برایم ئەفخەمی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
Jump to navigation Jump to search

برایم ئە‌فخە‌می لە‌ ساڵی ١٢٩٩ی ھە‌تاویدا لە‌ ئاوایی گۆل دە‌وروبە‌ری شاری بۆکان کە‌وتمە‌ کۆشی دایک دونیاوە‌. بە‌ دە‌نگی ئنگا!ئنگا مامان لە‌ ئامێزی گرتم وچاوی سڕیم ونێوکی بڕیم. ئە‌م جارە‌ بە‌ پە‌ڕۆوپاڵ دە‌ست ولاق ولە‌ش وئە‌ندامی شە‌تە‌ک دام. وە‌ک زە‌ڕنە‌قوتە‌ لە‌ نێو ھێلانە‌ی سیپاڵدا نوقمی کردم. حە‌وتوویە‌ک مە‌لۆتکە‌ بووم وسە‌ری حە‌وتە‌ بە‌ فە‌رمانی باوکم(خودالێ خۆشبوو میرزا مە‌حموودی ئە‌فخە‌مە‌ی) کە‌ مونشی و کاربە‌دە‌ستی سە‌ردارانی بۆکان بوو ناویان نام ئیبراھیم و ئە‌م جار لە‌ گرتووخانە‌ی سیپاڵ وتیتاڵە‌ شڕە‌وە‌ خستیانمە‌ نێو گۆڕی دارینی لانکە‌وە‌. بە‌دە‌سرازە‌وە و سە‌رسینگە‌ ھە‌میسان دە‌ست ولاقم وە‌کوو دیلی تاوانبار بە‌ستراو بە‌ دە‌نگ وئاھە‌نگی دڵنە‌وازی لایە‌لایە‌ی دایک خرپ دە‌کرامە‌ خە‌و. زۆرباش لێدە‌نووستم چونکە‌ ئە‌م ئاھە‌نگە‌ دڵبزوینە‌ موسیقای گیان بوو لە‌ قووڵایی و سە‌رچاوە‌ی دڵی پڕلە‌ بە‌زە‌یی دایکی میھرە‌بان وشە‌و نە‌نووستوو دە‌ھاتە‌ گوێمە‌وە‌.ھێندیکی پێ چوو ھە‌تا لە‌ (خڕکانە‌، کۆخە‌ ڕە‌شە‌، مە‌ڵاشوو کە‌وتن، سوورێژە‌، مێکوتە‌، دریلە‌، ھاوڵە‌ یا خوریلکە‌) رزگاریم ھات. بە‌ڕاستی ئە‌مانە‌ مڵۆزمی ساغێتی کۆرپە‌ ساواکانن. لە‌ چە‌نگی مڵۆزمی دیکە‌ش وە‌کوو پە‌لاماردانی(ئاڵ،شە‌وە‌، مۆتە‌) خە‌لاس بووم کە‌ ئە‌مانە‌ بە‌ قە‌ولی مامانە‌ قە‌دیمی یە‌کان مڵۆزمی منداڵ و ئافرە‌تی زە‌یستانن.لە‌ ئامێز وباوە‌شیان دە‌گرتم وھە‌ڵیان دە‌کوشیم.کۆچکە‌یان لە‌ سە‌ر دە‌کردم، بە‌روانکە‌یان لە‌ بە‌رکردم بە‌ میھرە‌بانی یە‌وە‌ دە‌یان دواندم ھە‌تاکوو بزە‌م بێتێ. گاگۆڵکە‌یان فێرکردم و ئە‌م چە‌ل بۆ ئە‌وە‌ی پێ ڕە‌وکە‌ بم رە‌وڕە‌وە‌یان دا دە‌ستم تا وێروێرکە‌ و پێرۆکە‌بم بە‌ھۆی رە‌وڕە‌وە‌ی دارینمە‌وە‌ لە‌ داھاتوودا بتوانم لە‌ گە‌ڵ رە‌وڕە‌وە‌ی ژیاندا، بڕۆمە‌ بە‌رە‌وە‌.بە‌ڵێ بە‌م جورە‌ پێم لە‌ ناو جە‌غزی ساوایە‌تی ترازاند. فێرە‌ قسە‌ بووم و دە‌رو ژوورم دە‌کرد گە‌یشتمە‌ تە‌مە‌نی حە‌وت ساڵان بە‌ رۆژدا لە‌ گە‌ڵ منداڵان خە‌ریکی یاری و قومار وگە‌مە‌ی ئە‌و سە‌ردە‌مە‌ دە‌بووم کە‌ ئە‌وانە‌ بوون: ( بازە‌ڵێن، جگێن، خازە‌ڵێن، جە‌غزێن، مێشێن، قاپێن،زاپێن،ھە‌لوکێن، مە‌زرە‌ق داکوتان، پێلاقە‌ خولاندنە‌وە‌،گوێ پچڕوکێن، کە‌وشێن، ئاش ئاشۆکە‌، تۆپێن، سیی باز، یە‌کانە‌، قە‌رێ قە‌رێ، کە‌ڵە‌کە‌بڕێ، گورزێن، کە‌مە‌ند، بە‌سە‌رێن) ئە‌م جار نایانمە‌ بە‌ر خوێندن وچوومە‌ قوتابخانە‌ی ناوە‌ندی. ئە‌لف وبێتکە‌یان لە‌ رووپە‌ڕە‌یە‌کدا بۆ نووسیبوومە‌وە‌. لە‌ دوایی دە‌ستم کرد بە‌ حێنجە‌ و جوزوی عمە‌ گە‌یشتمە‌ مریشکە ڕە‌شە‌(سورە‌ ازاجاانە‌کان تواباو) ھاوڕێ وھاودرسە‌کانم ھە‌روە‌کوو باو بوو گوێچە‌یان کێشام و گوتیان: ( توابا مریشکە‌ ڕە‌شە‌ کە‌بابە‌ بۆ ماموستا سە‌وابە‌)مریشکێکی وە‌ک قاژووی ڕە‌ش بە‌ قیڕە‌قیڕ بە‌ قرانێکی ئە‌و زە‌مانە‌ کڕابوو بۆ کە‌بابی جە‌نابی ماموستا…یا خوا ببێ بە‌ نوشی گیانی و ببێتە‌ بە‌زی نێوشانی. سە‌رتان نە‌یە‌شێنم جوزوی عمە‌ قوتارکرا و دوای ئە‌و لە‌ خزمە‌ت باوک و براکانم کتێبە‌ وردیلانە‌کانی ئە‌و کاتە‌م خوێندن. دە‌ستم دا قە‌ڵە‌م کە‌ فێری نووسین ببم باوک و براکانم خە‌تیان زۆر خۆش بوو کە شۆرە‌تی خە‌ت خۆشیان ھە‌بوو. سە‌رمە‌شقیان بۆ دادە‌دام کە لە‌ بە‌ریان بنووسمە‌وە‌ بە‌ڵام ھە‌رچیم دە‌نووسییە‌وە‌ ھە‌مووی خوار و خێچ وناحە‌ز بوو دە‌تگوت دە‌زووی ئاڵۆزە‌ و لە‌ خۆریشدا وە‌کوو گۆچانی مە‌شھوری مام سە‌فە‌ر وابوو! ھە‌ر کاتێک خە‌تی منداڵیم دە‌کە‌وێتە‌وە‌ بە‌ر چاو بە‌ خۆم نیە‌ پێکە‌نین دە‌مگرێ. تە‌مە‌نم بوو بە‌ دە‌ساڵان، بڕێک خە‌ت وسە‌وادم باشتر ببوو، لە‌ نێو ئاوایە‌کە‌مان(ھۆرتە‌کە‌ند) پێیان دە‌گوتم کاک میرزا! ھە‌رکە‌س میداد یا قە‌ڵە‌مێکی بە‌ خۆیدا بکردایە‌ پێیان دە‌گوت کاک میرزا. ئە‌منیش زۆرم پێخۆش بوو کە‌وایان پێدە‌گوتم. دە‌تگوت حە‌وت مێشم لە‌ کونێکدا دۆزیوە‌تە‌وە کە‌ ئە‌منیش بۆ دە‌رکە‌وتنی میرزایە‌تیم قە‌ڵە‌مێکی جوانم لە‌ بە‌رۆکم دابوو. لە‌م سە‌ردە‌مە‌دا زۆرمان میوانی گە‌ورە‌ دە‌ھات و پیاوی بە‌ ناوبانگ رووی تێدە‌کردین چونکە‌ باوک وبراکانم ھە‌موویان زانا وخاوە‌ن قە‌ڵە‌م بوون. زۆربە‌ی شە‌وە‌کان لە‌ خزمە‌تیاندا دادە‌نیشتم وھە‌رکاتێک میوانێک باسی پیاوە‌گە‌ورە‌کانی خۆمانی دە‌کرد و لە‌ شوێنە‌واری زانایان و ئازایە‌تی نە‌بە‌زە‌کان و ھونە‌رو ئە‌دە‌ب وخووخدە‌ی جوانی رابردوانی گە‌لی بە‌رێزی کوردیان دە‌کۆڵێە‌وە‌ زۆرم پێ خۆش بوو ھە‌موو گیانم دە‌بووە‌ گوێ بۆ بیستن. لێیان زیت دە‌بوومە‌وە‌ و باسە‌کانیشم بە‌ گوێی دڵ دە‌بیست. بە‌ڵام بە‌داخە‌وە‌ چم بۆ نە‌دە‌کرا. ئاخر بە‌و قە‌ڵە‌مە‌ شڕە‌م کە ھە‌ر بە‌ حاڵە حاڵ سیایی گۆشتی پێ دە‌گیرا وبراکانم تیتاڵیان پێدە‌کردم چم بنووسیبایە‌تە‌وە‌؟ خۆ ئە‌م جاریش لە‌ باسی مێژوویی ئە‌دە‌بدا تڵپاتی تە‌ڕم تێدا نە‌بوو ھە‌ر کاک میرزای ئاوایی یە‌کە‌م بووم و بە‌س. رۆژگار وە‌ک خە‌ڕە‌کی تاو دراو و ھە‌ڵسووڕا و چە‌رخ خولی دا. ئە‌و ئۆگری و تینویە‌تی یە‌ ھە‌ر لە‌ دڵمدا مابوو. بە‌ڵام بە‌داخە‌وە‌ ھە‌لێکم بۆ ھە‌ڵنە‌کە‌وت، چە‌وسانە‌وە‌ی زە‌مانە‌ دە‌رفە‌تی پێ نە‌دام ھە‌تاوە‌کوو کاتی پیری و بێ ھێزی لە‌ بە‌ر ئە‌وە‌ کە‌کە‌ند و کۆسپ و قۆرتی نالە‌باری رۆژگاری ناسازگار ئە‌وە‌ندە‌ی تە‌نگ و چە‌ڵە‌مە‌ و کە‌ندو کڵۆ لە سە‌ر ڕێگە‌ی ژیان دانام و زە‌خت و سە‌ختیم چێشت کە‌ بە‌رگری سە‌رکە‌وتنی لێدە‌کردم. وە‌ک شە‌وە‌زە‌نگ دە‌لاقە‌ی تیشک و رووناکی پێگە‌یشتن بە‌م ئاواتە‌ی لێ گرتبووم بە‌ڵام بە‌ یارمە‌تی خوا بە‌سە‌رھاتی تاڵ تاڵ نە‌بوو بە سە‌ر وە‌دی ھاتنی ئە‌وین وئۆگری زۆرمدا. ئە‌گە‌رچی ئاواتم لە‌و ماوە‌دا کرچ وکاڵ بوو خواشوکر ئە‌زموون و تە‌جروبە‌م پتر و قاڵتربوو. عیشق و ئە‌وینی خزمە‌ت بە ئە‌دە‌ب و پاراستنی فە‌رھە‌نگی گە‌لە‌کە‌م ھانی دام وورە‌ی پێدام کە‌ بە پیریش لە‌ گۆڕێدا بێ ھە‌ر حە‌لە‌ و ئە‌م خزمە‌تە‌ ھە‌ر بە‌ کە‌ڵکە‌ و ھیوام وایە‌ بە‌ لە‌ بە‌رچاوگرتنی کە‌م وکوڕی و لە‌ دە‌ستدانە‌بوونی شوێنە‌وارە‌کان وشتی وا کە‌ڵکی ڕاستە‌قینە‌ و پە‌سە‌ندکراوی زۆرتر لێ وە‌رگیرێ چاو لە‌ کە‌م وکووڕی بپۆشن ھە‌تاکوو ھە‌ل ومە‌رجێکی وا کە‌ بە‌ڵگە‌ و شوێنە‌واری بە‌نرخ و باشتر وە‌دە‌ست کە‌وێ و بە‌ شانازی یە‌وە ئە‌وسا پێشکە‌ش بکرێ. ئێستا وا باشە‌ لە‌و نووسراوانە‌ی کە‌ بۆ چاپ و پێشکە‌شکردن ئامادە‌ کراون ناو بە‌رین. گرینگترینی ئە‌ونووسراوانە‌ کتێبی (فە‌رھە‌نگ و ئە‌دە‌بی موکریانە‌ کە‌ لە‌ مێژوو، جوغرافیا، ئە‌دە‌ب و ھونە‌ری ناوچە‌ی موکریان(مە‌ھاباد، بۆکان، شنۆ، سە‌ردە‌شت) و شوێنە‌واری زانایان و ھونە‌رمە‌ندانی شاری و عە‌شیرە‌تە‌کانی فە‌یزوڵڵابە‌گی، دێیوکری و ھونە‌ری جوانی لاوانی ھونە‌رمە‌ندی ئە‌و شارانە‌ و لە‌ شوێنە‌واری کۆنی مێژوویی ومێژینە‌ی قە‌ڵاکان و شێوە‌ و ئاسە‌واری بە‌رزو دڵبزوێنی ھونە‌ران دە‌دوێ. مێژووی پڕ لە‌ شانازی سە‌ردارانی موکری(عە‌زیزخانی سە‌ردار سە‌رۆکی ھێزی ئێران لە‌ زە‌مانی ناسرە‌دین شا) و سێ سە‌رداری دیکە‌ی موکریان کە‌ ھە‌موویان حاکم و فە‌رمانڕە‌وای ناوچە‌ی سابڵاغ و دە‌وروبە‌ر بوون لە‌و نووسراوە‌دا جێ کراوە‌تە‌وە‌. جێگە‌ی سە‌رنج راکێشانە‌ کە‌ ئە‌م کتێبە‌ لە‌ ١٣ کتێب پێک ھاتووە‌ و ھە‌موویان ھاوڕێ لە‌ گە‌ڵ وێنە‌دایە‌ و زۆر خە‌ت و نە‌ققاشی و شوێنە‌واری مێژوویی تێدایە‌ کە‌ زۆر کە‌س نە‌ی دیوە‌. ناوی کتێبە‌کان کە‌ لە‌ ١٣ بە‌شدایە‌ بە‌م جۆرە‌ن: ١- مێژووی ئە‌دە‌بی مە‌ھاباد٢- مێژووی ئە‌دە‌بی بۆکان.٣- مێژووی ئە‌دە‌بی سە‌ردە‌شت.٤- مێژووی ئە‌دە‌بی شنۆ.٥- سە‌ردارانی موکریان.٦- عە‌شیرە‌تی فە‌یزوڵڵابە‌گی.٧- عە‌شیرە‌تی دێیوکری.٨- ماموستایان و زانایان ونووسە‌ران و ھونە‌ران.٩- بنە‌ماڵە‌ی ئە‌فخە‌می.١٠- ھونە‌رانی تازە‌پێگە‌یشتوو.١١- ئە‌دە‌بی کوردی.١٢- تێکە‌ڵی بە‌شی بانە‌ و خانێ.١٣- بە‌ڵگە‌و وێنە‌ وخە‌ت وقە‌باڵە‌ی کۆن و قە‌دیمی. ھە‌روە‌ھا ئە‌م کتێبانە‌ی خوارە‌وە‌ ئامادە‌ی چاپ کراون کە‌ ھە‌مووی بە‌ وێنە‌ی تایبە‌تی وبە‌ڵگە‌ی مێژوویییە‌وە‌ پێشکە‌ش دە‌کرێن.١-ھێرشی سمایل ئاغای سمکۆ بۆ سابلاغ.٢- شۆرشی مە‌لا خە‌لیل لە‌ سە‌ر کڵاو(شە‌پکە‌).٣- بنە‌ڕە‌تی مە‌تە‌ڵی کوردی.٤- ئە‌وە‌ چیە‌ بە‌ ھونراوە‌ی کوردی.٥- فولکلۆر یاساوشوێن ودابی موکریان.٦- شە‌رعیاتی(نزووم)بە‌ زمانی کوردی.٧- قسە‌ی خۆشی وڵاتی خۆمان بۆ بزە‌ی لێو. ئە‌و دووکتێبە‌شم ھە‌تا ئێستا چاپ و بڵاو کراونە‌تە‌وە‌: ١- دە‌مە‌تە‌قە‌ی سۆفێ ونێری.٢- دیاری نوێ.

سە‌رچاوە[دەستکاری]

گۆواری سروە‌ ژمارە‌ی ٢٣ جۆزە‌ردانی ١٣٦٧(١٩٨٨