ئایدیۆلۆجی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە ئایدیۆلۆژیاەوە ڕەوانە کراوە)

ئایدیۆلۆجی، بیروڕا، بیرۆکە یان ئایدیۆلۆژیا (یۆنانی: Ιδεολογία؛ واتە: "بڕواناسی"، Ιδεο "ڕا، بڕوا" + λογία "ناسین، زانست"[١]) لە زمانی فەڕەنسیدا بریتییە لە Idee بە مانای تێڕوانین و بیروبۆچوون، Logie بە مانای ناسین دێت.

ئایدیۆلۆجی چەمکێکی زۆر گران و ئاڵۆزە، بەڵام دەتوانین بە کۆمەڵێک بیر و ڕا پێناسەی بکەین کە دەبنە سەرچاوە بۆ ڕوونکردنەوەی کار، ئاکار، چالاکی و چاوەڕوانییەکانی تاک و کۆمەڵگای مرۆڤ.

لە زاراوەی سیاسیدا بریتییە لە فەلسەفەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە تێیدا کردە و بیر بە یەک ئەندازە گرنگییان ھەیە. ئایدیۆلۆجی سیستەمێکی ھزرییە کە ھەم دەخوازێ جیھان شەرح بکات، ھەم ئاڵوگۆڕی تێدا بەدی بھێنێت. بە واتایەکی تر ھەر ئایدیۆلۆجیایەک شێوازێکی خەیاڵی لە کۆمەڵگا بە دەستەوە ئەدا و لە لایەنگرانی دەوێ ئەو شێوازە بچەسپێنن.

ئەم زاراوەیە یەکەم جار لە شۆڕشی فەڕەنسە و لە لایەن دێستۆت دۆتراسی (١٨٣٦-١٧٥٤) بیرمەندی فەڕەنسی، لە ساڵەکانی ١٧٩٦ و٩٨ بەکار برا.

بۆ ئەم زاراوە چوار لێکدانەوەی ھەیە:

  • مەبەستی تراسی: واتە «ھزر ناسی» یان «زانستی ھزرەکان»
  • شێوازی کۆمارخوازی لیبڕاڵ
  • واتای ئیفلیجی فیکری و ئاکاری و ھەروەھا جۆرێک لە ڕادیکاڵیزمی ترسناک
  • «دوکتۆرینی سیاسی»

ھەندێ مێژوونووسی فەلسەفە، سەدەی نۆزدەیان بە «سەردەمی ئایدیۆلۆجی» ناو بردووە. ھۆی ئەم ناولێنانەش بۆ پەرێشانی ھزر وبیرگەلێک دەگەڕێتەوە کە دەکرێ بە ئایدیۆلۆجیک پێناسە بکرێن.

ئایدیۆلۆجی جاری وایە مانای پوختە دەبەخشێ و ھەندێ جاریش مانای ناپوخت ؛ واتا ناپوختەکەی بریتییە لە: ھەر جۆرە بیرۆکەیێک کە لە سەر (کردە) چەق دەبەستێ یان ھەر تەقالایەک بۆ نزیک بوونەوە لە کێشە سیاسییەکان لە ژێر تیشکی دەزگایەکی ئایدیۆلۆجیدا. بەڵام مانا پوختەکەی ھەمان شرۆڤەی تراسییە کە پێنج تایبەتمەندی لە خۆ دەگرێ:

  • ١. ئایدیۆلۆجی ، تیۆرییەکی تۆکمەیە لە بارەی مرۆڤ، کۆمەڵگا و جیھانەوە.
  • ٢. بۆ سیستەمی سیاسی-کۆمەڵایەتی، پرۆگرامێکی گشتی ئاراستە دەکات.
  • ٣. گەیشتن بەم پرۆگرامە، ھەڵگری خەباتێکی تایبەتە.
  • ٤. بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، بێجگە لە ھاندانی خەڵک، لایەنگری ڕاستەقینە و سەرسپاردەی دەوێت.
  • ٥. زیاتر لە ھەوڵی ڕەشایی جەماوەرە، ھەرچەن لە بەڕێوەبردنی ڕۆشنبیرانیشدا دەورێکی تایبەت دەگێڕێ.

بەم پێودانگە دەکرێت زۆر سیستەمی فیکری بە ئایدیۆلۆجی بدەینە قەڵەم. مارکس لە ھەندێ لە وتارەکانی تافی لاوییدا، بە تایبەت لە کتێبی «ئایدیۆلۆجی ئەڵمانی»، ئایدیۆلۆجی بە واتایەکی دزێو و جنێواوی ناو دەبات. ئەو لەم کتێبەدا بە «زڕە وشیاری یا وشیاری درۆ» لێکی دەداتەوە؛ واتە ئایدیۆلۆجی کۆپلە مەرامێکە کە خەڵک خۆیانی پێ فریو دەدەن و وێنایەکی ناڕاست لە جیھان دەئاخنێتە مێشکیانەوە. مارکسییەکانی سەدەی بیستەم کە مانا دزێوەکەی ئایدیۆلۆجییان پشت گوێ خستووە، بۆ مارکسیزم وەک ئایدیۆلۆجی ئەڕوانن و بە «ئایدیۆلۆجی چینی کرێکار» ناوی دەبەن؛ کە بە بڕوای ئەوان ھەڵگر و لەخۆگری راستییە ھەمیشەییەکانی مرۆڤ، جیھان و مێژوون.

سەرچاوەکان[دەستکاری]