پاوانی ئاست-سەر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پاوانی ئاست-سەر (top-level domain یان TLD) زاراوەیەکە بۆ ئاماژە بە ھەریەک لە پاوانەکانی ھەڵکەوتوو لە بانترین ئاست لە ئاستەکانی زنجیرەپلیکانەی سیستەمی ناوی پاوانی ئینتەرنێت. پاوانە ئاست-سەرەکان لە ناوچەی ڕیشەی DNSدا جێگیر دەکرێن و دێنە دامەزراندن. ئەوان لە دوایین بەشی ناوی ھەموو پاوانەکانی ئاستەکانی خوارتردا دەردەکەون. بۆ نموونە، لە ناوی پاوانی www.example.com -دا، com ناوی پاوانی ئاست-سەرە. بەگشتی، دوایین مۆرک لە یەک ناوی پاوانی بەتەواوی شیاوکراو (fully qualified domain name) ناوی پاوانێکی ئاست-سەرە. بەڕێوەبەریی کاروباری زۆربەی پاوانە ئاست-سەرەکان سپێردراوەتە ژمارەیەک ڕێکخراوەی بەرپرس. ئەم کارەش لەلایەن بەشدارگەی ئینتەرنێتی بۆ ناو و ژمارە پێسپێردراوەکانەوە- ئایکان ICANN کراوە، کە بۆخۆی بەسەر بنکەی دەسەڵاتداری ژمارە پێسپێردراوەکانی ئینتەرنێتدا ڕادەگا.

لە بنەڕەتدا، پاوانە ئاست-سەرەکان لە سێ گرۆی سەرەکیدا ڕێک خرابوون، وڵاتەکان (Countries)، پۆلەکان (Categories)، و فرەڕێکخراوەکان (Multiorganizations). جگە لەو سێ گرۆیە، گرۆیەکی زیادەش بەشێوەی کاتی درووس کرا کە تەنھا لە یەکەمین پاوانی DNS، واتە پاوانی ئارپا (arpa)، پێک دەھات. بڕیار وابوو arpa پاوانێکی کاتی بێ و بۆ ڕاگواستنی ناوەکان لە ARPANET -ەوە بۆ سیستەمی ناوی پاوانی تازە-دامەزراو کەڵکی لێ وەربگیرێ.

ئەگەرچی چەند ھەڵاوێرێکمان ھەیە (وەکوو .uk)، بەڵام بەگشتی، وڵاتەکان لە سیستەمی ناوی پاواندا بە کۆدی دوو-پیتیی ISO -یانەوە دیاری دەکرێن. ئەم گرۆیە زیاتر بە پاوانە ئاست-سەرەکانی تایبەتی وڵات دەناسرێن. لە ٢٠٠٩-وە، وڵاتانێک بە ئەلفوبێ یان سیستەمی نووسینی نالاتینییەوە، لەجیاتیی بەکارھێنانی ناوی پاوانی ئەسکی لە سیستەمی ناوی پاواندا، دەتوانن داواکاری ناوی پاوانی ناونەتەوەییکراو (Internationalized Domain Name) بن، کە لە بەرنامە کۆمپیوتەرییەکانی بەکارھێنەراندا بە زمانی زکماکیی ئەوان نیشان دەدرێ.

گرۆی پۆلەکان بە پاوانە ئاست-سەرە گشتییەکان ناویان دەرکردووە. ئەم گرۆیە لە سەرەتادا بریتی بوو لە پاوانەکانی GOV ،EDU ،COM ،MIL ،ORG، و NET.

لەگەڵ گەشەی ئینتەرنێتدا، کەڵکەڵەی پێکھێنانی پاوانگەلی گشتیی زیادەش پەیدا بوو. ھەروەھا، بۆ ھەندێک لە پاوانە سەرەتایییەکان، ئەوەی کە ڕووی دا بریتی بوو لە گشتیتربوون یان تایبەتیتربوونی نیازەکان و مەبەستەکانیان، یان سپاردنی ئەرکی پاراستنیان بە ھەندێک ڕێکخراوەی تایبەت.

لە ئاکامدا، ئەمڕۆکە ئایانا پاوانە ئاست-سەرەکانی کردۆتە ئەم چەند گرۆیەی خوارەوە:

  • پاوانە ئاست-سەرەکانی تایبەتی وڵاتان
  • پاوانە ئاست-سەرە نێونەتەوەییکراوەکانی تایبەتی وڵاتان
  • پاوانە ئاست-سەرە گشتییەکان
  • پاوانی ئاست-سەری ژێرخان


جۆرەکانی پاوانی ئاست-سەر[دەستکاری]

دوو جۆرمان ھەیە، یەکەمیان ھێمایە بۆ ناوی وڵاتان (ccTLD) و ھەرێمە سەربەخۆکان، دووەمیان بە جۆری گشتی (gTLD) ناوبراوە بۆ ناوی گشتی.[١]

پاوانی ئاست-سەری وڵاتان[دەستکاری]

لە دوو پیت پێکھاتووە، بەپێی لیستەی پێوانەیی (ISO ٣١٦٦-١) کە ناوی ھەموو وڵاتان و ھەرێمە سەربەخۆ و دانپیانراوەکانی جیھانی لەخۆ گرتوە. بۆ نموونە دوو پیتی (iq) بۆ وڵاتی ئێراق، (ir) بۆ وڵاتی ئێران، و ھەروەھا. وڵاتانی ئەوروپاش دوو پیتی (eu) یان بە دەست ھێناوە، کە لەسەر داخوازی پەرلەمانی ئەوروپا دامەزراوەی بەشدارگەی ئینتەرنێتی بۆ ناو و ژمارە پێسپێردراوەکانەوە- ئایکان ICANN ھاتە وەڵام. لە ١٥/١١/٢٠١١ بە دواوە بەشدارگەی ئینتەرنێتی بۆ ناو و ژمارە پێسپێردراوەکانەوە- ئایکان ICANN ڕێگەی دا کە ئەم ناوانە لەگەڵ ناونیشانی پاوان بە تەواوەتی بکرێن بە یونیکۆد، ئەوسا ھەر وڵاتە و ھێما و ناونیشانەکە بە زمانی خۆی دەنووسێت.[٢]


پاوانی ئاست-سەری گشتی[دەستکاری]

لە سێ پیت و زیاتر پێکھاتووە. ئەمانە بەشدارگەی ئینتەرنێتی بۆ ناو و ژمارە پێسپێردراوەکانەوە- ئایکان ICANN بڕیاری دروستبوونیان ئەدات. وەکو (org) کە بۆ ڕێکخراوەکان organisation دانرا، یان پاوانی (name) بۆ ناوی تاکە کەس و ھاوبەشگەکان.

پەراوێزەکان[دەستکاری]

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]