شەڕی سەربەخۆییی ئیرلەندا
![]() | ئەم وتارە پێویستی بە بەستەری زیاترە بۆ وتارەکانی تر تا یارمەتیی یەکخستنی لەگەڵ ئینسایکڵۆپدیاکە بدات. |
شەڕی سەربەخۆییی ئیرلەندا | |
---|---|
![]() | |
جێ | ئیرلەند |
ڕێکەوتی دەستپێکردن | ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩١٩ |
ڕێکەوتی کۆتاییھاتن | ١١ی تەممووزی ١٩٢١ |
شەڕی سەربەخۆییی ئیرلەندا (بە ئینگلیزی: Irish War of Independence) شەڕێکی گەریلا بوو کە لە نێوان ساڵانی ١٩١٩ بۆ ١٩٢١ لە ئێرلەندا ڕوویدا، لە نێوان سوپای کۆماریی ئێرلەندا (IRA) و ھێزەکانی بەریتانیا کە پێکھاتبوون لە سوپای بەریتانیا و پۆلیسی شاھانەی ئێرلەندا (RIC) و گرووپە نیمچە سەربازییەکانی وەک فیرقەی جێگرەوە و پۆلیسی تایبەتی ئۆڵستەر (USC) ڕوویدا. قۆناغی یاخیبوونی ئێرلەندا پەرەی سەند و بوو بە شەڕی چەکداری و شەڕێکی تەواو.[١]
لە نیسانی ساڵی ١٩١٦ کۆمارییەکان سەرھەڵدانی جەژنی ئیستەریان دژی دەسەڵاتی بەریتانیا ھەڵگیرساند و کۆماری ئێرلەندایان ڕاگەیاند. ڕاپەڕینەکە دوای ھەفتەیەک لە شەڕ و پێکدادان لەناوبرا، بەڵام ڕاپەڕین و وەڵامدانەوەی بەریتانیا بووە ھۆی پەرەسەندنی پشتیوانی جەماوەری بۆ سەربەخۆیی ئێرلەندا. لە ھەڵبژاردنەکانی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩١٨دا، پارتی کۆماریخوازی شین فین سەرکەوتنێکی گەورەی لە ئێرلەندا بەدەستھێنا. لە ٢١ی کانوونی یەکەمی ١٩١٩، شین فین حکوومەتێکی جیابووەوەی پێکھێنا و سەربەخۆیی ئێرلەندای ڕاگەیاند. لەو ڕۆژەدا دوو ئەفسەری پۆلیسی شاھانەی ئێرلەندا لە ڕووداوێکی تەقەکردندا کوژران کە لەلایەن خۆبەخشانی سوپای کۆماری ئێرلەندا ئەنجامدرا کە بە ئارەزووی خۆیان بۆسەیان بۆ پۆلیسەکان لە سۆلۆھێدبێگ دانا. ململانێیەکە وردە وردە پەرەی سەند. بۆ زۆربەی ساڵی ١٩١٩ چالاکییەکانی سوپای کۆماری ئێرلەندا بریتی بوون لە دەستبەسەرداگرتنی چەک و ئازادکردنی زیندانییە کۆمارییەکان، لەکاتێکدا ئەنجومەنی کۆمۆنەکانی ئێرلەندا (دەزگای یاسادانانی خواروو) ھەوڵی دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی ئێرلەندای دەدا. لە مانگی ئەیلوولدا حکوومەتی بەریتانیا ئەنجومەنی کۆمۆنەکانی ئێرلەندا و شین فەین قەدەغە کرد و ململانێکانی زیاتر کرد. سوپای کۆماری ئێرلەندا دەستی کرد بە بۆسەدانان بۆ پۆلیسی شاھانەی ئێرلەندا و دەورییەکانی سوپای بەریتانیا و ھێرشی کردە سەر سەربازگەکانیان و سەربازەکانی لە سەربازگە دابڕاوەکانیان ناچار کرد خۆیان ڕادەست بکەن. حکوومەتی بەریتانیا بە ژمارەیەکی زۆر لە خۆبەخشانی بەریتانی پاڵپشتی پۆلیسی شاھانەی ئێرلەندی کرد- ھێزی جێگرەوە و ھێزی ڕەش و قاوەیی- کە دواتر بەھۆی خراپی ڕێکخستن و ھێرشە تۆڵەسەندنەوەکانیان بۆ سەر ھاووڵاتیانی مەدەنی بەناوبانگ بوون، کە ھەندێکیان مۆڵەتیان لەلایەن حکوومەتەوە پێدرابوو. ھەر لەبەر ئەم ھۆکارە ھەندێک جار بە شەڕی ڕەش و قاوەیی ناودەبرێت ئەم ململانێیە. نافەرمانی مەدەنی لایەنێکی دیکەی ململانێکان بوو، بەتایبەتی کاتێک کرێکارانی ھێڵی ئاسنی ئێرلەندا ڕەتیانکردەوە سەربازانی بەریتانیا یان پێداویستی سەربازی بۆ ئەوان بگوازنەوە.
لە ناوەڕاستی بیستەکانی سەدەی بیستەم کۆمارییەکان زاڵ بوون بەسەر زۆربەی ئەنجومەنەکانی پارێزگاکان و دەسەڵاتی بەریتانیا لە بەشێکی زۆری باشوور و ڕۆژاوادا داڕما و حکوومەتی بەریتانیا ناچار بوو ئەو دەسەڵاتانەی بەناو دەسەڵاتی فریاگوزاری ڕابگەیەنێت، کە لە حاڵەتی نائاساییدا ھەندێک دەسەڵات بە حکوومەت دەبەخشێت. لە کۆتایی ساڵی ١٩٢٠دا ٣٠٠ کەس کوژران، بەڵام لە مانگی تشرینی دووەمدا ململانێکان پەرەی سەند. لە ڕۆژی یەکشەممەی خوێناوی لە دبلن، ٢١ی تشرینی دووەمی ١٩٢٠، بەیانی ١٤ کارمەندی ھەواڵگری بەریتانیا تیرۆرکران و دواتر لە پاشنیوەڕۆدا پۆلیسی شاھانەی ئێرلەندا تەقەیان لە خەڵکێک کرد کە بۆ سەیرکردنی یارییەکی تۆپی پێی گەیلیک کۆبوونەوە و ١٤ ھاووڵاتی مەدەنی کوژران و ٦٥ کەسیش برینداربوون، دوای ھەفتەیەک ١٧ ئەندامی بریکاری ھەواڵگری بەریتانی لەلایەن ڕێکخراوی سوپای کۆماری ئێرلەندا لە ناوچەی بۆسەی کیلمیچیل لە کاونتی کۆرکی تیرۆرکران. حکوومەتی بەریتانیا یاسای عورفی لە زۆربەی باشووری ئێرلەندا ڕاگەیاند. ھێزەکانی بەریتانیا لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٢٠ ناوەندی شاری کۆرکیان سووتاند، لە ماوەی حەوت مانگی داھاتوودا توندوتیژی بەردەوام بوو لە پەرەسەندن و ھەزار کەس کوژران و ٤٥٠٠ کۆماریخوازیش زیندانی کران. زۆربەی شەڕەکان لە شاری مونستر (بەتایبەت کاونتی کۆرکی)، دبلن و بێلفاست ڕوویانداوە و ئەم شار و ناوچانە زیاتر لە ٧٥٪ی مردنەکانیان پێکھێناوە.[٢][٣][٤][٥][٦][٧]
ململانێی باکووری ڕۆژھەڵاتی ئۆلستەر سیمایەکی تائیفی ھەبوو. کەمینەی کاسۆلیکەکان تا ڕادەیەکی زۆر پشتگیریان لە سەربەخۆیی ئێرلەندا دەکرد، بەڵام زۆرینەی پرۆتستانتەکان پشتگیریان لە یەکێتیی لایەنگری شاھانەیییەکان دەکرد. ھێزێکی تایبەتی پۆلیس پێکھێنرا کە زۆربەیان لە پرۆتستانتەکان پێکھاتبوون و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری شاھانەش لە شەڕەکەدا چالاک بوون. دڵسۆزان ھێرشیان کردە سەر کاسۆلیکەکان وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە کردەوەکانی سوپای کۆماری ئێرلەندا و لە بێلفاست ململانێی تائیفی سەریھەڵدا و تێیدا ٥٠٠ کەس کوژران کە زۆربەیان کاسۆلیک بوون.
لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٢١، ئێرلەندا بەپێی یاسای بەریتانیا و یاسای حکوومەتی ئێرلەندا دابەشکرا و ناوچەی ئێرلەندای باکووری دروست کرد. ھەردوولا لە ١١ی تەممووزی ١٩٢١ لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن، دواتر دانوستانەکانی ئاگربەست بووە ھۆی واژووکردنی پەیماننامەی ئینگلیز و ئێرلەندا لە ٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٢١. ئەمەش کۆتایی بە دەسەڵاتی بەریتانیا ھێنا بەسەر زۆربەی ئێرلەندا و دوای ماوەی ١٠ مانگی گواستنەوە کە لەلایەن حکوومەتی کاتییەوە سەرپەرشتی دەکرا، دەوڵەتی ئازادی ئێرلەندا وەک دۆمینیون (وڵاتێکی سەربەخۆ) دامەزرا لە ٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٢٢. ئێرلەندای باکوور لە چوارچێوەی شانشینی یەکگرتوودا مایەوە. دوابەدوای ئاگربەستەکە، توندوتیژی لە بێلفاست بەردەوام بوو و شەڕ لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێرلەندا و ئێرلەندای باکوور بەردەوام بوو. ڕێکخراوی سوپای کۆماری ئێرلەندا لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٢٢ ھێرشێکی بۆ سەر ئێرلەندای باکوور دەستپێکرد، بەڵام شکستی ھێنا. لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٢ ناکۆکی کۆمارییەکان لەسەر پەیمانی ئێرلەندا بووە ھۆی سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆییی ئێرلەندا کە ماوەی ١١ مانگی خایاند. دەوڵەتی ئازادی ئێرلەندا ٦٢ ھەزار و ٨٦٨ مەدالیای ڕێزلێنانی بەخشی بەھۆی خزمەتکردن لە کاتی جەنگی سەربەخۆییدا و شەڕکەرنی سوپای کۆماری ئێرلەندا لە کەتیبەی ستوونی فڕیوو ١٥ ھەزار و ٢٢٤ مەدالیای ڕێزلێنانییان وەرگرت کە لەلایەن حکوومەتی ئێرلەندا بەخشرابوون.[٨][٩]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ https://web.archive.org/web/20190401231219/https://books.google.ie/books?id=CoW9NAEACAAJ
- ^ Dinan، Brian (1987). Clare and its people. Dublin: The Mercier Press. ISBN:085342-828-X. 2022-03-26. p. 105.
- ^ https://web.archive.org/web/20190328012029/https://militaryhistorynow.com/2015/11/09/the-black-and-tan-war-nine-fascinating-facts-about-the-bloody-fight-for-irish-independence/
- ^ https://web.archive.org/web/20180612141750/http://www.irishmedals.org/black-and-tan-medal.html
- ^ https://web.archive.org/web/20191122155735/https://www.historynet.com/michael-collins-a-man-against-an-empire.htm
- ^ Coleman, Marie. The Irish Revolution, 1916-1923. Routledge, 2013. pp.86-87
- ^ https://web.archive.org/web/20190727161410/http://www.theirishstory.com/2012/02/10/eunan-o-halpin-on-the-dead-of-the-irish-revolution/
- ^ Eunan O'Halpin, "Counting Terror", in David Fitzpatrick ed. Terror in Ireland (2012), p.152
- ^ Neil Richardson, "A Coward if I return, a Hero if I fall: Stories of Irishmen in World War I", (Dublin 2010), p.13.