ئێدگار دیگا

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
ئیدگار دیگا

ھیلاری گێرمەن ئیدگار دیگا ناسراو بە دۆگاس (ماوەی ژیان: ١٩ی تەمموزی ١٨٣٤ لە پاریس تاکوو ٢٧ی ئەیلوولی ١٩١٧ لە پاریس) ھونەرمەندێکی تەشکیلی و وێنەکێش و پەیکەرتاشێکی فەرەنسی بووە، لەپێشەنگەکانی بزوتنەوەی ئینتیباعیە، لە وێنەکێشانی سەماکەرانی بالییە تواناکانی دەرکەوتووە، لە ساڵی ١٨٤٥ وە بۆ ساڵی ١٨٥٣ لە قوتابخانەی ناوەندی لویسی گەورە خوێندوێتی، ھەرچەندە گرنگیەکی زۆری بە وێنەکێشان داوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەخوێندنی پەیمانگای یاسا بەردەوام بووە بەڵام نەیتوانیوە تەواوی بکات. دۆگاس بەبەردەوامی لەگەڵ باوکیا سەردانی مۆزەخانەی لۆفەریان کردووە، ھەر ئەمەش وایلێکردووە ھونەری وێنەکێشان و پەیکەر تاشی خۆش بوێت، ساڵی ١٨٥٦ گەشتێکی بۆ بەریتانیا کردووە تاکو وێنەکانی ھونەرمەندی ئیتاڵی جیۆتیۆ ببینێ، ھەر کە گەیشتۆتە ئیتاڵیا ڕاستەوخۆ ڕۆشتووە بۆ شاری نابل بۆ لەلای باپیرەی، کاتێک کە سەردانی شاری ڕۆمای کردووە ھونەرمەند گۆستاف مۆرۆی ناسیوە و پێکەوە سەردانی زۆربەی زۆری مۆزەخانەکانی ڕۆمایان کردووە. دۆگاس لە ساڵی ١٨٥٨ سەردانی فلۆرەنسا و فیتارب و ئۆرفیتییو و ئیسیز و ئەریزۆی کردووە و دڵی بە سروشتەکانی ئەو شوێنانە ئاشنابووە، ساڵی ١٨٥٩ گەڕاوەتەوە بۆ پاریس و بە فالارناسی ھاوڕێی ووتوە گەشتەکەی بۆ ئیتاڵیا لەخۆشترین قۆناغەکانی ژیانی بووە، لە ساڵی ١٨٥٥ وە بۆ ساڵی ١٨٦٥ ھەموو کاتەکانی خۆی بۆ وێنەکێشان تەرخان کردووە و ژمارەیەک وێنەی مێژووی کێشاوە، لە ساڵی ١٨٧٠ وەکو سەربازێک بەشداری لەشەڕی فەرەنسا و ئەڵمانیا کردووە، ساڵی ١٨٧٢ لەگەڵ ڕۆنی برای گەشتیان کردووە بۆ لەندەن و نیویۆرک و و ماوەی ٥ مانگ لە لویزیان ماوەتەوە و ساڵی ١٨٧٣ گەڕاوەتەوە بۆ پاریس. ئیدگار دیگا ناسراو بە دۆگاس لەزۆربەی زۆری پێشانگا ئینتیباعیەکان بەشداری کردووە و کارەکانی خۆی لە ساڵی ١٨٨٣ لەلەندەن نمایشکردووە و لە ساڵی ١٩٠١ دووچاری نیمچە گۆریەک بۆتەوە و نەیتوانیوە وێنەبکێشێت تەنھا بەپێوەری گەورە و ھێڵی پان نەبێت، لە ٢٧ سپتەمبەری ساڵی ١٩١٧ کۆچی دوایی کردووە و لەگۆڕستانی مۆنتمارتەر لە فەرەنسا تەرمەکەی نێژراوە.

سەرچاوە[دەستکاری]