ئاڵ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
گوڵە شەسپەڕێکی ئاڵ
یەکێ لە ڕەنگە ھەرە باوەکانی رۆدۆکرۆزیت ئاڵە.
ئاڵ بە ڕەنگی ئەسپی سووریش وتراوە (بە فارسی: کرند‎)

ئاڵ، چێرەیی یان پەمەیی[١] ڕەنگی مەیلەوسووری خاو یان کەمڕەنگە.[٢] ھەرچەند فەرھەنگی خاڵ دەڵێت «جۆرە ڕەنگێکە وەک گوڵاڵەسوورە».[٣] ھەروەھا لە بەرامبەر وشەی ئاڵدا لە فەرھەنگی بەدایعوللوغەدا نووسراوە اسب کرند، واتە ئەسپی سوور. ئەم ڕەنگە لە شێعری کوردیدا بە زۆری بۆ وەسفی ڕەنگی لێو، کوڵم و بڕێک جار شەراب بەکار براوە.

بۆ نموونە مەحوی[٤] دەڵێت:

بە کوڵمی ئاڵیا ئاڵا خەتی سەبز

یان دەڵێت:

لە چاوم خوێنی جاری کرد و ھەم ڕەنگی لە ڕوو بردم

ئەم ئاشووبی دڵ و دینە بە لێوی ئاڵ و چاوی کاڵ

ئەحمەدی خانی دەڵێت:

ھەمرەنگێ سوراحی و پیالە

ھندی وەکی سۆرە یا نە ئالە


وشەڕەتناسی[دەستکاری]

ھەردووک بنەماڵەی زمانانی ھیندوئەورووپایی و تورکی وشەی ئاڵ بە مانای سووریان تێدایە. ئاڵی کوردی لە ڕیشە ھیندوئەورووپاییی *āl- و ڕیشەی ھیندوئێرانیی *ar- یان *al- و ڕیشەی پرۆتۆئێرانیی *āl(a)- بە مانای سوور، ئاڵ و، سوورێژەوە دێ. لە نێو زمانە ئێرانییەکاندا وشەی ئاڵ ھەیە، بۆ نموونە لە فارسی[٥] و پەشتویی و لاری و گیلەکی و تەبەریدا (لە تەبەریدا بە مانای سەوزە). لە کوردیی باکووریدا بە شێوەی «ئال» ھەیە، لە ھەورامیدا «ئاڵە» و «ئاڵا» و «ھاڵ»یشی پێ ئەوترێ و، لە زازاییدا بە شێوەی «ھەل» ھەیە کە بە مانای بۆرە.[٦]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ نانەوازادە، ع. (٢٠٠٥) فەرھەنگی ھەرمان، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە ھەولێر.
  2. ^ ھەژار، ھەنبانە بۆرینە، تاران، چاپەمەنیی سرووش، ل ١٥٣، ١٣٨٨، ISBN 978-964-376-516-3.
  3. ^ شێخ محەمەدی خاڵ، «فەرھەنگی خاڵ»، ھەولێر: بڵاوکراوەی ئاراس، ٢٠٠٥ (چاپی یەکەم ١٩٦٠، سلێمانی).
  4. ^ مەحوی، «دیوانی مەحوی»، لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە: مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس و محەمەممەدی مەلا کەریم، سنە: انتشارات کردستان، چاپی حەوتەم ٢٠١٢ (١٣٩١). ISBN 978-964-980-019-6.
  5. ^ مەدخەلی «آل[بەستەری مردوو]» لە فەرھەنگی دێھخودا.
  6. ^ نانەوازادە, عەلی (2017). فەرھەنگی ڕیشەی وشەی کوردی. Vol. بەرگی یەک. ستۆکھۆڵم. p. ۱۲۸.