بۆ ناوەڕۆک بازبدە

کەریم شنگالی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە عەبدولکەریم سوڵتان عەبدوڵڵاەوە ڕەوانە کراوە)
کەریم شنگالی
وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان
لە پۆستدا بووە
٢٠٠١[١]  ٢٠١٩
پاشینە ڕێبەر ئەحمەد
ڕاوێژکار لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان
لە پۆستدا بووە
٢٠١٩[٢]  ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥[٣]
بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان
لە پۆستدا بووە
١٩٩٣[٤]  ١٩٩٤[٤]
وردەکاریی تاکەکەسی
لەدایکبوون عەبدولکەریم سوڵتان عەبدوڵڵا[١]
(1950-01-01) 1ی کانوونی دووەمی 1950[٢]
شنگال[٤] یان مووسڵ[٢]، عێراق
مردن ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥(٢٠٢٥-٠٦-١٠) (٧٥ ساڵ ژیاوە)[٣]
دوبەی، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان[٥]
نەتەوە عێراقی
پارتی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان[١]
خوێندن لە زانکۆی بەغدا (کۆلێژی یاسا و ڕامیاری)[٦]
پیشە
ئایین ئیسلام[٥]

عەبدولکەریم سوڵتان عەبدوڵڵا (١٩٥٠ لە شنگال،[٤] عێراق – ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ لە دوبەی، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان)، ناسراو بە کەریم شنگالی، کەریم سنجاری، حەسەن و حەسەن شنگالی،[١] سیاسەتوانێکی کورد و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بوو، لە کابینەکانی پێنجەم، شەشەم، حەوتەم، و ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

ژیاننامە

[دەستکاری]

کەریم شنگالی لە ساڵی ١٩٥٠ لەدایک بووە؛ سەرچاوەکان لەسەر شوێنی لەدایکبوونی ناکۆکن، ھەندێکیان ئاماژە بە شنگال دەکەن[٤][٦] و ھەندێکی دیکەیان شاری مووسڵ بە شوێنی لەدایکبوونی دادەنێن.[٢][٧] لە ساڵی ١٩٧١ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی یاسای کۆلێژی یاسا و ڕامیاری لە زانکۆی بەغدا بەدەست ھێناوە.[٦] لە نێوان ساڵانی ١٩٧١ بۆ ١٩٧٣ لە شاری بەغدا کاری پارێزەری کردووە.[٤]

دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥، وەک پەنابەر ڕووی لە ئێران کرد و بووە ئەندامی لێژنەی سەرپەرشتیی ئاوارەکانی باشووری کوردستان.[١] لە ساڵی ١٩٧٦ وەک پەنابەری سیاسی ڕووی لە ئەورووپا کرد.[٢] شنگالی زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی دەزانی.[١]

خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی

[دەستکاری]

کەریم شنگالی لە ساڵی ١٩٦٧ پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانەوە کرد و ساڵی دواتر، لە ١٩٦٨، بووە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان.[٦] لە ساڵی ١٩٦٩ وەک ئەندامی ناوچەی بەغدا لە لقی پێنجی پارتی دەستبەکار بوو. لە ئازاری ١٩٧٣ پەیوەندی بە ھێزی پێشمەرگەوە کرد.[١]

لە نیسانی ١٩٧٥، لەلایەن مەسعوود بارزانییەوە بۆ ئامادەکارییەکانی شۆڕشی گوڵان ڕاسپێردرا.[١] ھەر لەو مانگەدا، لەگەڵ چوار کەسایەتیی دیکە بانگھێشتی یەکەمین کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی کرا کە لە نزیک نەغەدە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو.[١] دوای ئاشکرابوونی لەلایەن دەزگای ساواکی ئێرانەوە، لەگەڵ جەوھەر نامیق سالم بە قاچاخ خۆی گەیاندە باکووری کوردستان و لەوێشەوە گەڕایەوە باشووری کوردستان.[١]

لە ساڵی ١٩٧٦ لە کۆنفرانسی بەرلین بە ئەندامی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی ھەڵبژێردرا.[٨] ساڵی ١٩٧٧ بە ناوی نھێنی "حەسەن" و "حەسەن شنگالی" بەشداریی لە شۆڕشی گوڵاندا کرد و بووە جێگری بەرپرسی ھەرێمی یەکی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی.[١]

لە ساڵی ١٩٧٩دا بۆ ماوەیەک وازی لە کاری حیزبی ھێنا، بەڵام لە ساڵی ١٩٨١ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی گەلی کوردستانـەوە کرد.[١] لە ساڵی ١٩٩٠دا گەڕایەوە نێو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەک ئەندامی لێژنەی ڕێکخستنی ناوەندیی پارتی دەستنیشان کرا.[١] ساڵی ١٩٩١ بۆ مەکتەبی سەرۆکی پارتی گواسترایەوە.[١]

پۆستەکان

[دەستکاری]

لە بواری حکوومیدا

[دەستکاری]
  • بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان: لە ساڵی ١٩٩٣ تا ١٩٩٤.[٧]
  • وەزیری ناوخۆ: لە ساڵی ٢٠٠١ەوە ئەم پۆستەی وەرگرت و لە کابینەکانی چوارەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم و ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام بوو.[٩][٦]
  • ڕاوێژکار لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان: دوای پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم، وەک ڕاوێژکار لە سەرۆکایەتیی ھەرێم دەستنیشان کرا.[١٠][١١]
  • بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان: بۆ ماوەیەک ئەم پۆستەشی بەڕێوە بردووە.[٨]

لە بواری حیزبیدا

[دەستکاری]
  • ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نۆیەم: لە ساڵی ١٩٧٩دا ئەندامی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نۆیەمی پارتی بووە.[١]
  • ئەندامی لێژنەی باڵای ھەڵبژاردن: ساڵی ١٩٩٢ وەک نوێنەری پارتی لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کرا.[١]
  • ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی: لە کۆنگرەکانی یازدە (١٩٩٣) و دوازدە (١٩٩٩) ھەڵبژێردرا.[٨]
  • ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی: لە کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی (٢٠١٠) وەک ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و دواتر مەکتەبی سیاسی ھەڵبژێردرا.[٤][١٢]

کۆچی دوایی

[دەستکاری]

کەریم شنگالی لە ساڵی ٢٠٢٢ بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی سەردانی دەرەوەی وڵاتی کرد و لەو کاتەوە لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بوو.[١٣] دواجار لە ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، بەھۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا لە شاری دوبەی کۆچی دوایی کرد.[٣][٥]

ڕۆژی دواتر، چوارشەممە ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، تەرمەکەی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێونەتەوەییی ھەولێرەوە گەڕێنرایەوە بۆ هەرێمی کوردستان. لە مەراسیمێکی فەرمیدا بە ئامادەبوونی مەسعوود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵای حیزبی و حکوومی و دیپلۆماتکاران، پێشوازی لە تەرمەکەی کرا.[١٤] دواتر لە مزگەوتی جەلیل خەیات نوێژی لەسەر کرا و لە ھەولێر بەخاک سپێردرا.[٥]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. 1 2 3 4 5 6 7 8 9 10 11 12 13 14 15 16 «کەریم شنگالی (١٩٥٠)». Partipedia. لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  2. 1 2 3 4 5 «کەریم شنگالی کۆچی دوایی کرد». Kurdistan 24. لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  3. 1 2 3 «تەرمی کەریم شنگالی گەیشتەوە هەرێمی کوردستان». Kurdistan 24. لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  4. 1 2 3 4 5 6 7 «بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە تەرمی سیاسەتمەدار کەریم شنگالی کرا». KDP.info. لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  5. 1 2 3 4 «تەرمی وەزیری پێشووی ناوخۆی هەرێم بەخاک سپێردرا». TEBA KURDİ. لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  6. 1 2 3 4 5 «كەریم شنگالی وەزیری پێشووی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كۆچی دوایی كرد». Xebat. لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  7. 1 2 «كەریم شنگالی كۆچی دواییكرد». Esta Media Network. لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  8. 1 2 3 «تەرمى کەریم شنگالى گەڕێندرایەوە هەولێر». Channel 8. لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  9. «وەزیری ناوخۆی پێشووی هەرێمی کوردستان کەریم شنگالی کۆچی دوایی کرد». Anadolu Agency. لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  10. «کەریم شنگالی کۆچی دوایی کرد». Kurdistan Bas. لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ھێنراوە.[بەستەری مردوو]
  11. «كەریم شنگالی كۆچی دوایی كرد». Wishe. لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  12. «کەریم سنجاری کۆچی دوایی کرد». Politic Press. لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  13. «تەرمی کەریم شنگالی گەیشتەوە هەرێمی کوردستان». Westga News. لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ھێنراوە.
  14. «كەریم شنگالی وەزیری پێشووی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كۆچی دوایی كرد». Kurdistan TV. لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ھێنراوە.