نوێترین بنەچەی ھاوبەش

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

لە زانستی زیندەزانی و بۆماوەزانی دا (نوێترین بنەچەی ھاوبەش (MRCA) یان کۆتا بنەچەی ھاوبەش (LCA))ی کۆمەڵە زیندەوەرێک بریتییە لە نوێترین تاک کە ھەموو زیندەوەرەکانی کۆمەڵەکە سەرچاوەیان لێوەگرتووە. دەستەواژەکە بۆ بنەچەی کۆمەڵە بۆماوەیەک (جیین) بەکاردێت نەک زیندەوەر.

دەکرێت (MRCA) کۆمەڵە تاکێک دەستنیشان بکرێت لەڕێی ئاماژە پێکردنی زانستی دامەزراوی پەرەسەندنی وەچەکانەوە. ھەرچەندە بەشێوەیەکی گشتی کارێکی ئەستەمە دەستنیشان کردنێکی وردی (MRCA) کۆمەڵەیەکی گەورە بەڵام دەکرێت خەمڵاندنێکی نزیک ئەنجامبدرێت بۆ ئەو کاتەی کە (MRCA) تێیدا ژیاوە. دەکرێت ئەم جۆرە خەمڵاندنە لە (کاتی نوێترین بنەچەی ھاوبەش - TMRCA) ئەنجامبردێت بەھۆی ئەنجامی تاقکیردنەوەکانی (ناوکە ترشی ڕایبۆزی کەم ئۆکسجین - DNA) و خێرایی بازدان (گۆڕان) وەک ئەوەی کاریپێکراوە لە زانستی بۆماوەزانی دا، یان لەڕێی بە سەرچاوە وەرگرتنی نموونەیەکی ماتماتیکی نا بۆماوەیی یان بەکارھێنانی لێکچواندنی ئەلکترۆنی (Simulation).

تەمەنی (MRCA) مرۆڤ نەزانراوە بەڵام بەدڵنیاییەوە کەمترە لە تەمەنی ھەردوو (Y-MRCA و mt-MRCA) وە بە ٢٠٠ ھەزار ساڵ خەملێندراوە.

کۆتا بنەچەی ھاوبەشی گشتی (LUCA) نوێترین و کۆتاترین بنەچەی ھەموو شێوەکانی ژیانە لەسەر زەوی و خەملێنراوە کە نزیکەی (٣٫٥ – ٣٫٨) میلیارد ساڵ لەمەوپێش ژیاوە.[١][٢]

(MRCA) جۆرە جیاوازەکان[دەستکاری]

بەرنامەی ناساندنی تەواوی زانستی بنەچەزانی جۆرە زیندەوەرەکان بە «درەختی ژیان» پێناسەکراوە و بەرنامەکە خەمڵاندنی کاتی ھەموو دیاردە زانراوەکانی دروست بوونی جۆرەکان لەخۆدەگرێت، بۆ نموونە (MRCA)ی سەگ و پشیلە خەملێنراوە کە ٤٢ میلیۆن ساڵ لەمەوبەر ژیاوە.

لە کتێبەکەی ڕیچارد دۆکینزی ساڵی ٢٠٠٤ بە ناوی (چیرۆکی بنەچە - The Ancestor's Tale) چەمکی کۆتا بنەچەی ھاوبەش لە دیدگای پەرەسەندنی مرۆڤەوە شیکراوەتەوە بۆ خەڵکی گشتی. ھەموو مێژووی بنچەی مرۆڤ لە ٤٠ قۆناغ پێکدێت و دۆکینز لە کتێبەکەی دا ھەڵدەستێت بە پلەبەند کردنی بنەچە و ڕەسەنایەتی مێژووی قۆناغەکانی مرۆڤ لە کەمترین تەمەنەوە بۆ زۆرترین تەمەن.

دیاریکردنی (MRCA)ی کۆمەڵەیەک لەڕێی تاکە دیارکەرێکی بۆماوەیی[دەستکاری]

ھەروەھا دەکرێت بنەچەی بۆماوە (جیین) تاکەکانی کۆمەڵە بۆماوەیەک دیاریبکرێت لەجیاتی دیاریکردنی بنەچەی تەواوی زیندەوەرەکە. بیردۆزی تێکەڵاوبوون ھەڵدەستێت بە ناساندنی نموونەیەکی ھەڕەمەکی کە چۆن بنەچەی (دیاریکەرە بۆماوەکان) دەتوانن مێژووی کۆمەڵەیەک نەخشەبکەن.

پێچەوانەی زیندەوەرەکان، جیین لە وەچەیەکی زیندەوەرەکانەوە بۆ وەچەی داھاتوو دەگوازرێتەوە وەک لەبەرگیراوێکی (کۆپی) نایاب یان وەک جیینێکی گواستراوی کەمێک گۆراو. لەگەڵ ئەوەی زیندەوەرەکان تۆماری بنەچە و تۆماری وەچەکانیان لەڕێی زاوزێی سێکسییەوە بەدەست دەھێنن بەڵام جیینەکان تاکە زنجیرەیەکی بنەچەیی و تۆمارێکی وەچەکانیان ھەیە. زیندەورێکی بەرھەمھاتوو لەڕێی زاوزێکردنی پیتاندنی سێکسی (زاوزێکردن لەڕێی پیتاندنی ھێلکە بە تۆو) خاوەنی بە لایەنی کەمەوە دوو بنەچەیە (دایک و باوکی ڕاستەوخۆی) بەڵام جیینێک ھەمیشە خاوەنی یەک بنەچەیە لە ھەر نەوەیەک دا.

(TMRCA) تەواوی مرۆڤە زیندووەکان[دەستکاری]

تەمەنی (MRCA)ی ھەموو مرۆڤە زیندووەکان نەزانراوە بەڵام بە دڵینیاییەوە کەمترە لە تەمەنی ھەردوو (mt-MRCA: مایتۆکۆندریای ئیڤ و Y-MRCA: کرۆمۆسۆمی ئادەم) کە تەمەنی ھەردووکیان خەملێنراوە بە نزیکی لە نێوان ١٠٠ بۆ ٢٠٠ ھەزار ساڵ لەمەوبەر.[٣]

تەمەنی (MRCA) مرۆڤ نەزانراوە بەڵام بەدڵنیاییەوە کەمترە لە تەمەنی ھەردوو (Y-MRCA و mt-MRCA) وە بە ٢٠٠ ھەزار ساڵ خەملێندراوە.

لێکۆڵینەوەیەکی ماتماتیکی نا بۆماوەیی لەلایەن زانای ماتماتیک جۆزیف ت. چانگ، دۆگلاس رۆھد وستیڤ ئۆڵسن ھەستا بە ھەژمارکردنی تەمەنی (MRCA) بە نزیکەی ٣٠٠ پێش زایین. نموونەی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەو ڕاستییەی بەھەند وەرگرتبوو کە خەڵکی بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی ھاوسەرگیری ناکەن بەڵکو زۆربەی خەڵک ھاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کەسانەدا ئەنجام دەدەن کە شوێنی ژیانیان نزیکە لێیانەوە و زۆرجار لەگەڵ ئەو کەسانەی لە ھەمان گوند یان شارۆچکەن و ئەم دیاردەیە لە سەردەمانی ڕابردوودا زۆر بەربڵاوبووە، بۆیە کارێکی یەکجار دەگمەن بووە ئەنجام دانی ھاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک ژیاو لە وڵاتێکی دیکەدا. بەڵام چانگ گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەگەر کەسێکی دەگمەن ھەڵسێت بە ئەنجامدانی ھاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی مەودا دوور، ئەوا ئەو کەسە بەپێی تێپەڕینی کات زنجیرەی تۆماری خێزانی ھەموو جیھان لێکدەداتەوە و ھیچ کۆمەڵەیەک بەڕاستی و تەواوی دابڕ و جودا نین.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Doolittle WF (February 2000). "Uprooting the tree of life". Scientific American. 282 (2): 90–95. Bibcode:2000SciAm.282b..90D. doi:10.1038/scientificamerican0200-90. PMID 10710791.
  2. ^ Glansdorff N, Xu Y, Labedan B (2008). "The last universal common ancestor: emergence, constitution and genetic legacy of an elusive forerunner". Biology Direct. 3: 29. doi:10.1186/1745-6150-3-29. PMC 2478661. PMID 18613974.
  3. ^ Eizirik, E.; Murphy, W.J.; Koepfli, K.P.; Johnson, W.E.; Dragoo, J.W.; O'Brien, S.J. (2010). "Pattern and timing of the diversification of the mammalian order Carnivora inferred from multiple nuclear gene sequences". Molecular Phylogenetics and Evolution. 56 (1): 49–63. doi:10.1016/j.ympev.2010.01.033. PMID 20138220.