فۆرمی جەوھەری
فۆرمی جەوھەری تێگەیشتەیەکی فەلسەفیی ھەرە گرنگە لە ئاریستۆتالیزم و پاشان لە سکۆلاستیزمدا. فۆرم بریتییە لەو ئیدیایە کە جەستەی خاوەنبوونەکان دەینوێنێ و، لێھاتوویییەک کە لە ماددەی پێکھێنەریاندا شاردراوەتەوە، دێنێتە دی (لێھاتوویی و بەدیھاتوویی ببینە). بۆ ئەرەستوو، لە ڕاستیدا، ماددە بنەڕەتی ھەموو ئەو شتانەیە کە ھەن؛ ماددە لەخۆگری لێھاتوویییەکە کە ھێشتا بە کردەوە ھیچ نییە و بەدی نەھاتووە. شت تەنیا ئەو کاتە ئاشکرا و بەرچاو دەبێ کە لێھاتووییی ماددە ببێ بە بەدیھاتوویی؛ ئەوەش لە ئەستۆی فۆرمی جەوھەرییە کە ئەم کارە بکا. پێشی دەوترێ جەوھەری، لەبەر ئەوەی کە لە ڕاستیدا ئەو پرەنسیپەیە کە بە ھۆیەوە «شتی لە ماددە دروستبوو» لە گوێن ئەوەی کە ھەیە دەناسرێتەوە.[١]
لە یۆنانی کۆندا، چەندین دیاردە و پرسیاری دیاریکراو مێشکی فەیلەسووفەکانی داگیر کردبوو. داڕشتنی تێگەیشتەی فۆرمی جەوھەری لە لایەن ئەرەستووەوە ھەوڵێک بوو بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو دیاردانە و وەڵامدانەوە بەو پرسیارانە. یەکێک لە پرسیارەکان ئەوە بوو کە چۆن ئینسان دەتوانێ شتە فیزیکییە جیاجیاکان بباتەوە بۆ سەر یەک ڕەگەز؟ بۆ وێنە، چۆنە کە سەرەڕای بەتەواوی لێکجیابوونیان، ھەم بە «بازە» دەڵێن سەگ و ھەمیش بە «بۆرە»؟ وەڵامی ئەرەستوو ئەوە بوو کە دەیوت ھەم بازە سەگە و ھەمیش بۆرە، چونکە ھەمان فۆرمیان ھەیە. فۆرمە کە وا لە شتە فیزیکییەکان دەکات بە پێی ڕەگەز شیاوی لێتێگەیشتن بن (پرسی تێکڕایییەکان ببینە).
پرسیارێکی تر، کە ھەمیسان بە ھۆی فۆرمی جەوھەرییەوە چارەسەر دەبوو، ئەوە بوو کە چۆن جموجووڵی شتە فیزیکییەکان بە پلەی جیاواز سنوورەکانی ماددە دەبەزێنێ؟ گیا شین دەبێ و باڵا دەکا و بەم کارە لە توانایییەکانی ماددەی بێگیان ئەولاتر دەچێ. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ فۆرمە جەوھەرییەکەی کە گەشەکەرە. فۆرمی جەوھەریی گیانەوەر ھەستمەندە. بە ھۆی ئەم فۆرمەوەیە کە گیانەوەر بە دەوروبەری خۆی دەزانێ و لە ماددەی پەتی ئەولاترە. فۆرمی جەوھەریی مرۆڤیش ئاوەزمەندە. ئەمە وا لە مرۆڤ دەکا ببێ بە گیانەوری بەئاوەز و لە ماددە سەرتر بێ.
پرسیاری سێیەم ئەمە بوو کە چۆن شتێکی فیزیکی دەگۆڕدرێ و دەبێ بە شتێکی تر؟ بۆ نموونە، کە پڵنگێ گاکێوییەک دەخوا، نە تەنیا توانایییەکانی فۆرمی جەوھەریی گاکێوییەکە بۆ درێژەدان بە ورووژاندنی ماددە سەرەتایییەکەی، کۆتایی پێ دێ، بەڵکوو ھەروەھا، ماددەی گاکێوییەکە ئەمجارە بە ھۆی فۆرمی جەوھەریی پڵنگەکەوە ھەڵدەمژرێ و ھەناسەی پیا دەھێنرێتەوە. بۆ ئەرەستوو، ماددەی سەرەتایی بنچینەی لاشە و جەستەیە و، ئەو لێھاتوویی و توانەی تێدایە کە بە ھۆی فۆرمە جەوھەرییەکانەوە گورج ببێتەوە و بکەوێتە جموجووڵ و ببێ بە ھەبووگەلی فیزیکیی جۆربەجۆر. بەبێ ئەم لێھاتوویی و توانەی ماددەی سەرەتایی، ئەرەستوو وتەنی، گۆڕان مەحاڵە، یان لە باتیی فەرقکردن، پێویست دەبێ ماددەکە لە ناو بچێ و دروست بکرێتەوە.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ "Greek Philosophy" entry in Seyffert 1895, p. 482