوتت دەبێت بەرانبەرێک دابنێین تەنیا بۆ ئەم وشەیە نەبێت، ئێستاش پێشنیازی پێشگرێک دەکەن کە ڕەنگە بەس بۆ ئەمە گونجاو بێت، گەر ئەمەش پەسەند ناکرێ، با وشەکە وەک خۆی (سووپەرھیرۆ) دابندرێتەوە . سەرچیا‏١٤:٤١، ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]

منیش هاوڕام لەگەڵ @Serchia: پێم باشە وشە ئینگلیزێکە دابنرێتەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە تا ئێستا هیچ هاوتایەکمان نییە پڕ بە مانای وشەکە بێت.--صلصة صويا (لێدوان) ‏١٥:٠٩، ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]

بەڵێ کاک سەرچیا پێشنیارەکەم لە بیر نەچووەتەوە. بەڵام دانانی پاشگرێکی ئاوا بە ئەرکی خۆمان نازانم دەنا فکرم لێ کردووەتەوە. ڕەنگە لێرەدا لە وشەی superheroدا زۆر گرنگ نەبێ بەڕامبەر بەم پێشگرە یان ئەم وشەیە چ دابنرێ بەڵام لە زانستدا وا نییە. زمانی زانست دەبێ دەقیق بێ. بێگومان لە زانستدا ئەمە زۆر گرنگە. لەوێدا ھەموو شتێک بەوردی شی دەکرێتەوە. دەبینی چەند وشە کە پێمان وایە ھاومانان پێناسەی جیاوازیان ھەیە. پێشگری superیش لە زانست دا frequency زۆرە ھەر بۆیە دەبێ بەرامبەرێکی زۆر دەقیقی بۆ دابنرێ و وەڵامدەرەوەی تەواوی بوارەکانی زانست بێ. باسی کێشەی بەرزم کرد لێرەدا دووپاتی ناکەمەوە. ھەر ئەوەندە لێرەدا بەکورتی ئاماژەی پێ دەکەم بەشی زۆر پێشگرەکانی ئینگلیزی لاتینی و یۆنانین. ئەم پێشگرانە بەداخەوە مانای جۆربەجۆریان ھەیە. بۆ نموونە پێشگری pro- لە وشەیەک وەک progressدا مانای پێش دەدا و ڕەنگە یەکێک بڵێ بۆ pro- وشەی پێش- دابنێین بەڵام ھەر ئەم پێشگرە لە وشەی productدا ئەم مانایەی نییە. جا ھەر لەبەر ئەم کێشەیەیە من لە سەر سەرەوە وتم بۆ ئەمانە ناتوانین پێشگرێکی رێکی کوردی دابنێین و دەبێ بەرامبەرێک دابنێین باو نەبێ تا خەڵک قەبووڵی کا. لە فارسیشدا ھەر ئاوا بووە. بۆ super- پێشگری ئەبەر- و بۆ pro- پێشگری فرا- دانراوە. ئەم دوو پێشگرە ھیچیان سەردەمی خۆیان باو نەبوون بەڵام ئێستا خەڵک قەبووڵیان کردووە.--چالاک وتووێژ ‏٢٠:٥٤، ٢٨ی تەممووزی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]
ئەم دەقەی مامۆستا «شاسوار ھەرشەمی»م بینینی، دەکرێ بۆ ئەم بابەتە کەڵکی ھەبێت:

وشەی سوپەر خزمایەتی لەگەڵ چەندان وشەی دی ھەیە. یەکێک لەوانە وشەی کوردی (ھەور)ە، بۆ باشتر تێگەیشتن, من لە ھەمان ھەورەوە دەست پێدەکەم: ھەور: ھەروەھا ھەڤر. حەڤر. بریتیە لە ھەڵمی چڕی کۆبووەوە لە ئاسمان. ھەور ئەگەر تەنک بێت , رەنگی سپیە و گەر چڕیش بێت ئەوا رەش ھەڵدەگەڕێت. رەگی وشەکە راستەوخۆ دەچێتەوە سەر وشەی PIE ی up-er , ئوپێر بە واتای بڵندایی. بەرزی. لە سانسکریتی uper , ئوپێر ھەر بە واتای بەرزی ماوەتەوە. ھەروەک upari , ئوپاری و upa , ئوپا واتا سەرآ. ھەروەھا abhra , ئەبھرا واتا ھەور. لە گرێکی hyper , ھیپەر واتا بەرزی. لە لاتینی بۆتە super ,سوپەر، کە لە زاراوەی سوپەرمان پێی ئاشناین. وشەکە لە پەھلەوی سەرەتا بە شێوەی apar ,ئەپەر دەرکەوتووە، بە واتای سەرآ، ھەوراز. باڵاتر. ھەروەک apartar , ئەپەرتەر واتا ھەورازتر. بڵندتر. دواتر ھەر لەو (ئەپەرە)وە، وشەی abr , ئەبر دروستکراوە بۆھەور، کە ئەویش لە سەرێ و بەرزاییە. دواتر، ھەر بە پەھلەوی وشەکە بۆتە awr ,ئەور، کە ھەوری کوردی راستەوخۆ لەو وشەیەوە بۆمان ماوەتەوە. ئێمە درەنگتر ھەورەبانیشمان لێپێکھێناوە. ھەروەک وشەی ھەورازیش. تکایە سەیری وشەکانی ھەورەبان و ھەوراز بکە. لە فارسی ئەبر. لە ئەرمەنیش amper, ئەمپێر واتا ھەور. وشەی زۆر ناسراوی لاتینی aura , ئەورە بەو رۆشناییە دەگوترێت گوایا لە دەوری سەری پیاوچاکان دەبیندرێت. وشەکە لە گرێکیوەرگیراوە و واتا ھەوا، کە ھاوچاوگی ھەورە. ھەمان وشەی جێمەبەست ,لە زبانە ھاوچەرخەکانی دی، ھەر بە واتای باڵا و بەرز ماوە. لە گۆتی ubar ,ئوبەر، واتا سەرآ. لە ساکسی obar , ئۆبەر ھەمان. لە ئەلمانی کۆن ubar , ئوبەر و ubiri , ئوبیری ھەمان. لە ئەلمانی uber , ئووبێر , واتا سەرآ. لە ئەنگلۆ سویدی över , ئۆڤەر ھەمان شت. لە ئیسلاندی و نەرویژیyver , ئیڤەر ھەمان. لە دانمارکی over , ئۆڤەر ھەمان. لە زبانی رومێنیش abur , ئەبور واتا ھەڵم. بەمجۆرە وشەکە گشتگیرە و لە ھەموو زبانە دەستە خوشکەکان دەبیندرێت , بەڵام ئێمە بەوەندە وازدێنین. تێبینی ئەمە بکە کە لە سانسکریتیدا varuna , ڤارونە بریتیە لە (خوداوەندی ئاسمان) و بۆ خودای asura , ئاسورا یان ئاھورا - مەزدا بەکارھاتووە. وشەکە لە گرێکیدا , بە شێوەی ouranos , ئۆورانۆس دەرکەوتووە و واتا ئاسمان. وشەکە لەگەڵ ھەور خزمایەتی ھەیە. نالی دەڵێ:یا دوکەڵی جەستەی منە، بەو شەمعە سوتاوە... یا ھەوری سیا تاوە کە مانیع لە ھەتاوە. | سەرچیا‏١٩:٤٨، ٥ی ئابی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]

دەستت خۆش بێ. ئەم دەقە ھەم ڕاستی تێدایە و ھەم ھەڵە. ھەور ھیچ پێوەندی بە superەوە نییە. ھەورازیش پێوەندی بە ھەورەوە نییە. ئەم بۆچوونانە ڕواڵەتین.
ھەور لە Proto-Indo-Iranian *abʰrás و ئەویش لە Proto-Indo-European *n̥bʰrós وەرگیراوە. لە سانسکریتدا abhrá و لە ئەوێستاییدا aβra و لە پاڵەویدا abr بووە. ئەمڕۆکە لە فارسیدا دەڵێن ئەبر و لە کوردیدا ئەور/ھەور.
superی لاتینی و hyperی یۆنانی و overی ئینگلیزی راست دەکا ھاوڕیشەن و لە Proto-Indo-European *(s)up-ér وەرگیراون. لە سانسکریتدا upari و لە ئەوێستاییدا upairi و لە پاڵەویدا abar بووە. لە کوردی و فارسیدا ئەمڕۆکە دەڵێن بەر.
ھەوراز-ی کوردی لەگەڵ ئەفراز-ی فارسی ھاوڕیشەیە. لەگەڵ ڕازانەوەی کوردی یەک شتن و پێشگرێکیان پێ زیاد کراوە. لە Proto-Iranian *Hraz و ئەویش لە Proto-Indo-European *h₃reǵ وەرگیراوە.
--چالاک وتووێژ ‏١٩:٤٩، ٢٩ی ئابی ٢٠١٧ (UTC)[وەڵامدانەوە]