بۆ ناوەڕۆک بازبدە

زنجیرەی بێکۆتایی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

زنجیرەی بێکۆتایی لە زاراوەی فەیلەسووفان و زانایانی زانستی کەلامدا ئەوەیە کە پەیدابوونی شتێک بەسرابێ بە پەیدابوونی شتێکی ترەوە کە پەیدابوونی ئەویش بەسرابێ بە پەیدابوونی شتی سێیەمەوە و، پەیدابوونی سێیەمیش بە چوارەم و، چوارەمیش بە پێنجەم و، ھەر بەم جۆرە، ئەم بەسراوییە ھەرگیز دوایی نەیەت.[١] ئەم یەک لە دوای یەکتری ھاتنە وەکوو ئەڵقەکانی زنجیر وایە، زنجیرێ کە ئەڵقەی یەکەمینی دیارە بەڵام ئەڵقەی دوایینی نادیارە.

لە مێژووی فەلسەفە، یەکەم جار ئەرەستوو لە باسەکانی خۆیدا، لەوانە باسی لێھاتوویی و بەدیھاتوویی، ئاماژەی بە نادروستی و بێبڕستیی زنجیرەی بێکۆتایی کردووە. بەڵام بەڵگەھێنانەوە بۆ نیشاندانی بێبڕستییەکەی و، بە دوورودرێژی دەسنیشانکردنی جۆرەکانی، کاری فەیلەسووفان و زانایانی کەلامی سەردەمی ئیسلامی بووە. زنجیرەی بێکۆتایی بۆ زانایانی کەلام بە تەسەلسول ناسراوە. دەور و تەسەلسول زۆربەی جارەکان پێکەوەن. ھەر بەڵگەھێنانەوەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی تەسەلسول ڕوو کراوە، بۆ ڕەتکردنەوەی دەوریش دەبێ. چونکە دەور ھەمیشە تەسەلسولی تیایە. تەنانەت ھەندێ جار بە دەور دەڵێن تەسەلسولی دەوری. فەرقیان لەوەدایە کە دەور کۆتاییھاتووە و تەسەلسول بێکۆتایییە.[٢]

سەرچاوەکان

[دەستکاری]
  1. ^ «تسلسل». دانشنامە جھان اسلام.
  2. ^ «دور و تسلسل». دائرة المعارف بزرگ اسلامی.{{cite web}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)