کاوە (کۆوار)

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

گۆڤاری کاوه بە زمانی فارسی، لە بەرلین دەرچووە و سەرنووسەرەکەی "سەید حەسەنی تەقیزادە(١٢٥٧–١٣٤٨ی ھەتاوی)" بووە. ئەو گۆڤارە دە دوو دەوراندا دەرچووە: دەورەی یەکەم کە لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیھانیدا بووە، دە نێوان ساڵانی ١٩١٦(١٢٩٤ی ھەتاوی) و ١٩١٩(١٢٩٨ی ھەتاوی) دا دەرچووە. دەورەی دووھەم دە نێوان ساڵانی ١٩٢٠(١٢٩٩ی ھەتاوی) و ١٩٢٢(١٣٠١ی ھەتاوی) دا دەرچووە. "کاوە" دە دەورەی یەکەمدا کە ھەر دوو حەفتەی ژمارەیەکی لێدەردەچووە، گۆڤارێکی سیاسی بووە؛ نێوەرۆکەکەی زۆرتر ئەو بابەتانەی گرتووەتەوە کە بە پشتیوانی لە ئاڵمان و ھاوپەیمانەکانی(عوسمانی، ئوتریش و بولغارستان) دەنووسران. دە دەورەی دووھەمدا کە مانگانە دەرچووە، باری سیاسییەکەی نەماوە و بووە بە گۆڤارێکی ئەدەبی- فەرھەنگی. ئەو گۆڤارە لەژێر چاوەدێریی دەوڵەتی ئاڵمانێ چاپ بووە و خەرجەکەشی ھەر لەلایەن دەوڵەتی ئاڵمانەوە دابین کراوە.

ساڵی ١٣٤٢ی ھەتاوی(١٩٦٣ی زایینی) گۆڤارێکی دیکەی فەرھەنگی- کۆمەڵایەتی بە ناوی «کاوە» لە «مونیخ»ی ئاڵمانێ دەرچووە کە «د. محەممەدی عاسێمی» سەرنووسەرەکەی بووە. بە وتەی سەرنووسەرەکەی کە ساڵی ٢٠٠٩(١٣٨٨ی ھەتاوی) لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە، ئەو گۆڤارەش ھەر بە نێوی «کاوە»ی «سەید حەسەنی تەقیزادە» کراوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  • لاپەڕەی جەعفەری حوسێنپوور (ھێدی) لە فەیسبووک
  • ویکیپیدیای ئینگلیسی