بۆ ناوەڕۆک بازبدە

محەممەد سدیق موفتیزادە

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

محەممەد سدیق موفتیزادە ساڵی ١٩١٨ لە گوندێکی ناوچەی جوانڕۆ لەدایکبووە. مەلا عەبدوڵڵای باوکی یەکێک بووە لە زانا ئایینییە بەناوبانگەکانی سەردەمی خۆی و لە تاران نازناوی موفتی کوردستانی پێدراوە. محەممەد سدیق بە منداڵی خراوەتە بەر خوێندن و بەفەقێیەتی گەلێ شوێن گەڕاوە وەک موکریان و شارەزوور و پێنجوێن و سلێمانی و کەرکووک و ڕواندز و سەرەنجام لەشاری سنە ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. دواتر لە زانکۆی تاران ھەردوو قۆناغی بەکالۆریۆس و دکتۆرای تەواو کردووە و بووە بە مامۆستای زمان و ئەدەبی کوردی. لەبواری ڕۆژنامەنووسیشدا خزمەتێکی زۆری بە ئەدەب و مێژووی نەتەوەکەی کردووە و ئەو ماوەیەش کە لێپرسراوی بەشی کوردی بووە لە ڕادیۆی تاران گەلێ بەرنامەی گرنگی سەبارەت بە کەلتورو ئەدەب و مێژووی کورد بڵاوکردووەتەوە. ئەم زانا پایە بەرزە چەند لێکۆڵینەوەیەکی گرنگیشی ئامادەکردووە بۆ چاپ کە یەکێکیان سەبارەت بە ڕێزمانی کوردییە و بەرھەمێکی تریشیان لێکدانەوەو شیکردنەوەی ھۆنراوەکانی مەولەوییە. دکتۆر موفتی زادە لەشیعر نووسینیشدا دەستێکی باڵای ھەبووە و ھەوڵی داوە لەم بوارەی ئەدەبدا ئامۆژگاری میللەتەکەی بکات و پەندەکانی ژیانیان فێربکات. ئەم پیاوە ڕۆشنبیرە لە تەمەنی شەست و سێ ساڵیدا لە شاری تاران کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی (وەیسی قەرەنی) نزیک شاری کرماشان بە خاک سپێردرا.

سەرچاوەکان

[دەستکاری]