شێری بەوری

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

شێری بەوری (بە ئینگلیزی: Liger) گیاندارێکی مەمکداری دووڕەگە لە نێرینەی شێر و مێینەی بەور کە بەرھەمەکەی بونەوەرێکی لێچووی شێرە لەگەڵ خەتە سەرنجڕاکێشەکانی سەر پێستی بەور. بەوە جیادەکرێتەوە کە لە ھەردوو ئەو گیاندارانەی لێوەی پەیدابووە گەورەترە، تەنانەت بە گەورەترین جۆر لە خێزانی پشیلە دادەنرێت لە جیھاندا.

تایبەتمەندییە فیزیکییەکان[دەستکاری]

شێری بەوری بە گەورەترین جۆر لە خێزانی پشیلە دادەنرێت لە جیھاندا. کە ڕەنگە درێژیەکەی بگاتە ٣٫٠٣ مەتر وە لە ھەردوو باوانی گەورەترە وە کێشەکەی زیاتر لە ٣٥٠ بۆ ٥٥٠ کگم. وە لە بەوری سیبیری گەورەترە ھەرچەندە ڕەنگە لە سرووشتدا بگاتە ٣٠٠ کگم بەڵام ئەمە بە جیاوازی دەمێنێتەوە لەگەڵ شێری بەوری سەرەڕای ئەوەش زۆربەی کات نەزۆکە. وە ڕەنگە شێری بەوری ھاوشێوەی شێری ئەشکەوتی ئەمریکی بێت کە لەناوچووە.

ھەڕقەڵ: سەرکردەی شێرەکان[دەستکاری]

ھەڕقەڵ سەرکردەی شێرەکان لەگەڵ ڕاھێنەرەکەی

ھەڕقەڵ بەناوبانگترین شێری بەوریە تا ئێستا کە لە مەیامی، فلۆریدا کێشی دەگاتە ٤١١ کیلۆگرام واتا دووھێندەی کێشی شێری ئاسایی وە لە زۆربەی بەرنامە تەلەفزیۆنی و گۆڤارەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەرکەوتووە. وە چووە ناو پەرتووکی گینس بۆ شکاندنی ژمارەکان بە ناوی گەورەترین پشیلە لە جیھاندا بێ ڕکابەر ھەتا ئێستا.

ژیان لەگەڵ خەڵک[دەستکاری]

بۆ یەکەمجار بینراوە لە سەرەتای سەدەی نۆزدە لە ئەورووپا، وە یەکێک لە ھونەرمەندەکان وێنەی کۆمەڵێک بێچووی ئەم جۆرە لە گیاندارانی کێشاوە لە ساڵی ١٨٢٥. وادادەنرێت کە شێری بەوری تازەیە لە بووندا وە ناتوانێت لە دارستاندا بژیت لەبەر نەگونجانی لە گەڵیدا بەھۆی زلی و باڵا گەورەکەی.

دووڕەگێکی ھاوشێوە[دەستکاری]

بەوری شێری یان Tigon دووڕەگێکی ھاوشێوەی شێری بەوریە بەڵام بە جیاوازی ئەوەی کە لە جووتبوونی نێرینەی بەور و مێیینەی شێر دێتە بوون.

سەرچاوەکان[دەستکاری]