جوگرافیای دانیشتووان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

جوگرافیای دانیشتووان تا ڕادەیەک لقێکی تازەیە لە لقەکانی جوگرافیای مرۆڤی، وێڕای بایەخدانی جوگرافیناسان بە تایبەتمەندییە دانیشتووانییەکان وەکوو بەشێک لە لێکۆڵینەوە هەرێمییەکان، لە ساڵی (١٩٦٦) ویلبر زلینسکی جوگرافیناس، ئەم پێناسەی سەبارەت بە جوگرافیای دانیشتووان خستە ڕوو: " دەتوانین بڵێین جوگرافیای دانیشتووان ئەو زانستەیە وا لەو ڕێگایانە دەکۆڵێتەوە کە بە هۆیانەوە تایبەتمەندی جوگرافی شوێنەکان پێکدەهێنێ، هەروەها لە شوێن و کاتدا لەگەڵ دیاردە دانیشتووییەکان کارلێک دەکا". هەروەها زلینسکی دەڵێ: جوگرافیای دانیشتووان گرنگی بە سێ ئاستی جیاواز دەدات کە ئەمانەن:

١- وەسف کردنێکی سادەی شوێنەکە و ژمارەی دانیشتووان و تایبەتمەندییەکانی.

٢-ڕاڤەکردنی شوێنجێی ئەو ژمارانە و تایبەتمەندییەکانی.

٣- شیکردنەوەیەکی جوگرافی بۆ دیارەدەی دانیشتووان.

بۆگوار کارنبر بەم شێوەیە ڕای خۆی لەبارەی جوگرافیاوە دەربڕیوە: "ئەگەر دیموگرافیا حەقیقەتە دیموگرافییەکان بپێوێ و لێکیان بداتەوە، ئەگەر مێژوونووس شوێن پێی پێشکەوتنی مێژوویی حەقیقەتە دیموگرافییەکان هەڵبگرێ، ئەگەر کۆمەڵناس لە ڕێگای چاودێری کردنی کۆمەڵگای مرۆییەوە، بەدوای هۆکار و ئەنجامەکانی حەقیقەتە دیموگرافییەکانەوە بگەڕێ، ئەوە ئەرکی جوگرافیایە حەقیقەتەکان وەکوو ئەوەی لە ژینگەکانیاندا هەن وەسف دەکات، هەروەها هۆکار و تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی و ئەنجامە کەڵەکەبووەکانی سەری دیراسە دەکات". لە ڕوانگەی ئەوەوە، دیراسەکردنێکی جوگرافیانەی دانیشتووان جەخت دەکاتە سەر سێ لایەن:

١-دابەشکردنی دانیشتووان لەسەر ڕووی زەوی.

٢- پەرەسەندنی کۆمەڵگا مرۆییەکان.

٣- مەودای ئەو سەرکەوتنەی کە جوگرافیا لەو کۆمەڵگایانەدا بەدەستی هێناوە.

جیاوزای بنچینەیی دوو زانستی دیموگرافیا و جوگرافیای دانیشتووان ئەوەیە: دیموگرافیا جەخت دەکاتە سەر کات بەڵام جوگرافیا جەخت دەکاتە سەر شوێن.

سەرچاوە[دەستکاری]

عەبد سهاونە، فوزی، عبودە سمحە، موسا(٢٠٠٩)، جوگرافیای دانیشتووان، وەرگێڕانی هیوا ئەمین شوانی، چاپی یەکەم؛ دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی: هەولێر.