عەونی یووسف

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

عەونی یووسف :(١٩٠٨-١٩٨٨) چالاكی سیاسی و دادوەر

سەرەتای ژیان و خوێندنی[دەستکاری]

عەونی یووسف

عەونی کوڕی یووسف ئەفەندیی قازیی ھەولێرە، ساڵی ١٩٠٨ لە ھەولێر ھاتووەتە دنیاوە. بە حەوت ساڵی خوێندنی دینیی دەست پێ کردووە. ١٩٢١ چووەتە قوتابخانە و تا ناوەندیی لە ھەولێر و ئامادەییی ١٩٣٤ لە سانەویی مەرکەزی و کۆلیجی حقووقی ١٩٣٩ لە بەغدا تەواوکردووە و بووەتە پارێزەر. ١٩٤٠ بووە بە ئەندامی سەندیکای پارێزەران و بە فەرمانی موتەسەڕیفی بەغدا لە سلێمانی کەوتووەتە پارێزەری و پاشان چووەتە ھەولێر.[١][٢]

چالاكی سیاسی[دەستکاری]

عەونی لە ١٩٤٠ بەدواوە تێکەڵ بە جووڵانەوەی کوردایەتی بووە و چووەتە ناو حیزبی ھیوا. مستەفا یەعقووبیی موتەسەڕیفی ھەولێر، سەرەتای ١٩٤٢ لەسەر ھەڵوێستی سیاسی گرتوویە و ناردوویە بۆ بەغدا و خراوەتە بەندیخانەی مەرکەزی.[١][٢]

زیندانی كردنی[دەستکاری]

ھێشتا لە زینداندا بووە کە بە دادوەر لە شاری زاخۆ دامەزراوە. پاش شەش مانگ، لەبەر جموجووڵی سیاسی، گواستراوەتەوە بۆ مووسڵ و پاش شەش مانگ بۆ بەسرە. کاتی بەڕێکرانی بۆ بەسرە، مستەفا یەعقووبی گرتوویەتیەوە و سێ ساڵ لە بەندیخانەی ناوە، تا لە سەرەتای ١٩٤٦دا بەردراوە. کە گەڕاوەتەوە بۆ ھەولێر، خەریکی پارێزەری بووە و لە چالاکی نەکەوتووە. لە بەندیخانەدا بووە کە داوایەکی قەزاییی لەسەر وەزیری داد تۆمارکردووە و پابەندی کردووە مووچەی تەواوی درێژاییی ماوەی بەندییەکەی وەربگرێ.[١][٢]

پارتی دیموکراتی کورد[دەستکاری]

عەونی ئەندامی یەکەم کۆنگرەی دامەزراندنی (پارتی دیموکراتی کورد) بووە لە ١٦/٨/١٩٤٦دا و بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ھەڵبژێردراوە.[١][٢]

سەرۆکی دادگای کەرکووک[دەستکاری]

پاش ١٤/٧/١٩٥٨ کراوە بە سەرۆکی دادگای کەرکووک. لە ١٣/٧/١٩٥٩دا بووە بە وەزیری ئەشغال تا ١٩٦٠، کە دەستی لە کار کێشاوەتەوە و چووەتەوە سەر پیشەی پارێزەریی خۆی لە شاری ھەولێر.[١][٢]

ژیانی هاوسەرگیریی[دەستکاری]

ساڵی ١٩٦٠ ژنی ھێناوە و دوو کوڕ (بارزان-١٩٥٩، بۆتان-١٩٦١) و دوو کچ (بەیان- ١٩٦٢، ھێرۆ-١٩٦٤)ی لێ بووە.[١][٢]

دادوەری شۆڕش[دەستکاری]

پاش کودەتای ٨/٢/١٩٦٣ی بەعسییەکان، چووەتە پاڵ شۆڕشی ئەیلوول و کراوە بە دادوەری شۆڕش. ١٩٦٤ گەڕاوەتەوە بۆ ھەولێر و دەستی داوەتەوە پارێزەری لە ھەولێر و بەغدا و شارەکانی دیکە.[١][٢]

كۆچی دوایی[دەستکاری]

ڕۆژی ١٥/٧/١٩٨٨ لە بەغدا کۆچی دواییی کردووە و تەرمەکەی ھێنراوەتەوە بۆ ھەولێر و لەوێ نێژراوە.[١][٢]

ئەلبومی وێنەكانی[دەستکاری]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل 8146-8147
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح جمال بابان، اعلام الكرد، الجزء الأول، ط2، دار آراس- أربيل، 2012، ص382-383؛ قامووسی ناوە نەمرەکان، بەرگی یەکەم، ئامادەکردن و سەرپەرشتی مومتاز حەیدەری و ھێرش سنجاوی و کاروان قاسم، ھەولێر، ٢٠١٤، ل٨١-٨٢؛ ھێندێ زانیاریی بەڕێز بارزان عەونیی کوڕی.