بەشکۆ (فەلسەفە)
لە فەلسەفە، بەشکۆ یا شکۆدار یا شکۆمەند (بە ئینگلیزی: sublime، بە عەرەبی: جلیل، سمو) (وەرگێڕانەکانی تر: بەرزەجێ، بەرزنشین)[١] ئاوەڵناوێکە بۆ وەسفی کەسێک یا بەرھەمێکی ھونەری یا دیمەنێک لە دیمەنەکانی سروشت کە ھاوکات ھەم گەورەیە و ھەم سامدار، گەورەبوونەکەشی تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ قەبارە و ئەندازە، بەڵکوو گەورەیی و بەرزیی پلە و پایەش دەگرێتەوە.
لە سەدەی ھەژدیەم بەم لاوە، لە جوانیناسیدا شکۆ بەرامبەر بە جوانی دادەنرێ (جەلال بەرامبەر بە جەمال).[٢]
ھەر شتێکی لەڕادەبەدەر مەزن یا بەرین، وەک ئاسمان یا ئۆقیانووس، یا ھەر شتێکی چەتوون یا بەھێزی کەس پێنەوێراو و مرۆڤ نوقمکەر، وەک لافاوی بێ ئامان یا کوێستانی ھەڵەمووت یا ھەڵدێرگە، سەرنجی مرۆڤ ڕادەکێشێ و «بەشکۆ» دێتە بەرچاو. ھەرچەند ئەزموونکردنی شتی بەشکۆ تا ئەندازەیەکی دیار دڵنەگرە، بەڵام چێژێکی تایبەتیشی لەگەڵایە: ئێمە پێنەوێران لەبەر سامناکی و، ھەستی نوقمبوون لە نێو مەزنایەتیی شتەکانمان پێ خۆشە. کانت دەیوت، ئەم چێژە بەرھەمی ئاگاییمانە. ئاگایی لەوەی کە ئەقڵمان دەستی بەسەر ھەستماندا دەڕوا و فەرمانی پێ دەکا.[٣]
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ بەختیار سەجادی، فەرھەنگی زاراوەی ڕەخنەیی.
- ^ Penguin Dictionary of Philosophy.
- ^ Audi, Robert. (2015). Sublime. The Cambridge Dictionary of Philosophy, Cambridge University Press.