محەممەد بەھرەوەر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
محەممەد بەھرەوەر
لەدایکبوون١٩٤٥
نیشتەجێیمەھاباد
نەتەوەکورد
پیشەنووسەر
وەرگێڕ
لێکۆڵەر
کارە ناودارەکان
وەرگێڕانی زارا، ئەوینی شوان


محەممەد بەھرەوەر (لەدایکبووی ١٩٤٥ لە مەھاباد، ڕۆژھەڵاتی کوردستان) نووسەر، لێکۆڵەر و وەرگێڕێکی کوردە.[١]

ژیان[دەستکاری]

محەممەد بەھرەوەر ٣ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٤٥ی زایینی (بەرامبەر لەگەڵ ١٢ی خەرمامانی ١٣٢٤ی ھەتاوی) لە بنەماڵەیەکی ھەژار و نەخوێندەوار لە گوندی حاجی حەسەنی سەر بە شاری مەھاباد لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە مزگەوتی گوندی باغکەندی لەلای فەقێیان دەست پێ کردووە، ساڵی ١٩٦٤ بۆ درێژەدان بە خوێندن چووەتە شاری مەھاباد و لە مزگەوتی بازاڕ لە حوجرەی مەلا حوسێن مەجدی دەستی کردووە بە خوێندنی عەرەبی. پاشی چوار ساڵ مانەوە لەوێ چووەتە مەدرەسەی علوومی دینی لە مزگەوتی سوور؛ لەوێ جگە لە خوێندنی عەرەبی پلەکانی ناوەندیشی خوێندووە. ساڵی ١٩٧٣ قۆناغی ناوەندی تەواو کردووە و دیپلۆمی ئەدەبی وەرگرتووە و وەک وەرگێڕ لە بەشی ھەواڵەکانی دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەھاباد دامەزراوە؛ پاشی ٢٢ مانگ کارکردن (ساڵی ١٩٧٥) لەوێ ڕۆیشتووە و لە ئیدارەی پەروەردە و بارھێنانی شاری مەھاباد دامەزراوە؛ بۆ ماوەیەکی کەم لە قوتابخانەی فەرەح دەفتەردار بووە، دواتر بۆ ماوەی ھەشت ساڵ بە نێوی حیسابدار لە خودی ئیدارە کاری کردووە و لە پاشان لە ساڵی ١٩٨٣دا وەک کتێبدار چووەتە قوتابخانەی ناوەندیی ئیبنی سینا؛ ھەر ئەوەش بووەتە ھۆی ئەوەیکە زیاتر لەگەڵ کتێب و خوێندنەوە ئاشنا بێت و بۆی ببێت بە سەرەتایەک. بۆ ماوەی ھەشت مانگ چووەتە شاری تەورێز و پاشان گەڕاوەتەوە. بۆ ماوەی ١٥ ساڵ لە ئیدارەی پەروەردە و بارھێنان و ھەشت ساڵیش لە دانشسەرا حیسابداری کردووە. سەرەنجام لە ساڵی ٢٠٠٣دا خانەنەشین بووە.

لە ساڵی ٢٠٠١ەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ بەرپرسی ماڵیی گۆڤاری مەھاباد بووە، ھەر لەم ماوەیەدا ٢٩ وتاری لە گۆڤار و ڕۆژنامە جیاجیاکانی ڕۆژھەڵات و باشووردا بڵاو بووەتەوە کە بریتین لە نووسینی ١٨ وتار و وەرگێڕانی ١١ وتار. لە ژمارەکانی ١١ تا ٢١ی گۆڤاری مەھاباددا زنجیرەوتارێکی لەژێر ناوی «ناوی جوان بۆ منداڵانی جوان» دا بڵاو کردووەتەوە کە ناوەرۆکەکەی ناوە کوردییەکان بووە کە سەرجەم ٣٥٣ ناوی لەخۆ گرتووە.[٢]

ڕووبەرگی کتێبی کۆیلەی ڕاپەڕێو

بەرھەمەکان[دەستکاری]

  • یەکەم وەرگێڕانی کتێبی حەزرەتی ئیبراھیمی دوکتور خوراسانی بووە کە پاییزی ساڵی ١٩٨٤ لە تاران چاپ و بڵاو بووەتەوە. (لە فارسییەوە)
  • کۆیلەی ڕاپەڕیو (دووەمین بەرھەم) ساڵی ١٩٩٠ لەلایەن ناوەندی فەرھەنگ و ئەدەبی کوردی (چاپەمەنیی سەلاحەدینی ئەییووبی) چاپ بووە.
  • زەویی چاک (چاپی دووەم لە باشووری کوردستان، چاپەمەنیی ئاراس)
  • گوندی ئێمە (چاپی دووەم لە باشووری کوردستان، چاپەمەنیی ئاراس)
  • تەنەکاوا لە نووسینی ڕەزا ھەمڕاە (چاپی دووەم لە باشووری کوردستان، چاپەمەنیی ئاراس)
  • شیعر و پەخشانی سوارە ئیلخانیزادە
  • شیکردنەوەی چوار بەرگ لە کتێبی ڕۆژگاری من نووسراوەی مارف خەزنەدار
  • شیکردنەوەی کتێبی لە کەناری دانووبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ لە نووسینی نەوشیروان مستەفا
  • زارا لە نووسینی محەممەد قازی
  • بیرەوەرییەکانی وەرگێڕێک محەممەد قازی
  • نامە بۆ مناڵێک کە ھەرگیز لە دایک نەبوو
  • ئایینی ئەوین
  • کۆمەڵەوتار ١٣٧٤–١٣٩٥ بەرگی یەکەم (ئامادەی چاپ)

کتێبە دەنگییەکان[دەستکاری]

  • کتێبەکانی زارا، تەنەکاوا و زەویی چاک لەلایەن مەناف ئیرانپەناوە لە ڕادیۆ مەھاباد خوێندراونەتەوە.
  • سامان وەتمانی کتێبەکانی زارا و بیرەوەرییەکانی وەرگێڕێکی بە دەنگ تۆمار کردووە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ کۆیلەی ڕاپەڕیو، تی واشینگتۆن، محەممەد بەھرەوەر، سەردان لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
  2. ^ محەممەد بەھرەوەر کەسایەتییەکی خاکەڕا، نووسەر و وەرگێڕێکی بەتوانا، ھاژە، ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، سەردان لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤