میرزا مەحموودخانی ئیحتیشاموسسەلتەنە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

میرزا مەحموودخانی ئیحتیشاموسسەلتەنە، کوڕی عەلائوددەولەی‌ ئەمیرنیزام و نەوەی فەتحعەلیشا، یەکێک لە کاربەدەستانی پایەبەرزی قاجار بووە. میرزا مەحموودخان بیرەوەرییەکانی خۆی زۆر بە وردی نووسیوەتەوە کە لە کتێبێکدا بە ناوی «خاطرات احتشام‌السلطنه» چاپ و بڵاو کراوەتەوە. لە دوایین ڕۆژەکانی سەلتەنەتی موزەفەرەدین شای قاجار و سەروبەندی شۆڕشی مەشرووتە، بزووتنەوەیەکی ڕووناکبیری لە ئێران دەستی پێکرد، کە میرزا مەحموودخان لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیە بوو. هەر بەم هۆیەوە لە بیرەوەرییەکانی خۆیدا نەتەنیا هەوڵی نەداوە گەندەڵی و ناحەزییەکانی دەربار بشارێتەوە، بەڵکوو بە وردی باسی لێکردوون.

بیرەوەری[دەستکاری]

کاتێک شا و دەست و پێوەندەکانی، خۆیان ئامادەی دوویەمین سەفەری ئەورووپا دەکرد، میرزا مەحموودخان کە وەزیری موختاری ئێران بوو لە بەرلین، بەم جۆرە بیرەوەرییەکانی ئەم سەفەرەی شا دەگێڕێتەوە:

دەوڵەتی ئاڵمان سەردانی شای ئێرانی لە وڵاتەکەی خۆی پەسند کرد، بەڵام ملی بۆ ئەو سەد کەس «نۆکەر» و «پێشخزمەت» و «قەرەوڵ» و «یاساوڵ» و «ئیشکەڕن» و «ڕەوزەخوێن» و «وەگریان‌خەر»ەی نەدەدا و حەقیشی بوو.[١] ئاخری سەرجەم خۆیان داسەپاند! لە سەرۆک وەزیرەوە تا سەیدی دۆعاگۆ و قاوەچی، ھەموو داوای درۆشمی تایبەتییان لە ئیمپەراتۆری ئاڵمان دەکرد کە ئەویش نەیدەدا. سەرۆک وەزیر دەیگوت:

دانی درۆشم ئەم ھەموو درێژدادڕییەی ناوێ، ئێمەش درۆشمی خۆمانیان دەدەینێ. بێ‌خەبەر بوو کە لە ئەورووپا کەس ئەم درۆشمە ھەڵڕژاوانەی ئەوانی بە پوولێک ناوێ.[٢] خاوەن‌شکۆی قەدەر قودرەت کە سواری شەمەندەفەر بوو، لە خێرایی‌یەکەی دەترسا و گڕووی گرتبوو کە ئەشێ بە ھەوای کەژاوەکانی لای خۆمان بڕوا.[٣] دوو ئەیالەتی «ئالزاس و لۆرێن» کە ھی فەڕەنسا بوون و پاشان ئەڵمان داگیری کرد، کەوتبوونە سەر ڕێی شەمەندەفەر. شا ھەر دوو لاقی لە کەوشێک کردبوو کە شەمەندەفەر نابێ بەم ئەیالەتانەدا بڕوا، چونکە سەردەمێک ھی فەڕەنسا بووە و ئێستا ئەمن چاوم بەرایی نادا بە دەست ئاڵمانەوە بیبینم! ئەمە لە کاتێکدا بوو کە بە زۆر خۆی بەسەر ئاڵماندا سەپاندبوو، کەچی قسەی واشی دەکرد! ببوە دایەنی لە دایک دڵسۆزتر! لایەکی ئێران لە زەمانی محەممەدشای باپیریدا درا بە ڕووسان، ھەروەھا ئینگلیس و تورک و ئەفغانیش ھەر کام بەشی خۆیان پچڕی؛ شا جارێک نەیگوت ئەمە خاکی خۆمان بووە و ئێستا بە دەست بیانییەوەیە، کەچی لێرەدا دڵسۆزی بۆ خاکی فەڕەنسا دەکرد!.[٤] لە ڕێگادا بووین کە ھەوری ھێنا و گرمە و برووسک دەستی پێکرد. شا لە دەنگی ھەور دەترسا. داوای کرد «سەیدی بەحرەینی» لە یەکەم وێستگە دابەزێ و برووسکەیەک بۆ تاران لێدا تا پووڵێک بکەنە سەدەقە.[٥] گەیشتینە پۆتسدام و لە ھۆڵی حەسانەوەی شەمەندەفەر دابەزین. بەداخەوە دیسان ھەوری ھێنا و ھەورەتریشقە دەستی پێکردەوە. شا ڕەنگ‌پەڕیو و ڕووزەرد لەسەر کورسییەک دانیشتبوو، قۆپچەکانی کەواکەی سەروخوار داخستبوو.

قژەسەری لە بن کڵاوەکەیەوە ڕژابوونە بەر چاوی. تەسبێحێکی کارەبای مەشھەدی بە دەستەوە گرتبوو و لە ژێر لێو ورتەی دۆعای دەھات. لەگەڵ ھەر گرمەیەکی ھەور ڕادەچەنی و دڵۆپەکانی ئارەقەی لە لووت و نێوچاوان دەتکایەوە.[٦] لە مەیدانی ناوەندی بەرلیندا ڕێ‌وڕەسمی مەشق بۆ بەخێرھێنانی شا بەڕێوەچوو. ئیمپەراتۆر و شازادە و فەرماندەکان لە کالیسکە دابەزین و سواری ئەسپ بوون. ئەسپیان بۆ شا ھێنا، بە ھیچ کلۆجێک لە کالیسکە دانەبەزی و فەرمانی دا چادری کالیسکەکە داکێشن من ھەر لێرەوە سەیری مەشقەکە دەکەم.[٧] شا بە وەڕەزی سەیری مەشقەکەی دەکرد. ھەندێ جار وەڵامی سڵاوی نیزامیشی نەدەدانەوە. لە نەکاو ھەرای کرد: «ئابدارباشی» تینوومە! ئەمین حەزرەتی ئابدارباشی بە تەشک و داوێنی شۆڕ و کڵاوێکی قووچەوە ھەڵاتە پشت کالیسکە و لە مەشکەیەکی چەرم کە بە شانی نۆکەرێکەوە بوو جامێکی پڕ کرد و بە شڵقەشڵق بۆ شای ھێنا. بەڵام لە بەدبەختیی ئێمە شا سی‌وشکەی گرتبوو و لێکدالێکدا داوای ئاوی دەکرد. ئیدی وای لێھات ھەر جارەی ئابدارباشی بە جامەوە ھەڵدەھاتە لای نۆکەری مەشکە لە شان و بە شڵقەشڵق دەگەڕایەوە، شەققەی قاقاکێشانی جەماوەر پڕ بە مەیدان بەرز دەبوویەوە.[٨] ھێشتا ڕێوڕەسمی مەشق تەواو نەببوو کە شا مەیدانی بەجێھێشت و گەڕایەوە کۆشکی حەسانەوەی.[٩] لەگەڵ پێی لە ھۆدەکە نا، وەک منداڵی گڕووگر، حەمایڵ و درۆشمەکانی خۆی داڕنی و بە زەوی دادا و گوتی: غەڵەت دەکەم جارێکی تر دێمەوە ئاڵمان! چووم بە سەرۆک وەزیرم گوت: شا لە ھاتنی ئاڵمان پەشیمانە؛ لە وەڵامدا گوتی: شا گووی خوارد! لەم وەڵامەی سەرۆک وەزیر ھیند دڵگیر بووم کە بە بێ‌ئیزن خواستن کۆشکم بەجێ‌ھێشت و گەڕامەوە باڵوێزخانە.[١٠] ھەمان شەو ئیمپەراتۆر و بنەماڵەی سەلتەنەتی بە شانازیی شای میوانەوە چوونە ئۆپەرای گەورەی بەرلین. شا سەعاتێک درەنگتر ھات و داوای لێبوردنیشی نەکرد. لە ڕیزی پێشەوە لەگەڵ ئیمپەراتۆر و بنەماڵەی سەلتەنەتی دانیشت. من چەند ڕیز دوورتر لە پشتەوە دانیشتبووم. ئۆپەرا تازە دەستی پێکردبوو کە شا ئاوڕی دایەوە و بە دەنگی بڵیند داوای ئاوی لە من کرد. سەرۆک وەزیر کە ھەمان ڕۆژ ئەم جنێوە پیسەی بە شا دابوو، چاوەڕوانی ئابدارباشی و نۆکەر نەمایەوە و خۆی ھەڵات ئاوی بۆ وەلینێعمەتی خۆی ھێنا. شا دیسان داوای ئاوی کردەوە! بە ھەوای مەیدانی مەشقی ئێوارە، ژمارەی ئاو لە دەستم دەرچوو! کەس نەبوو بەم کابرایە بێژێ: ئەگەر نەخۆشی بڕۆ لە خەستەخانە بکەوە، ئیتر بۆ بە زۆر خۆت بە سەر خەڵک دادەبڕی و سەفەری ئەورووپا دەکەی؟!.[١١] ئۆپەرا ھێشتا چەندین پەردەی مابوو، کە شا ھەستا وەدەرکەوت و داوای لە کالیسکەکان کرد بیبەنەوە کۆشک. ئیمپەراتۆر و شازادەکان ھەموو نیگەران و ناڕەحەت بوون و زوو زوو حاڵی شایان لە من دەپرسی. پێم‌دەگوتن ھەندێ شەکەتە و پێویستی بە حەسانەوە ھەیە. بە ڕۆیشتنی شا، ھەموو دەست و پێوەندەکانیشی بە دوایدا ڕۆیشتن و ئۆپەرایان چۆل کرد! ھەموو ئەو وەزیر و باڵوێزانەی کە ھاتبوون بەخێرھاتنی شا بکەن، وەک شووتی لە کەر بەربێتەوە، لەوێ بەجێ‌مان! بەر لەوەی شا لە بینای ئۆپەرا دەرکەوێ، زۆرم تکا لێکرد کە سەبارەت بە ئابڕووی وڵاتەکەی ھەندێ ددان بە جەرگی خۆ داگرێ و بگەڕێتەوە تا بەرنامەکە تەواو دەبێ، نەیسەلماند و گوتی: خەوم دێ!.[١٢] خاوەن‌شکۆ و دەست‌وپێوەندەکانی گەڕانەوە پۆتسدام و منیش خەجاڵەت و دڵشکاو گەڕامەوە باڵوێزخانە. سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژە ئارا و قەرارم نەبوو. زۆرم فکر لە حاڵی خۆم کردەوە کە لەگەڵ ئەم جەماعەتە نەزانە چی‌بکەم؟ دەست لە کاربکێشمەوە؟ پاشان بۆ کوێ بچم؟.[١٣] قسەی تر زۆرە. دەترسم ئەگەر ھەرچی قەوماوە بیگێڕمەوە خوێنەر بڕوام پێ‌نەکا.[١٤]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • میرزا محمودخان احتشام‌السلطنه، خاطرات احتشام‌السلطنه، ، به کوشش سید محمد مهدی موسوى، انتشارات زوار، چاپ دوم، ١٣٦٧
  • سەید عەبدوڵڵا سەمەدی
  • تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌ پێشتر بەو ناونیشانەی بڵاو کراوه‌ته‌وه‌: گۆڤاری مه‌هاباد، ساڵی یازده‌یه‌م، ژ: ١٢٥، گه‌لاوێژی ١٣٩٠، ل: ٢٦.

پەڕاوێز[دەستکاری]

  1. ^ [ل٤٧٢]
  2. ^ [ل٣٧٤]
  3. ^ [ل٤٧٤]
  4. ^ [ل٤٧٥و٤٧٦]
  5. ^ [ل٤٧٧]
  6. ^ [ل٤٧٧]
  7. ^ [ل٤٨٠]
  8. ^ [ل٤٨٠و٤٨١]
  9. ^ [ل٤٨٢]
  10. ^ [ل٤٨٢و٤٨٣و٤٨٤]
  11. ^ [ل٤٨٥و٤٨٦]
  12. ^ [ل٤٨٧]
  13. ^ [ل٤٨٧]
  14. ^ [ل٤٨٣]