جوگرافیای مرۆڤی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
بڵاوبوونەوە و چڕی دانیشتووانی جیهان

بەگشتی، جوگرافیای مرۆڤی هەموو لایەنەکانی دیسیپلینی گەورەتری جوگرافیا جگە لە ئەوانەی ڕاستەوخۆ بە جوگرافیای سروشتی و لایەنە تەکنیکییەکانی وەک کارتۆگرافی پەیوەندیان هەیە، لەخۆ دەگرێ. لە زۆربەی وڵاتان، جوگرافیا بە دوو بەشی سەرەکی دابەش کراوە: سروشتیی و مرۆڤی. ئەم دابەش بوونە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و ساڵانی یەکەمی سەدەی بیستەم ڕووی داوە. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەمەیە کە دابەش بوونی ئەم ڕێژەیە زوو ڕووی دا؛ پاش ئەوەی هەندێک لە ڕێبەران و پێشەنگانی جوگرافیا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم بەو باوەڕەی گەیشتبوون، ئەم دیسیپلینە واتە جوگرافیا دەتوانێ شوێنێک بۆ خۆی لە زانکۆکان بکاتەوە ئەگەر لە ناوەڕۆکی زانستیی بوونی واتە توێژینەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سروشت و چاند(کولتور)، داکۆکی بکرێ. ئەمڕۆکە ئەم پێگە هزرییەیە دەگەڕێتەوە بۆ کارلێکی مرۆڤ-ژینگە.

پێکهاتەی جوگرافیای مرۆڤی:[دەستکاری]

جوگرافیای مرۆڤی مەیدانێکی زۆر بەربڵاوە و بریتییە لە مەودایەکی جیاواز و جۆراوجۆر لە ژێربەش و دیسیپلینەکان. ئەم ژێربەشانەی جوگرافیا بریتین لە: جوگرافیای کشتوکاڵ، جوگرافیای ئاکاری، جوگرافیای چاندی، جوگرافیای ئابووری، جوگرافیای هەڵبژاردن، جوگرافیای مێژوویی، جوگرافیای پیشەسازی، جوگرافیای سیاسی، جوگرافیای دانیشتووان، جوگرافیای گوند، جوگرافیای شار، جوگرافیای کۆمەڵایەتی و جوگرافیای گواستنەوە. لە نێو هەمووی ئەم ژێربەشانە، سێ ڕوانگە بۆ توێژینەوە باوە و دەبیندرێن: (١). شیکردنەوەی فەزایی(Spatial Analysis)،(٢). پەیوەندی نێوان شوێنەکان؛ و (٣). سنەتێزی هەرێمی(ناوچەیی- Regional) بە بیچم و فۆڕمی جۆراوجۆر.

پرسی جوگرافیای مرۆڤی:[دەستکاری]

بەشێوەیەکی بنچینەیی، جوگرافیناسانی مرۆڤی، پرسیارگەلی، "لەکوێ" و "بۆچی" سەبارەت بە چالاکییە مرۆڤییەکان دەپرسن. بۆ وێنە، ناوەندە سەرەکییەکانی پیشەسازی فڕۆکە لە کوێن و بۆچی لەوێ هەڵکەوتوون؟، لە چ وڵاتانێکەوە ئەفریقی ئەمریکییەکان بۆ باشووری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کۆچیان کردووە و بۆچی؟، هەروەها جوگرافیناسانی مرۆڤی ڕەنگە لە شێوازی جیهانی چڕی دانیشتووان، بکۆڵنەوە. چاوخشاندنێک بەسەر نەخشەی دانیشتووانی جیهان، سێ کۆگا و چڕبوونەوەی سەرەکی دنیشتووان لە جیهان دەنوێنێ: ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، باشووری ئاسیا، و ئەورووپای کەناری تا دەگاتە ڕۆژهەڵات بۆ زنجیرەچیاکانی ئورال(Ural Mountains). ئەم سێ ناوەندەی دانیشتووان، نزیکەی نیوێک لە خەڵکی جیهان لەخۆ دەگرن. جوگرافیناسی مرۆڤی دەبێ بپرسێ ئەم چڕبوونەوە بۆچی ڕووی داوە و ئاکامی ئەمە چ دەبێ.

سەرچاوە:[دەستکاری]

Pitzl, Gerald R. (2004), Encyclopedia of Human Geography, Greenwood Press; USA.