محەمەد ئەمین زەکی بەگ
محەمەدئەمین زەکی بەگ (١٨٨٠-١٩٤٨) مێژوونووس و سیاسەتوانێکی ناوداری کورد بوو.
بە تورکی و عەرەبی و کوردی سەبارەت بە مێژووی جەنگ و لەشکر و مێژووی ڕامیاری و کوردستان خاوەنی بەرھەمی بەنرخە. ئەمین زەکی بەگ ئارەزووی لە ھۆنراوە، وێژە، خۆشنووسین و نیگارکێشان بووە و زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی، ئێنگلیزی، ئەڵمانی و فەڕەنسی زانیووە و لەبەر زیرەکی و لێوەشاوەیی بە «زەکی» ناوبانگی دەرکردووە.
محەمەد ئەمین زەکی بەگ لە سەردەمی پاشایەتی عێراقدا پەرلەمانتار بووە و وەک نوێنەری سلێمانی ھەڵبژێردراوە. لە دوو راپۆرتیدا بۆ پادشای ئەو کاتی عێراق و کاربەدەستانی ئینگلیز بە روونی باسی لە کێشەی پارێزگا کوردنشینەکانی ئێراقی کردووە و لە رێگای رەخنەکانییەوە کاربەدەستانی بە ئاگاھێناوەتەوە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی لە ساڵی ١٩٢٦ بە کورد درابوو.
[دەستکاری] ژیان
ئەمین زەکی بەگ کوڕی حاجی عەبدولڕەحمان کوڕی مەحمود باپێرە لە ساڵی ١٨٨٠دا لە گەڕەکی گوێژەی شاری سلێمانی لە دایکبووە و باوک و دایکی نەخوێندەوار بوون و خاوەن وڵاخ و کاروان بوون.
لە ساڵی ١٨٩٢ چووتە فێرگەی موڵکیی سەرەتایی سلێمانی پاشان ماوەیەکیش لە فێرگەی مەلا عەزیز خوێندویەتی. لە ساڵی ١٨٩٣ چووەتە فێرگەی ڕوشدیەی سەربازی سلێمانی و دوای دوو ساڵ خوێندن چوونەتە ڕوشدیەی سەربازی بەغدا ساڵی ١٨٩٨ چووەتە کۆلێژی سەربازی ھەروەھا بەشی ئەرکانی ئەستەمبۆل کە لە ساڵی ١٩٠٢ بە پلەی «رەئیس چاک» دەرچووە و لە لەشکری عوسمانی شەشەمی بەغدا دامەزراوە.
ساڵی ١٩٠٣ تا تەمووزی ١٩٢٤ لە لەشکری عوسمانیدا چەند جۆر پلەی بڕیووە، لەگەڵ گەڕانەوەشی بۆ ئێراق لە ١٩٢٥/٢/٢ تاکو ١٩٢٥/٧/١٥ فەرمانی دووەم پشکنەر فەرماندەی فێرگەی سەربازی ئێراقی بووە.
ساڵانی ١٩٢٥-١٩٢٨-١٩٣٧ نوێنەرەی ھەڵبژێراوی بۆ یەکەمجار لە شالیارێتی عەبدولموحسین ئەلسەعدوندا بووە بە شالیاری (کارداری و ھامووشۆ) تا ١٩٤١/١١/١٠ بۆ ١٠ جار لە شالیاریتیەکانی زانستی، بەرگری، ئابووری و ھامۆشۆدا بووە لە ١٩٤٢/٢/١٠ لە بەر نەخۆشی بەیەکجاری دەستی لە کاروباری میری ھەڵگرت.
لە شەوی ١٩٤٨/٧/٩ لە دیدەنی شاری سلێمانیدا کتوپڕ گورچیلەکەی لە کارکەوتوە و خوێنی لێ پیس کردووە بەو جۆرە گیانی سپارد.
[دەستکاری] بەرھەمەکان
خاوەنی زیاتر لە ١٢ بەرھەمە ئەمەش چەند بەرھەمێکی:
- محاسەبەی نیابات - ١٩٢٨ (کە تیایدا پەراوی کردەوەکانی لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا بۆ خوێنەر کۆکردۆتەوە)
- خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان - بەشی یەکەم ساڵی ١٩٣١ و بەشی دووەم ساڵی ١٩٣٧ (وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبیش)
- دوو تەقەللای بێ سوود- ١٩٣٥ (کە پاداشتێکی ٦٩ لاپەڕەیە: ساڵی ١٩٣٠ بۆ مانی کورد دابوویە میری، بڵاوکردنەوەی قەدەغەکرا)
- تاریخ السلیمانیة و ولایتها - ١٩٣٩
- مشاهیر الأکراد - بەشی یەکەم ساڵی ١٩٤٥ و بەشی دووەم ساڵی ١٩٤٧
- تاریخ الدولة و الامارات الکردیة - ١٩٤٥