سان سیمۆن

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

کۆنت کلوود ھێنری دۆرفرووا ناسراو بە سان سایمۆن (١٧ی تشرینی یەکەمی ١٧٦٠ - ١٩ی ئایاری ١٨٢٥) فەیلەسووفێکی فەڕەنسی بووە و لەگەڵ ئەوەدا بووە دەوڵەت دەست لە ژیانی ئابووری وەربدات ، ساڵی ١٧٦٠ لەپاریس لەدایکبووە، بانگەشەی بۆ گرنگیدان بە پیشەسازی کردووە و ئاماژەی بە گرنگی پەرلەمانداوە سەبارەت بە بواری ئابووری و داوایکردووە پەرلەمان بکرێت بە سێ‌ ئەنجومەنەوە (ئەنجومەنی داھێنان، ئەنجومەنی پشکنین، ئەنجومەنی جێبەجێکردن).

سان سایمۆن بەشداری لە شۆڕشی ئەمریکادا کردووە و پاڵپشتی لە شۆڕشگێرەکانی فەڕەنسا کردووە لە فەڕەنسا، لەژیانیدا ڕوبەڕوی برسێتی و دەربەدەری بۆتەوە و نەھامەتیەکی زۆری چێشتووە لەپێناو دروستکردنی بیرۆکەکانی و ئامانجی پێکھێنانی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر بووە و لە ناودارترین بەرھەمەکانی مەسیحییەتی نوێیە.

ئەو کەسانەی شوێنکەوتووی سان سایمۆن بوون و بە سان سیمونیەکان ناسرابوون داوای پوچەڵکردنەوەی میراتیان کردووە و پێیان وابووە کە نابێت سەروەت و سامان تەنھا لەنێو بازنەی یەک خێزاندا بێت بەڵکو دەبێت سەروەتی تاکە کەس لەدوای مردنی بدرێت بە دەوڵەت و دەوڵەتیش بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو بگرێت و بەروبومەکان ڕێکبخات و کەسی شیاو لە شوێنی شیاودا دابنێت و ئیشوکارەکان لەسەر ئەم بنەمایە دابەشبکات بەسەر کەسەکاندا، ھەروەھا داوایانکردووە دەسەڵات بدرێت بەو کەسانەی پیشەسازن نەک بدرێت بەزانایان چونکە بەبڕوای ئەوان پیشەسازییەکان سەرۆکی ڕاستەقینەی گەلن.

لایەنگرانی سان سایمۆن دەوڵەتی میسریان بەباشترین شوێن زانیوە بۆ جێبەجێکردنی بیرۆکەکانیان و لەکاتی دەسەڵاتی محەممەد عەلی دا زۆربەی زۆریان کۆچیان کردووە بۆ میسر.

سان سایمۆن لەساڵی ١٨٢٥ کۆچی دوایی کردووە.