حامید درودی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

حامید درودی لە ساڵی ١٣٤٢ی کۆچیی ھەتاوی لە گوندی چرۆسانە لە ناوچەی بێڵەواری شاری کامیاران لە پارێزگای کوردستان‌‌ ھاتووەتە دونیا و ھەر لە گوندەکەی خۆی نێردایە بەر خوێندن و پاش پۆلی پێنجەم چۆتە شاری کامیاران و لە خوێندنگەی (شبانەروزی) خوێندنی ناوەندی تەواو کردوە و لە دەبیرستانی ھەمان شاردا دوای ساڵێک خوێندن چووتە کرماشان و ساڵێک لەوێ کاری کردووە. لە دواییدا چووەتە‌ ڕیزی پێشمەرگەکانی ھێزی پارتیزانی (بێستوون)ی حدکا لە کرماشان و بووە بە کادری دەرمانی ئەو ھێزە و تاکو ڕۆژی برینداربوونی لە گوندی (لۆن)دا، لەو هێزەدا ماوەتەوە. لە ساڵی ١٩٨٥دا لە لایەن (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران)ەوە نێردراوە بۆ سوید و لەویش درێژی بە کاری دەرمانی دا و بووەتە‌ کادری دەرمانی لە بەشی دەروونناسیدا. ساڵی ١٩٩٣ گەڕا‌وەتەوە‌ بۆ کوردستان و لە نەخۆشانەی پێشمەرگە (نەخۆشخانەی ئازادی) لە چیای قەندیلدا چەند مانگ کاری دەرمانی کرد و ھاوکات دەورەی ددان کێشان و ددان پڕکردنەوەی دیت و لەو بەشە‌دا دەستی بە کار کرد، تاکو نەخۆشخانەکە گواسترایەوە بۆ شاری کۆیە. دوای ئەوە بنکەی نەخۆشخانە لە کۆیە (ئازادی) سەقامگیر بوو، گەڕایەوە بۆ سوید. ساڵی ١٩٩٥ دیسان گەڕایەوە بۆ کوردستان و دوای ماوەیەکی کورت لەوی خێزانی پێک ھێنا و گەڕایەوە بۆ سوید.

دوای گەڕانەوەدەورەیەکی دوو ساڵەی میدیا (دەنگ و رەنگ و وێنەگری) و گرافیکی کومپیۆتەری خوێند. ساڵی ٢٠٠٦ لە بنکەی تیشک تیڤی لە فەرەنسا دەستی بە کار کرد و ئێستاش لەسەر کارەکەی بەردەوامە. بێجگە لەوەی بەڕێوەبەری بەرنامەی "کلیک" ە، زۆر رۆژیش لە وەشاندا دەمێنێتەوە و مونتاژی دوو بەرنامەی "بێستوون" و "شارۆ"یش دەکا. بێجگە لەمانەش زۆر سروود و گۆرانی لە شێوەی کلیپ [١] دا دروست کردووە.

سەرچاوە[دەستکاری]

ناوەندی کەمئەندامانی کورد لە سوید [٢] ٥ی ئازاری ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.

کورد ئای تی گرووپ [٣][بەستەری مردوو][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]

زانستپەروەرانی کورد [٤] ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.