بنەچەی ھاوبەش

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

دیاردەی بنەچەی ھاوبەش لە ژینناسی پەرەسەندن دا ھەڵدەستێت بە ڕوونکردنەوەی شێوازی ھاوبەشی کردنی نوێترین بنەچەی ھاوبەش لە نێوان کۆمەڵەیەک زیندەوەران دا. بەڵگەی گەورە و پتەو ھەیە[١] دەربارەی بنەچەی ھاوبەشی ھەموو جۆرە زیندەکان لەسەر زەوی.

بنەچەی ھاوبەش دێتە کایەوە لەڕێی دروست بوونی جۆرەکانەوە لە نێوان زیندەوەرانی جۆرە جیاوازەکان دا. جۆرە نوێیەکان دروست دەبن لەڕێی یەک بنەچەوە و ئەو زیندەوەرانەی خاوەنی بنەچەیەکی ھاوبەشی نوێترن زیاتر لەیەکتری نزیکن.

ھەموو ئەو زیندەوەرانەی لەسەر زەوی دەژین ھاوبەشیان ھەیە لە ئاسەوارێکی بۆماوەیی (جیینی) دا و ٦٣٣١ کۆمەڵە بۆماوە ناسێنراوە کە ھاوبەشە لە نێوان ھەموو زیندەوەران دا کە دەکرێت سەرچاوەکەی تەنھا یەک بنەچەی ھاوبەش بووبێت کە ٦٥٠ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر ژیاوە.[٢][٣]

بۆ یەکەمین جار بنەچەی ھاوبەشی جیھانی لەڕێی رێکارێکی پەرەسەندنەوە لەلایەن سروشتزانی بەڕیتانی (چارلز داروین)ەوە پێشنیار کرا کە لە کتێبەکەی ساڵی ١٨٥٩ دا بە ناوی (دەربارەی سەرچاوەی جۆرەکان - On the Origin of Species) ئاماژەی پێ دەکات.

مێژوو[دەستکاری]

لە ساڵانی ١٧٤٠ کان دا، زانای بیرکاری پیێر لویس موپێختیوی ھەڵسا بە ئەنجام دانی یەکەمین پێشنیار کە ھەموو زیندەوەران خاوەنی یەک بنەچەی ھاوبەشن و لەڕێی گۆرانی ھەڕەمەکی و ھەڵبژاردەی سروشتییەوە لە یەکدی جیابوونەتەوە.[٤][٥]

لە ساڵی ١٧٩٠ دا، فەیلەسوف ئیمانوێل کانت لە کتێبی (ڕەخنەی بڕیاردان - Critique of Judgement - Kritik der Urteilskraft) ئاماژە دەکات بەوەی کە لێکچوونی جۆرەکانی ئاژەڵان نیشانەیە بۆ یەک جۆری ھاوبەش و یەک باوانی ھاوبەش.[٦]

بۆچوونەکانی چارلز داروین دەربارەی بنەچەی ھاوبەش ئەوە بوو کە ئەگەر ھەیە یەک باوان ھەبێت بۆ ھەموو جۆرەکانی ژیان، وەک ئەوەی لە کتێبەکەی (دەربارەی سەرچاوەی جۆرەکان - On the Origin of Species) باسکراوە ە دەلێت:

«بۆیە لە ئەنجام دا دەبێت بلێم کە لەڕووی ھاوشێوەییەوە، ئەگەر ھەیە ھەموو بوونەوەرە زیندەییەکانی لەسەر زەوی ژیاون تەنھا لە یەک جۆری سەرەتاییەوە سەرچاوەیان گرتووە و بۆ یەکەمین جار ژیان دەستی بە ھەناسەدان کردووە.»[٧]

زیاتر بەردەوام دەبێت «ئێمە ھەموو گۆرانکارییەکان نازانین کە ڕوویانداوە لەنێوان سادەترین و پێشکەوتووترین جۆری ئەندامەکان و نەتوانین وا خۆمان پیشان بدەین کە ھەموو شێوازەکانی گۆرانکاری دابەشبوون دەزانین بە دێژای ئەو ھەموو ساڵە یان دەزانین چەندە نا وردە تۆمارە بە بەردبووەکان. بەڵام بە بۆچوونی من ئەم ھەموو ئاڵۆزی و ناڕوونیانە نابنە ھۆکاری ڕەتکردنەوە و ھەڵوەشاندنەوەی بیردۆزی پەیدابوون لە چەند جۆرێکی سەرەتاییەوە.»

بەڵام بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو سەرنجەی و دەڵێت «ھاوشێوەیی یەک ھەنگاوی زیاتریشم پێ دەنێت بەرەو ئەو بڕاویەی کە ھەموو ئاژەڵ و ڕووەکەکان لە تەنھا یەک نموونەوە سەرچاوەیان گرتووە و پەیدابوون بەڵام ھاوشێوەزانی (لێکچوون نێوان زیندەوەران) دەکرێت ڕێ نیشاندەرێکی ھەڵخڵەتێنەر بێت.»

لە دوای بەرھەمەکەی داروین بنەچەی ھاوبەش بەشێوەیەکی فراوان پەسەندکراو بوو لە کۆمەڵگەی زانستی دا.[٨] لە ١٩٠٧ دا، ڤێرنۆن کێڵۆگ لێدوانی دا کە «ھیچ سروشتزانێکی خاوەن پێگە و دەسکەوتێکی ناسراو گوومانی نییە لە بیردۆزی بنەچەیی.»[٩]

لە ٢٠٠٨ دا، زیندەزان (ت. ڕایەن گرێگۆری) تێبینی ئەوەی کرد کە ھیچ سەرنج یان تێبینییەک نەدۆزراوەتەوە کە دژی بیرۆکەی گشتی بنەچەی ھاوبەش بێت. بۆیە ھیچ جێگای سەرسورمان نییە کە کۆمەڵگەی زانستی بەشێوەیەکی زۆرینە بنەچەی پەرەسەندنیان پەسەندکردووە وەک ڕاستییەکی مێژوویی و بە یەکێک لە پشت پێ بەستراوترین و گرنگترین ڕاستی بنچینەیی دادەنێت لە ھەموو زانست دا.[١٠]

بەڵگەکان[دەستکاری]

زیندە کیمایی (بایۆ کمیستری) ھاوبەش[دەستکاری]

ھەموو جۆرەکانی ژیان بەندن لەسەر ھەمان ڕێکخراوری زیندە کیمایی بنچینەیی. زانیارییە بۆماوەییەکان لەسەر ناوکە ترشی ڕایبۆزی کەم ئۆکسجین (DNA) تۆمار دەکرێن و لەسەر (RNA) جارێکی تر وێنەیان لەبەر دەگیرێتەوە لەڕێی کاریگەرییەکانی پرۆتین و ئەنزیمەکانی (RNA)ەوە. دواتر لەلایەن ڕایبۆسۆمەکانەوە وەردەگێردرێتە سەر پرۆتینەکان بە ھاوکاری ATP, NADPH و سەرچاوەکانی تری وزە. نزیکەی ٢٣ جۆر لە پرۆتینەکان بوونیان ھەیە لە ھەموو زیندەوەرەکان دا کە وەکو ئەنزیم کاردەکەن و ھەڵدەستن بە ئەنجامدانی ئەرکە بنچینەییەکان وەک لەبەرگرتنەوەی DNA وە ئەو ڕاستییەی کە تەنھا یەک کۆمەڵە ئەنزیمی لەو جۆرە بوونیان ھەیە کە دەکرێت وەک بەڵگەیەکی پشت ڕاستکەرەوە تەماشابکرێت بۆ بیرۆکەی تاکە بنەچە.[١١]

ھێما (کۆد)ی بۆماوەیی ھاوبەش[دەستکاری]

ھێما بۆماوەییەکان (کە بە پێی خشتەی وەرگێران زانیاری DNA وەردەگێردرێت بۆ ترشە ئەمینۆکان و دواتریش بۆ پرۆتینەکان) ھاوشێوەیە لە ھەموو جۆرە زیندەوەرەکان دا لە بەکتریاەوە بۆ ئاژەڵ و ڕووەکەکان. لەلایەن زیندەناسانەوە گشتگیری جیھانی ئەم ھێمایە وەک بەڵگەیەکی حاشاھەڵنەگر و کۆتایی دادەنرێت دەربارەی بنەچەیەکی ھاوبەشی جیھانییەوە.[١٢]

وا دەردەکەوێت کە شێوازی دانانی کۆدۆنەکان (DNA سیانییەکان) لەسەر ترشە ئەمینییەکان باشترکراوە. ریچارد ئیگڵ جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە زنجیرە لاتەنیشتە ناجەمسەرەکان بەشێوازێکی زۆر باش ڕێکخراون و پێی وایە ئەمە بۆتە ڕێ خۆشکەر کە زیندەوەرە سەرەتاییەکان بتوانن پێپتاید (زنجیرە ئەمینۆ کورتەکان) دروست بکەن و ناوچە بەرپەچدەرەوە ئاوییەکان توانایان ھەبێت پشتگیری کارلێکەکانی ئالۆگۆری ئەلکترۆنە سەرەکییەکانیان ھەبێت (کردەی رێدۆکس) بەمەبەستی ئالۆگۆرکردنی وزە.[١٣]

لێکچووەکانی دیکە[دەستکاری]

زۆرجار زیندەزانان گشتگیرێتی چەند لایەنیی ژیانی خانەیی وەک بەڵگەی پشتگیرکەر بەکاردەھێنن وەک لە بەڵگە باسکراوەکانی سەرەوە و لێکچوونەکان ھەڵگری وزە (ATP) لەخۆدەگرن. بەڵام ڕێشی تێدەچێت کە ئەم لێکچوونانە بەھۆی یاسا فیزیای و کیماییەکانەوە ھاتبێتە کایەوە وەک ئەوەی لە بنچەیەکی جیھانی گشتگیری ھاوبەشەوە ھاتبێتە کایەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Theobald، Douglas L. (13 May 2010). "A formal test of the theory of universal common ancestry". Nature. 465 (7295): 219–222. Bibcode:2010Natur.465..219T. PMID 20463738. doi:10.1038/nature09014. 
  2. ^ Zimmer، Carl (4 May 2018). "The Very First Animal Appeared Amid an Explosion of DNA". The New York Times. لە ڕێکەوتی ٠٤ی ئایاری ٢٠١٨ ھێنراوە. 
  3. ^ Paps، Jordi؛ Holland، Peter W. H. (30 April 2018). "Reconstruction of the ancestral metazoan genome reveals an increase in genomic novelty". Nature Communications. 9 (1730 (2018)): 1730. Bibcode:2018NatCo...9.1730P. PMC 5928047Freely accessible. PMID 29712911. doi:10.1038/s41467-018-04136-5. لە ڕێکەوتی ٠٤ی ئایاری ٢٠١٨ ھێنراوە. 
  4. ^ Crombie & Hoskin 1970, pp. 62–63
  5. ^ Treasure 1985, p. 142
  6. ^ Harris 1981, p. 107
  7. ^ Kant 1987, p. 304: "Despite all the variety among these forms, they seem to have been produced according to a common archetype, and this analogy among them reinforces our suspicion that they are actually akin, produced by a common original mother."
  8. ^ Darwin 1818, p. 397 [§ 39.4.8]
  9. ^ Darwin 1859, p. 484
  10. ^ Kellogg, Vernon L. (1907). Darwinism To-Day. Henry Holt and Company. p. 3
  11. ^ Paps، Jordi؛ Holland، Peter W. H. (30 April 2018). "Reconstruction of the ancestral metazoan genome reveals an increase in genomic novelty". Nature Communications. 9 (1730 (2018)): 1730. Bibcode:2018NatCo...9.1730P. PMC 5928047Freely accessible. PMID 29712911. doi:10.1038/s41467-018-04136-5. لە ڕێکەوتی ٠٤ی ئایاری ٢٠١٨ ھێنراوە. 
  12. ^ Knight، Robin؛ Freeland، Stephen J.؛ Landweber، Laura F. (January 2001). "Rewiring the keyboard: evolvability of the genetic code". Nature Reviews Genetics. 2 (1): 49–58. PMID 11253070. doi:10.1038/35047500. 
  13. ^ Egel، Richard (March 2012). "Primal Eukaryogenesis: On the Communal Nature of Precellular States, Ancestral to Modern Life". Life. 2 (1): 170–212. PMC 4187143Freely accessible. PMID 25382122. doi:10.3390/life2010170.