خانووەکەی مزگەوتێ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
بەرگی وەرگێڕانی کوردی

خانووەکەی مزگەوتێ ڕۆمانێکە بە زمانی ھۆڵەندی نووسراوە لە لایەن نووسەری بە ڕەگەز ئێرانی قادر عەبدوڵڵا و لە ساڵی ٢٠٠٥ بڵاوکراوەتەوە. ڕۆمانەکە باس لە ئێران و سەردەمی شا محەممەدڕەزا پەھلەوییەوە دەکات تاوەکو ڕووخانی ڕژێمی شا و ھاتنە سەر حوکمی ئایەتولڵا خومەینی و مردنی خومەینی لە ڕێگەی خێزانێکی خانووەکەی مزگەوتێ. ڕۆمانەکە لە ساڵی ٢٠٠٧ بە دووەم باشترین ڕۆمانی ھۆڵەندی مێژوو دیاریکرا.[ژێدەر پێویستە]

چیڕۆکی ڕۆمانەکە[دەستکاری]

ڕۆمانەکە باس لە ژیانی سێ خێزانی ئامۆزای یەکدی دەکات: ئاغاجان کە بازرگانێکی مافووری شارە. ئەلسابڕی کە مەلای مزگەوتەکەیە و ئاغا شۆجاعیش کە بانگدەری مزگەوتێیە کە لە خانوێکی ٣٥ ھۆدەیی دا دەژین کە لە پاشخانی مزگەوتەکەی شاری زەنجانە. چیڕۆکەکە ھەر لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکان دەستپێدەکا و بە درێژایی ساڵەکان و ڕووداوەکان لەگەڵ ئەو خێزانەدا دەڕوا. کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە ئاغاجانە کە ڕۆڵێکی گەورە و گرنگی ھەیە ھەم لە شار و بازاڕ و ھەم لە ماڵەوە و ناو خێزانیش. بەڵام دوای شۆڕشەکەی ئایەتولڵا خومەینی وڵات بە تەواوی دەگۆڕێ و ئەو گۆڕانانەش کار لە خێزانەکەی خانووەکەی مزگەوتێ دەکا و تووشی ھەرەسھێنان و دەرکردن و ناخۆشی دەبنەوە. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە ژیانی نووسەری ڕۆمان؛ قادر عەبدولڵا، بە وێنەی خێزانەکەی مزگەوتێ بووە. باوکی مافوورچن بووە و خێزانەکەشی دیندار بوون. ھەر لە گەنجێتیشیدا چۆتە ڕیزی پارتێکی چەپی ئێرانی، ئەمەش وێنەدانەوەی لە کاراکتەری شاباڵی نێو ڕۆمانەکەیە، کە کوڕی ئاغا شۆجاعە. ھەرچەندە ڕۆمانەکە باس لە مێژووی ئێران دەکا، بەڵام قادر عەبدولڵا ھەندێک وردەکاری و ڕووداوی گۆڕیوە.

کاراکتەرەکان[دەستکاری]

  • ئاغاجان - سەرخێزان و بازرگانی شار.
  • فەخری سادات - ھاوسەری ئاغاجان.
  • ئەلسابڕی - مەلای مزگەوتێ.
  • زیننەت - ھاوسەری مەلا ئەلسابڕی.
  • ئەحمەد - کوڕی ئەلسابڕی و مەلای جێگرەوەی باوکی.
  • سەدیقە - کچە گەورەی ئەلسابڕی و زیننەت خانم.
  • خاڵخاڵی - ھاوسەری سەدیقە کە دواتر دەبێتە دەستەڕاستی ئایەتولڵا خومەینی و دادوەری ئیسلام.
  • مارمێلکە - کوڕە کەمئەندام و ناتەواوەکەی خاڵخاڵی و سەدیقە.
  • ئاغا شۆجاع - بانگدەری مزگەوتێ.
  • شاباڵ - کوڕی ئاغا شۆجاع. ڕەنگدانەوەی نووسەر لە ڕۆمانەکە.
  • گوڵبێ و گوڵبانوو - دادەکانی خانووەکە کە ھەموو شتێک بەڕێوە دەبەن.
  • نوسڕەت - برا گچکەی ئاغاجان کە ھەر لە زووەوە خانووەکەی جێھێشتووە و لە تاران دەژی.
  • کازم خان - مامی ئاغاجان.

وەرگێڕانی کوردی[دەستکاری]

ڕۆمانەکە لە ساڵی ٢٠١٦دا لەسەر دەستی شەفیقی حاجی خدر لە ھۆڵەندییەوە وەرگێردڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لەلایەن ناوەندی ئاوێرەوە بڵاوکراوەتەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]