نەخۆشخانەی ھیوا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

نەخۆشخانەی ھیوا: ئەم نەخۆشخانەیەکە لە ساڵی ٢٠٠٧ لە شاری سلێمانی کراوەتەوە،[١] سەنتەرێکی تایبەتە بە چارەسەرکردنی ھەموو جۆرەکانی شێرپەنجە.[٢] ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٠ ھەزار مەتر دووجایە، نەخۆشخانەکە سەر بە کەرتی گشتییە، واتە نەخۆشخانەیەکی حکومییە و سەربە وەزارەتی تەندروستییە. دکتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی ھیوایە.[٣]

ئەم نەخۆشخانەیە بە ھاوکاری و ھاوسەنگی لەگەڵ چەند سەنتەرێکی دیکەی پشکنین ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات وەکو (سەنتەری تەلاسیمیا، سەنتەری ژیانەوە، تاقیگەی نەخۆشخانەی شۆرش). سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ نەخۆشخانەکان بێ بەرامبەرە. سەرەتا تەنھا ٤٠ تەختییەان ھەبوو بۆ نەخۆش ئێستا ١٨٠ تەخت لە خۆ دەگرێت. ڕۆژانە پێشوازی لە ٦٢٥ نەخۆش دەکات کە لە زۆربەی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیش سەردانی دەکەن بە مەبەستی پشکنین و چارەسەرکردن. ھەروەھا ڕۆژانە چارەسەری کیمیایی بۆ ٢٠٠ نەخۆش دەکرێت.

نەخۆشخانەی ھیوا لە ڕووی خزمەتگوزاری پزیشکی و ئاستی بەرزی پزیشکییەوە لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەمی بەدەست ھێناوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شێرپەنجە. ئەو نەخۆشخانەی کە ئێستا لە نەخۆشخانەکە چارەسەری پزیشکی وەردەگرن ٥٠٪ یان، ھاوڵاتیانی ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و عێراقن. ھۆکاری ھاتنی ھاوڵاتییانی پارێزگاکانی عێراق بۆ نەخۆشخانەی ھیوا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پشکنین و دەرمان و چارەسەر و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بە بێ بەرامبەرن، ھەر لەبەر ئەوەش ناویی ھیوایە بۆ گەڕانەوی ھیوا بۆ بێ ھیواکان. ھەروەھا بوونی ئامێری پێشکەوتووی پشکنین و بوونی ھەنێ بەش لەم نەخۆشخانەیە کە لە نەخۆشخانەکانی دیکەی عێراق بوونی نییە وەکو بەشی چاندنی مۆخی ئێسقان.

تا ئێستا لە نەخۆشخانەی ھیوا پشکنین بۆ زیاتر لە ٧٥ ھەزار نەخۆش ئەنجامدراوە، ھەروەھا چارەسەر بۆ زیاتر لە ٣٠ ھەزار نەخۆش کراوە.. لە بەشی چاندنی مۆخ بە شێوەیەکی سەرکەوتوو چاندنی مۆخ بۆ زیاتر لە ٢٠٠ نەخۆش کراوە بەبێ بەرامبەر. ھەروەھا بەشی چاندنی مۆخ قاوشی تایبەت بە خۆی ھەیە و بۆ ھەر نەخۆشێک ژووری تایبەتی ھەیە. ھەر لەو نۆخۆشخانەیە بەشی خەپلەکانی خوێن ھەیە کە مەبەستی ئەم بەشە ئەوەیە کە ھاوڵاتیان خەپلەی خوێن ببەخشن بە توشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە، ئەمەش لە ڕێی چەند ئامێرێکی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت. بەشی بژاردنی خانە دایکەکان ھەیە کە ئەرکی ئەم بەشە بریتییە لە کۆکردنەوەی خانەکان بۆ ئەوەی بزانن چەند ملیۆن خانە کۆکراونەتەوە، واتە خانەکان چەپک دەکرێن. ھەروەھا لە نەخۆشخانەی ھیوا سەرەڕای تاقیگە پێشکەوتوو بۆ پشکنینی نەخۆشەکان، تاقیگەی جیناتیش ھەیە کە بۆ دەستنیشانکردنی شێرپەنجە بەکاردێت لە ڕێی جیناتەوە، کە ئەم جۆرە تاقیگە و پشکنینە لە ھەموو عێراقدا تەنھا لە نەخۆشخانەی ھیوا بەردەستە.

سندوقی کۆمەک بۆ توشبووانی شێرپەنجە[دەستکاری]

سندوقی کۆمەک بۆ توشبووانی شێرپەنجە لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پێکھێنراوە و ھەموو نەخۆشخانە شێرپەنجەیییەکانی ھەرێمی کوردستان ئەندامن لەو سندوقە. ئەم سندوقە یارمەتیدەربووە لە چارەسەرکردنی سەدان کەس کە توشبووی نەخۆشی شێرپەنجە بوون و توانای ماددیان نەبووە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە.[٤]

ئێستا لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمە کوردستان سندوقی کۆمەک دانراوە، کە ھاوڵاتیان لە ڕێیەوە پارە دەبەخشن لە پێناو یارمەتیدانی توشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە کە توانای داراییان لاوازە.[٥][٦]

چالاکییەکانی نەخۆشخانەی ھیوا[دەستکاری]

نەخۆشخانەی ھیوا ساڵانە لە ڕۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەدا بە ھەماھەنگی لەگەڵ سەنتەری سالاسیمیا و سەنتەری ژیانەوە بۆ چارەسەرکردنی تیشک و سندوقی کۆمەکی شێرپەنجەو، ھەروەھا بە ھاوکاری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی، لە ماوەی یەک ھەفتەدا چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری دەربارەی خۆپارێزی و ڕووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە. کۆنفرانسی ١٠٠ ڕزگاربووی شێرپەنجە

لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٨ کۆنفرانسێکی فراوانی شێرپەنجە لەژێر ناوی کۆنفرانسی (١٠٠ ڕزگاربووی شێرپەنجە) بە ھەماھەنگی لەگەڵ سندوقی کۆمەکی شێرپەنجە، پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەی ھیوا لەگەڵ ١٠٠ کەس لە ڕزگار بووان و بە بەشداری لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و .(WHO) نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیھان ئەنجامدرا.

ئەنجامدانی کۆنفرانسەکە بە مەبەستی کۆمەڵێک ئامانج بوو کە ببێتە ھۆی بڵاوکردنەوەی ھەماھەنگی و ھۆشیاری زیاتر لەپێناو ڕووبەڕوو بوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە، لەوانە: . بەخشینی ورەو ھیوا بۆ تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە، کە چاکبوونەوە لە نەخۆشی شێرپەنجە ئەستەم نییە

گفتوگۆی ئەکادیمی بۆ دیاریکردنی ھێڵە گشتییەکانی کاری ئایندەی سندوقی کۆمەک بۆ توشبووانی شێرپەنجە بە مەبەستی باشتر خزمەتکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشەکان.

ئاشناکردنی ھاوڵاتیان و خێرخوازان بە سندوقی شێرپەنجە بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان بەشدارییەکی زیاتر بکەن وەکو پرۆژەیەکی ھاوبەشی نێوان حکوومەت و ھاوڵاتیان بەیەکەوە دەتوانن ئەرکێکی مرۆڤانە ئەنجامبدەن..

کێشە و گرفتەکانی نەخۆسخانەی ھیوا[دەستکاری]

نەخۆسخانەی ھیوا سەرەڕای ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری پزیشکی پێشکەشدەکات بە نەخۆسەکانی، بەڵام بەدەر نییە لە کێشە و کەم و کوڕییەکان و ئەگەر کێشەکان چارەسەرنەکرێن، ئەوا کاریگەری نەرێنی لەسەر نەخۆشخانەکە دەبێت. یەکێک لەو گرفتانە بریتییە لە قبارەی نەخۆشخانەکە، بینای نەخۆشخانەکە بچووکەو نالەبارە بۆ بۆ ئەو ڕێژە زۆرەی نەخۆشەکان کە ڕووی تێدەکەن کە ساڵانە ڕێژەی توشبووان بە نەخۆشی شێرپەنجە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ھەڵکشاندایە. ھەروەھا شوێنی نەخۆشخانەکە نەگونجاوە، چونکە دەکەوێتە گەڕەکی کانی با کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلیمانییەوەو، چونکە دەکەوێتە ناوچەیەکی قەرەباڵغ و پڕ لە ژاوەژاو و نزیکە لە ماڵان. ئەمەش گونجاو نییە لەبەر ئەوەی پێویستە نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە شوێنێکی ئارام و ژینگەیەکی پاک و پڕ لە سەوزایی بێت و دیمەنی دەوروبەری نەخۆشخانە بە گوڵ و باغچەی سەرنج ڕاکێش برازێنرێتەوە بۆ ئەوەی لە ڕووی دەروونییەوە نەخۆش ھەست بە ئارامی بکات. بینای نەخۆشخانەی ھیوا دوورە لە سەنتەرەکانی دیکە (تالاسیمیا، ژیانەوە، تاقیگەی نەخۆشخانەی شۆڕش) ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە. کێشەی خۆبەخشەکان کە ١٤٥ کارمەندن بە شێوەی خۆبەخش لە بەشەکانی نەخۆشخانەکە خزمەت بە نەخۆشەکان دەگەیێنن، بەڵام لە ١ی تەممووزی ٢٠٢٠ خۆبەخشەکان ھیچ شایستەی داراییان وەرنەگرتووە و ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت ئەوا لەوانەیە بەشێک لەو خۆبەخشانە لە شوێنێکی دیکە بەدوای سەرچاوەی بژێوی ژیانی خۆیان بگەڕێن، ئەو کاتە بارگرانییەکی زۆر دەکەوێتە سەر نەخۆشخانەی ھیوا، بەتایبەتی لە بەشی منداڵانی نەخۆشی شێرپەنجە ٢٥ خۆبەخش ھەن و وازھێنانی ئەو خۆبەخشانە کاریگاری زۆر دەکاتە سەر خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان.

کۆڤید ١٩[دەستکاری]

ھەروەھا بوونی قەیرانی دارایی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق ڕێژەی COVID-19 بەھۆی بڵاوبوونەوی پەتای کۆمەک و ھاوکاری ھاوڵاتیان ڕوو لە داکشان و کەمبوونەوەیە، ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی کە ئەرکی نەخۆشخانەکە قورستر بێت. چونکە بە شێوەیەکی گشتی، لە گشت وڵاتانی چیھان ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە زۆر سەختە و پێویستی بە توانای ماددی و تەکنیکی پێشکەوتوو ھەیە. ئەگەر توانای ماددی سنووردار بێت ئەوا کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و بەربەست لەبەردەم چارەسەرکردنی یەکێک لە ترسناکترین نەخۆشییەکان کە مرۆڤ تووشدەکات.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ "لە 2007ـەوە تا کۆتایی 2016، 17 ھەزار و 900 حاڵەتی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی ھیوا تۆمار کراوە |". azhans.krd. Retrieved 2021-02-06. ١٤ی شوباتی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ "ھەرێم؛ توشبون بە شێرپەنجە ڕو لە زیادبونە". www.sbeiy.com. Retrieved 2021-02-06.
  3. ^ بەڕێوەبەری نوێی نەخۆشخانەی ھیوا دەستبەکاردەبێت، ماڵپەڕی خەندان، ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە.
  4. ^ "کاری خێرخوازی پەرەدەسێنێتخەڵکی سلێمانی ھیوا دەگێڕنەوە بۆ توشبوانی شێرپەنجە". www.sharpress.net. Retrieved 2021-02-06.[بەستەری مردوو]
  5. ^ "زەکات دەدرێتە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە شێرپەنجە". www.rudaw.net. Retrieved 2021-02-06.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)
  6. ^ "نەخۆشخانەی ھیوا داوای ھاوکاری لە خێرخوازان دەکات". www.kurdiu.org. Retrieved 2021-02-06.{{cite web}}: CS1 maint: url-status (link)