فەلسەفەی شیکارانە
لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
فەلسەفەی شیکارانە زاراوەیەکی گشتییە بۆ شێوازێک لە فەلسەفە کە لە سەدەی بیستەم و لە وڵاتانی ئینگلیزی-ئاخێودا سەری ھەڵدا. لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، شانشینی یەکگرتوو، کەنەدا، سکاندیناڤیا، ئۆسترالیا و نیوزیلاند، زۆربەی بەشەکانی فەلسەفە لە زانکۆکاندا، خۆیان بە شوێنکەوتووی فەلسەفەی شیکارانە دەزانن. ھەندێک جار وا تێدەگەیێندرێ کە فەلسەفەی شیکارانە دژایەتیی بزاڤگەلی فەلسەفیی تر وەکوو فەلسەفەی کیشوەری، تۆمیزم و مارکسیزم دەکا.
زاراوەی "فەلسەفەی شیکارانە" دەتوانێ ئاماژە بدا بە:
- نەریتێکی فەلسەفیی بەرین کە پێداگرە لەسەر ڕوونبوون، واتاداربوون و بیرکارانەبوونی پێشنیارەکان و بیانووەکان (کە زۆرتر لە لۆژێکی شێوەیی و شیکردنەوەی زماندا دێنە دی) و ڕێزی تایبەت بۆ زانستە سروشتییەکان دادەنێ.
- کۆمەڵێک گەشەی بەرتەسکتر لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا کە پێشینەی مێژووییی واتا بەرینەکەن (ئەوەی سەرەوە). بۆ نموونە، کارەکانی بێرتڕاند ڕاسێل، لوودڤیک ڤیتکنشتاین، جی ئی موور، گۆتلوب فریگە و پۆزیتیڤیزمی لۆژیکی.