ئەبوو موسلیمی خۆراسانی
بەهزادان پوور وەنداد هورموزد[١] (فارسیی کلاسیک و عەرەبی: ابومسلم عبدالرحمان بن مسلم خراسانی)؛ ناسراو بە ئەبوو موسلیمی خۆراسانی (٧١٨ز - ٧٥٥ز)؛ ڕێبەری جووڵانەوەی پیاوانی ڕەشپۆش بوو لە خۆراسان کە توانیی بە هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی بەنی ئومەییە، بناغەی دەوڵەتی عەبباسی بونیاد بنێت. ناوە ڕاستییەکەی "بەهازادان پوور وەنداد" بە واتای "کوڕی وەنداد" کە لەسەر خواستی ئیبراهیم ئیمام، یەکێک لە گەورەکانی بەنوو عەبباس، ناوی گۆڕی بۆ عەبدولڕەحمان و بە حوکمی ئەو بووە ڕێبەری خۆراسان تا ڕێبەرایەتیی جووڵانەوەی دژی ئومەوییەکان بگرێتە ئەستۆ. ئەو دوای سەرکەوتن لە دەستبەسەرداگرتنی خۆراسان و فەرمانڕەواییکردنی شاری مەڕو، سپایەکی ڕەوانەی عێڕاق کرد و توانیی لە ساڵی ١٣٢ک (٧٤٩زایینی)؛ مەڕوانی دووەم، کۆتا خەلیفەی ئومەوی تێک بشکێنێت. بە هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەبول عەبباس عەبدوڵڵا سەففاح، یەکەم خەلیفەی عەبباسی، ئیماڕەتی خۆراسان بە ئەبوو موسلیم سپێردرا. بەڵام توانا و ناوبانگ و هەژموونی ئەبوو موسلیم بۆ دەوروبەرەکەی جێی نیگەرانی و ترس بوو. بۆیە ساڵی ١٣٧کۆچی لە پێلانگێڕییەکدا بە دەستووری مەنسووڕ، دووەم خەلیفەی عەبباسی؛ ئەبوو موسلیم کوژرا.
مەرگ
[دەستکاری]خەلیفە مەنسووڕ ویستی فێڵکردن و خەڵەتاندنی ئەبوو موسلیمی هەبوو و سیاسەتی جیاوازی بەکار دەهێنا. لە کۆتاییدا مەنسووڕ نامەیەکی بۆ ئەبوو موسلیم نارد و ئەوی وەک پارێزگاری شام (سووریا و میسڕ) ناساند و پێرۆزبایی لێ کرد. ئەبوو موسلیم کە کەسێکی ژیر بوو، بانگەشەی کرد کە ئەو والیی خۆراسانە و بەخێرایی ڕووی کردەوە خۆراسان. ئەوکات کە خەلیفە مەنسووڕ ترسا لەوەی ئەبوو موسلیم لە خۆراسان لەگەڵ شوێنکەوتووەکانی یاخی ببن و ئەو تێک بشکێنن، چوو بۆ مەدائین و ئەبوو موسلیمی بە بیانووی باسێکی زۆر گرنگ بانگێشت کرد. بەڵام ئەبوو موسلیم ڕازی نەبوو بڕوات. بەڵام دواتر لە نامەیەکی تردا مەنسووڕ داوای لە ئەبوو موسلیم کردەوە، ئەم جارە ئەبوو موسلیم بڕیاری گۆڕی و چوو بۆ مەدائین. لە مەدائین لە کاتی گفتووگۆی خەلیفە مەنسووڕ لەگەڵ ئەبوو موسلیم، مەنسووڕ ئاماژەیەکی بۆ پێنج لە پاسەوانەکانی کرد لە پشت پایەیەکەوە تا بیکووژن. لاشەی شێوێنراوی ئەبوو موسلیم خرایە ڕووباری دیجلەوە.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- ^ «ابومسلم خراسانی»، ویکیپدیا، دانشنامهٔ آزاد (بە فارسی)، 2024-12-17، لە 2024-12-28 ھێنراوە
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە ئەبوو موسلیمی خۆراسانی تێدایە. |