فەرھاد قادر کەریم

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

فەرھاد قادر کەریم (لەدایکبووی ١٢ی ئازاری ١٩٧٧) سەرۆکی زانکۆی گەرمیانە و ئەندامی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بووە. ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە زمانی کوردی لەزانکۆی سلێمانی.

ژیانی زانستی[دەستکاری]

ساڵی ١٩٨٣ دەست بە خوێندن دەکات و قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی لە کەلار تەواو دەکات. ساڵی ١٩٩٥ قۆناغی ٦ی ئامادەیی تەواو دەکات و دەچێتە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لەزانکۆی سلێمانی، ساڵی ١٩٩٩ بەپلەی یەکەم خوێندنی بەرایی زانکۆ تەواو دەکات.

لە ١١ی ئازاری ٢٠٠٣ بە فەرمانی زانکۆیی (٣-٥-٤٦٩)ی زانکۆی سلێمانی لەخوێندنی ماستەر وەردەگیرێت، لە ٧ی ئایاری ٢٠٠٦ بە فەرمانی زانکۆیی (٣-٧-٥٠٧٨) بڕوانامەی ماستەر لە ڕەخنەی ئەدەبی کوردی بە پلەی زۆرباشە وەردەگرێت. لە ڕێکەوتی ٦ی حوزەیرانی ٢٠٠٦ بە فەرمانی زانکۆیی (١٢٦)ی ھەمان زانکۆ نازناوی زانستی مامۆستای یاریدەدەری پێدەبەخشرێت.

لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٩ بە فەرمانی زانکۆیی (٢-٤-١٩٢٣٤)ی زانکۆی سلێمانی بڕوانامەی دکتۆرای فەلسەفە لە ڕەخنەی ئەدەبی کوردی وەردەگرێت و پلەی زانستی مامۆستای پێدەبەخشرێت.

بە فەرمانی زانکۆیی لە ٢ی ئەیلوولی ٢٠١٣ پلەی زانستی یاریدەدەری پڕۆفیسۆر و لە ٨ی شوبانی ٢٠٢١ بە فەرمانی زانکۆیی (٧-١٠-١٧٢٣)ی زانکۆی سلێمانی پلەی زانستی پڕۆفیسۆری پێدەبەخشرێت.

لە گۆڤارە زانستییەکانی زانکۆکانی ھەرێم، چەند توێژینەوەیەکی زانستی بڵاوکردووەتەوە.

ژیانی کارگێڕی[دەستکاری]

لە ١ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩ وەکو مامۆستا لە پەیمانگای مامۆستایانی کەلار دامەزراوە. ساڵی خوێندنی (٢٠٠٦-٢٠٠٧) دەبێتە سەرۆکی بەشی کوردی و بەردەوام دەبێت تا وەرگیرانی لەخوێندنی دکتۆرا.

پاش ھەڵوەشاندنەوەی پەیمانگای مامۆستایانی کەلار بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران و کردنەوەی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت لە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٨، دەبێتە یەکەم سەرۆکی بەشی کوردی لە کولێژی ناوبراو.

لە ٣ی شوباتی ٢٠٠٩ تا ٣١ی تەممووزی ٢٠١١، پۆستی یاریدەدەری ڕاگری کولێژی پەروەردەی بنەڕەت وەردەگرێت. لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢ تا ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٣ پۆستی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری خوێندکاران وەردەگرێت.

تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤، وەکو مامۆستا لە خوێندنی بەرایی و ماستەری بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی گەرمیان وانە دەڵێتەوە.

بە فەرمانی (١٣٠)ی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ و فەرمانی (١٦٠٨) ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ و فەرمانی (٦٦)ی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ بە سەرۆکی زانکۆی گەرمیان دیاریدەکرێت، لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ دەستبەکاردەبێت.

لە ھەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەساڵی ٢٠١٤، پاڵێوراو دەبێت و دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (٢٠١٤-٢٠١٨)، ھاوکات دەبێتە ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

بەستەری دەرەکی[دەستکاری]

ماڵپەڕی فەرھاد قادر لە زانکۆی گەرمیان