دەروازە:مۆسیقای کوردی/ژیاننامەی ھەڵبژێردراو/٥

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

جوان حاجۆ (بە لاتینی: Ciwan Haco، لەدایکبووی ١٩٥٧) گۆرانیبێژێکی بەناوبانگی کوردە. جوان حاجۆ لە ١٧ی ئابی ١٩٥٧ لە تربەسپیێ لە ناوچەی قامیشلۆ لە دایک بووە. جوان لە بنەماڵەی حاجۆ ئاغایە کە لە دوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران ناوچەی مێردینیان بەجێ ھێشتووە. ھەر لە منداڵیەوە بە دوای مۆسیقاوە بووە و لە ١٧ ساڵیدا بۆ یەکەم جاری لە شوێنێکی گشتیدا گۆرانیی وتووە. لە ١٩٧٩ کوردستان بە جێ دەھێڵێت و لە ئاڵمانیا لە زانکۆی Ruhr University Bochum خوێندنی مۆسیقا دەست پێ دەکات. لەو ماوەیەدا مۆسیقازانە ئاڵمانییەکان وەک Udo Herbst کاریگەرییان لەسەری داناوە. ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوە کە بە مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی و بە تایبەتمەندییەکانی مۆسیقای پۆپ و ڕۆکی ئەورووپی شێوازێکی نووژەن و تایبەتی خۆی پێک بێنێت. مانەوەی لە نۆرویژ و کارکردن لەگەڵ مۆسیقازانی ئەوێ ئەزموونی جوان حاجۆیان پڕپیتتر کردەوە. لە ساڵی ٢٠٠٤ ڕێگەی پێ درا لە تورکیا کۆنسەرت بگێڕێت کە پێشوازییەکی زۆر مەزنی لێ کرا. لە دوای ١٩٩٩ کە ژیانی ھاوبەشی پێکھێنا دەقی سترانەکانی جوان حاجۆ گۆڕانکاری بە خۆوە بینی و لە شێوازێکی شۆڕشگێڕانەوە بەرەو باسی جوانییەکانی ژیان و ئەوینەوە ڕۆیشت. ھەروەھا جوان حاجۆ لە فیلمی دۆڵ (٢٠٠٧) لە دەرھێنانی ھونەر سەلیم ڕۆڵی ھەبووە.


زیاتر...