لادانی بۆماوەیی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

لادانی بۆماوەیی (بە ئینگلیزی: Genetic drift) بریتییە لە گۆڕان لە ڕێژەی گۆڕانی بۆماوەیەکی دیاریکراو لە کۆمەڵەیەک دا لەڕێی تاقیکردنەوە و نموونە وەرگرتنی ھەڕەمەکییانە.[١] بۆماوەکانی وەچەکان پیشاندەری نموونەکانن لە باوانەکان دا و ھەل (ڕێکەوت) کاریگەریی ھەیە لە دیاریکردنی ئەوەی ئایا تاکێک دەمێنێتەوە و زاوزێ دەکات یان نا. لادانی بۆماوەیی دەکرێت وا لە بۆماوە گۆڕاوەکان بکەن بەتەواوی دیارنەمێنن و لە ئەنجامیش دا ڕێژەی دیاردەی گۆڕانی بۆماوەیی کەم بکەنەوە[٢] و ھەروەھا دەشتوانێت وا لە ئەلیلە دەگمەنەکان بکات زیاتر دووبارەببنەوە و تەنانەت جێگیریشیان ببن.

کاتێک ھاوێنەوی (کۆپی) یەکی کەمی ئەلیلییەک بوونی دەبێت لادانی بۆماوەیی زیاتر و گەورەتر دەبێت بەڵام لە کاتی بوونی چەند کۆپییەکی زۆری ئەلیلییەک ئەوا کاریگەرییان کەمتر دەبێت لەسەر لادانی بۆماوەیی. لە سەرەتایی سەدەی بیستەمەوە چەند گفتووگۆیەکی بەھێز ھەبوو دەربارەی گرنگی ڕێژەیی لەنێوان ھەڵبژاردەی سروشتی و ڕێکارە سروشتییەکان دا کە لادانی بۆماوەیشی لەخۆدەگرت. رۆناڵد فیشەر، ڕوانینی وابوو کە لادانی بۆماوەیی کەمترین دەور و ئەرکیان ھەیە لە پەرەسەندن دا و بە درێژای چەند دەیەیەک ئەمە بۆچوونێکی سەردەست بوو. لە ساڵی ١٩٦٨ دا، زانای بۆماوەزان مۆتۆ کیمورا دووبارە گفتوگۆکەی چالاک کردەوە بە بیردۆزە بێلایەنەکەی دەربارەی پەرەسەندنی خانەیی و پێی وابوو کە زۆربەی ئەو دیاردانەی گۆرانێکی بۆماوەیی لە کۆمەڵەیەک دا بڵاوبۆتەوە ھۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ لادنێکی بۆماوەیی.[٣][٤]

لادان و جێگیربوون[دەستکاری]

بنەمای ھاردی-وینبێڕگ پێی وایە کە لە کۆمەڵەیەکەی گەورەدا ڕێژەی ئەلیلییەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەی داھاتوو بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە تەنھا لە کاتی شێواندنی یەکسانی دا نەبێت بەھۆی کۆچکردن، بازدانی بۆماوەیی یان ھەڵبژرادنەوە.[٥]

لە کۆمەڵە بچووک و سنووردارەکان دا، لە کاتی گواستنەوە بۆ وەچەکانی داھاتوو دا ھیچ ئەلیلییەکی نوێ بەدەست نایەت و ئەم گواستنەوەیە دەکرێت ببێتە ھۆی دیارنەمانی ئەلیلییەک. لەبەر ئەوەی گواستنەوەی ھەڕەمەکی دەتوانێت ئەیلیلییەک لاببات بەڵام ناتوانێت جێگۆرکێی پێ بکات و بەرزبوونەوە یان نزمبوونەوەی ھەڕەمەکی لە ڕێژەی ئەلیلییەکان دا کاریگەری ھەیە لەسەر شێوازە چاوەڕوانکراوەکانی دابەشبوونی ئەلیلییەکان لە نەوەی داھاتوودا. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات دا لادانی بۆماوەیی لە کۆمەڵەیەک دا دەبێتە ھۆی ھاتنەکایەی یەکسانی و ھاوچەشنی.

کاتیک ئەلیلییەک دەگاتە ڕێژەی %١٠٠ ئەوا دەوترێت کە «جێگیر» بووە لە کۆمەڵەکەدا و کاتێک ئەلیلییەک دەگاتە ڕێژەی % سفر ئەوا دەوترێت کە لە دەست چووە (لەناوچووە). کۆمەڵە بچووکەکان دەتوانن بە شێوەیەکی خێراتر جێگیربوون بەدەست بھێنن بەڵام کۆمڵە زۆر گەورەکان (بێ کۆتا) ناتوانن جێگیربوون بەدەست بھێنن. لە کاتی جێگیربوونی ھەر ئەلیلییەک دا لادانی بۆماوەیی دەچێتە دۆخی ڕاوەستانەوە و ڕێژەی ئەلیلی ناگۆرێت و دەکرێت ڕێژەکە بگۆردرێت تەنھا لە کاتی ھێنانە ناوەوەی ئەلیلییەک نوێ بۆ ناو کۆمەڵەکە لەڕێی بازدان یان گواستنەوەی بۆماوە.

لە کۆمەڵە سروشتییەکان دا، دیاردەی لادانی بۆماوەیی بەتەنھا چالاکی ئەنجام نادات بەڵکو ھەردوو دیاردەی لادانی بۆماوەیی و ھەڵبژاردەی سروشتی کاریگەرییان ھەیە لەگەڵ کۆچکردن و بازدان دا. پەرەسەندنی سروشتی بەرھەمی ھەردوو دیاردەی لادان و بازدانە نەک بەتەنھا لادان. ھەربۆیە کاتێک ھەڵبژاردەی سروشتی سەردەست دەبێت بەسەر لادانی بۆماوەیی دا ئەوا دەتوانێت چالاک بێت تەنھا لەو بوارە دیاریکراوەی بازدان دابینی دەکات.

ھەڵبژاردنی سروشتی ئاراستەیەکی دیاریکراوی ھەیە و ھەڵدەستێت بە ئاراستەکردنی پەرەسەندن بەرەو خۆگونجاندنە گواستراوەکانی ژینگەی ئێستا بەڵام لادانی بۆماوەیی ئاراستەی نییە و تەنھا بە ھەلی بیرکارییانە ئاراستە دەکرێت.[٦]

یاسای ژمارە گەورەکان پێشبینی ئەوە دەکات کاتێک ژمارەیەکی تەواو (ڕووت) ی کۆپی ئەلیلییەکان کەمە ئەوا کاریگەری لادان لەسەر گۆڕانی ئەلیلییەکان بۆ ھەر نەوەیەک زیاد دەکات. پەرەسەندنی خۆنەگونجێنەر کە ئەنجامی بەرھەمی بازدان و لادانی بۆماوەییە بە ڕێکارێکی زنجیرەیی گۆڕانی پەرەسەندن دادەنرێت لە کۆمەڵە بچووک و دابڕاوەکان دا.[٧]

بیرکاری لادانی بۆماوەیی بەندە لەسەر قەبارەی کۆمەڵەکە بەڵام ڕوون نییە کە چۆن پەیوەستدارە بە ژمارەی ڕاستەقینەی تاکەکانی کۆمەڵەکە. پەیوەندی بۆماوەیی لەگەڵ بۆماوەکانی تری سەر بە دیاردەی ھەڵبژاردن دەتوانێت ببێتە ھۆی کەمکردنەوەی قەبارەی کۆمەڵەکە.

کاتێک ڕێژەی گۆڕانی ئەلیلییەکان زۆر کەمە، لادانی بۆماوەیی دەتوانێت زاڵ بەسەر ھەڵبژاردەی سروشتی دا تەنانەت لە کۆمەڵە قەبارە گەورەکانیش دا. بۆ نموونە، زۆرجار بازدانە بێ سوودەکان بەخێرایی لەناودەبرێن لە کۆمەڵە گەورەکان دا بەڵام بازدانە بەسوودە تازەکانیش ئەگەری لەدەستچوونیان ھەیە بەھۆی لادانی بۆماوەیی.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Gould SJ (2002). "Chapter 7, section "Synthesis as Hardening"". The Structure of Evolutionary Theory. 
  2. ^ Futuyma 1998, Glossary
  3. ^ Kimura M (February 1968). "Evolutionary rate at the molecular level". Nature. Nature Publishing Group. 217 (5129): 624–6. Bibcode:1968Natur.217..624K. PMID 5637732. doi:10.1038/217624a0. 
  4. ^ Futuyma 1998, p. 320
  5. ^ Ewens 2004
  6. ^ Futuyma 1998, p. 300
  7. ^ Li & Graur 1991, p. 29

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]