تیز

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

تیز یان تەنز (بە فارسی: طنز، بە ئینگلیزی: satire) ھونەر ێکە کە نالەباری و نەگونجاوییەکانی کۆمەڵگە کە بەڕواڵەت لەبار و گونجاو دەنوێنن، بە شێوەیەکی ھونەرمەندانە و جوانیناسانە دەردەخات.

ڕیشەی وشە[دەستکاری]

تیز لە وشەدا بە واتای تانە و پلاری تێکەڵ بە پێکەنینە. ئەم وشەیە بە ھاوتای وشەی satire لە ئینگلیزیدا ھەڵبژێردراوە، کە لەبنەڕەتدا یۆنانییە . satira ناوی قەرتاڵەیەک پڕ لە میوەی جۆراوجۆرە کە پێشکەشی یەکێک لە خودایانی کشتوکاڵ کراوە.

چییەتی[دەستکاری]

تیز مرۆڤ تووشی ڕامان دەکات و کەسایەتییەکی ئاڵۆز و چەن لۆی ھەیە. ئەگەرچی سروشتی لە سەر پێکەنینە بەڵام پێکەنین تەنیا وەک ئامێرێک بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی بەرزتر و وریا کردنەوەی مرۆڤ لە قووڵای گناسی و بەدفەڕییەکان، بەکار دەھێنێت. گەرچی لەڕواڵەتدا مرۆڤ دەخاتە پێکەنین، بەڵام لە پشت ئەم پێکەنینەدا ڕاستییەکی تاڵی حەشار داوە کە پێکەنینەکە لە دەروونی مرۆڤدا دەخنکێنێ و تووشی بیرکردنەوە و ڕامانی دەکات. بەم بۆنەوە دەڵێن : "تیز گریانێکە بە قاقاوە، تیز پێکەنینێکە بە ئاخەوە" تیز لە خۆیدا دەروونی مرۆڤ ھەڵدەشێوێنێ، دڕدۆنگییەکای پتر دەکا و مرۆڤ لە خەوی خۆشی دڵنیای دادەچڵەکێنێ.جان درایدێن لە وتاری "ھونەری تیز"دا تیزی بە شمشێرێک چواندووە کە زۆر بە شەنگی سەر لە لەش جیا دەکاتەوە و دەیخاتەوە شوێنی خۆی.

شێوەکانی تیز[دەستکاری]

جۆرەکانی بەرھەمی ئەدەبی کە تیزنووس دەیخولقێنێ زۆرە؛ وەک ڕۆمان ، شانۆ ، شیعر ، چیرۆک و... بەڵام تەکنیکەکانی زۆر نین و بریتین لە:١. بچووک کردنەوە ٢. گەورە کردنەوە ٣. لاسایی کردنەوەی پێکەنیناوی بەرھەمێکی ئەدەبی ناسراو ٤. خولقاندنی بارودۆخێک لە بەرھەمدا کە لەخۆیدا پێکەنینی بێ ٥. بەکار ھێنانی وشەی سەرزاری کەسی بەرتیز لە چوارچێوەیەکی پێکەنینیدا

ئامانجی تیز وریابوونەوە و تێڕامانی مرۆڤە لە خاڵە لاوازەکانی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی ھونەرمەندانە و بە مەبەستی چاکسازی، و ھەر بەم تایبەتمەندییە لە قسەی خۆش و نەستەق، حەنەک و فڕاوێژی (ھەجو) و... جیا دەبێتەوە.

سەرچاوە[دەستکاری]

  • L'Ironie littéraire. Essai sur les formes de l'écriture oblique by Philippe Hamon, Hachette Littérature, ۱۹۹۶
  • Der Ernst der Ironie. by Rudolf Lüthe, Königshausen & Neumann, ۲۰۰۳