فایدرۆس

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
سوقرات و فایدرۆس وتووێژ دەکەن

فایدرۆس ناوی یەکێ لە وتووێژە سوقراتییەکانی ئەفلاتوونە کە تایبەت دراوە بە باسی قسەزانی و خۆشەویستی. لەم نامیلکەیە و نامیلکەی میوانیشدا ئینسان دەتوانێ سەرجەم بیروباوەڕی ئەفلاتوون لەبارەی خۆشەویسیتییەوە بدۆزێتەوە. لە دیکەی بەرھەمەکانیدا، ئەفلاتوون، ئەگەر قسەی خۆشەویستی و ئەوینیشی کردبێ، لە سووکە ئاماژەیەک زیاتر نەبووە. بەڵام خۆشەویستی لەم دوو نامیلکەیەدا پلە و پایەیەکی بەرزی پێ دراوە و، ھاوشانی حیکمەت و تەواوکەریەتی.

زۆربەی لێکۆڵەران باوەڕیان ئەوەیە کە فایدرۆس لە بەرھەمە دوایینەکانی ئەفلاتوونە و کەمێ پێشتر یا پاشتر لە میوانی نووسراوە و ھاوکاتە لەگەڵ نووسینی نامیلکەی کۆماردا.

پوختە[دەستکاری]

فایدرۆس کە لە لای وتاربێژی ناودار لوسیاس دێتەوە، ئەیەوێ بۆ سەیران بچێتە دەروەی شار. لە ڕێگا تووشی ئەبێ بە تووش سوقراتەوە. بە سوقرات ئەڵێ وتارێکی زۆر باشی لوسیاسی گوێ لێ بووە و دەقی وتارەکەشی پێیە. سوقرات داوای لێ ئەکا وتارەکەی بۆ بخوێنێتەوە. بابەتی وتارەکە ئەوەیە کە دڵبەر نابێ دڵداری خۆش بوێ، ئەبێ حەزی کەسێ بێنێتە دی کە عاشقی نییە و، مەیلی خۆی بە کەسێ بات کە خۆشی ناوێ. چونکە ناعاشق، پێچەوانەی عاشق، ئەقڵ و ھۆشی لە جێی خۆیدایە و ئاکار و ڕەوشتی ژیرانە و دڵگرە. مەیلیشی دێرتر لە ناو ئەچێ و گڕوفڕیشی کەمترە. لە ھەموو ئەمانە گرنگتر، لە غیرەتیش، کە مایەی دەردیسەر و ئازاری دڵبەرە، بێبەشە.

فایدرۆس کە لە دەمپاراوی و قسەزانیی لوسیاس واقی وڕ ماوە، ئەڵێ قسە لەمە ڕەوانتر و شیرینتر نابێ و گەرەکیەتی سوقراتیش ھاوڕا بکا لەگەڵ خۆیا. سوقرات ھەرچییەک ئەکا بۆی ناکرێ لە پیاھەڵگوتن و تاریفکردنەکانی فایدرۆسدا شەریکی بکا و دەڵێ تەنانەت لە لەفز و شێوازی دەربڕینی لوسیاسیشدا کەموکووڕی زۆر دەبینرێ، چ بگا بە ناواخن و ماناکەی. زۆر کەس ھەیە ئەتوانێ لەوە جوانتر وتار بڵێت. تەنانەت خۆیشی کە لەو کارەدا پسپۆڕ و شارەزای تەواو نییە ئەتوانێ وتارێکی باشتر بنووسێ. لەسەر داوای فایدرۆس، سوقراتیش وتارێ پێشکەش ئەکا دەرھەق بە خۆشەویستی. ئەڵێ دوو شت لە ئینساندا بەبەردەوامی لەگەڵ یەکترا بەربەرەکانێ و مشتومڕیانە: ئەقڵ و ھەوای نەفس. ئەگەر ئەقڵ زاڵ بێ بەسەر ھەوای نەفسا، ئینسان لە تەراز دەرناچێ و میانەڕۆیی ئەکا بە پیشە. بەڵام ئەگەر ھەوای نەفس زاڵ بێ بەسەر ئەقڵدا،  ئینسان ئەبێ بە کۆیلەی زێدەڕۆیی و چاوچنۆکی. عاشقیش ئەقڵ لە سەریا نەماوە و ھەوای نەفسی بەسەردا زاڵ بووە. کەوایە، ناعاشق لە عاشق سەرترە. دڵدار ئەیەوێ دڵبەر لە خەڵک دوور بکاتەوە و بیکا بە ھیی خۆی. ھەڵسوکەوتی لەگەڵ دڵبەرا ھەر تەنیا مایەی سەرئێشەی دڵبەرە. ھەردەم دڵبەر عەزیەت ئەدا. ناوی ئەخاتە سەر زاران و بەدناوی ئەکا. دڵداران دڵبەرانیان ئەو جۆرە ئەوێ کە گورگ مەڕی ئەوێ.

لێرەدا، سوقرات قسەکانی دوایی پێ دێنێ و قەستی ئەوەیە بڕواتەوە. فایدرۆس تکای لێ ئەکا بوەستێ ھەتا فێنک ئەکا. سوقرات نیشانەگەلێک لە ئاسمانا ئەبینێ و گەڕانەوە بە چاکە دانانێ و تێ ئەگا بەرامبەر بە دڵداری و خۆشەویستی کفری کردووە و ھەتا کەفارەی گوناحەکەی نەدات و تۆبە نەکا نابێ بگەڕێتەوە بۆ ماڵ. ئەمەیە کە وتارێکی تر دەست پێ ئەکا، ئەمجارە لە تاریف و ستایشی دڵداریدا.

ئەڵێ شێتیی عاشق بەھرەیەکی ئاسمانییە و بۆ ناسینی پێویستە ئەوەڵ «گیان» بناسرێ. گیان گەوھەرێکی ھەرمان و سەرچاوکەی ھەموو جموجووڵەکانە. گیان وەکوو عەڕابەیەکە دوو ئەسپی باڵداری پێوە بەسراوە و عەڕابەوانێکی لەسەر دانیشتووە. یەکێک لە ئەسپەکان ھەرمان و نەمرە و ئەوی تریان فانی و بمر. ئەسپە ھەرمانەکە بەردەوام بەرز ئەبێتەوە و بەرەو ئاسمان ھەڵئەفڕێ، بەڵام ئەسپە فانییەکە باڵەکانی ئەشکێت و دائەکەوێ. ئەسپەکان گیان ئەبەن بۆ جیھانێکی سەرتر و لەوێ جوانی و ئەقڵ و چاکەی پێ نیشان ئەدەن و، بەوانە پەروەردەی ئەکەن. لە ڕۆژێ لە ڕۆژاندا، زیۆس، خوای خواکان، سواری عەڕابە باڵدارەکەی ئەبێ و ئەچێ بۆ سەیری ئاسمان. بە شوێن ئەودا، کاروانێ لە خواکان و نیوەخواکان و ئینسانەکانیش وەڕێ ئەکەون. لە ناو ئاسمانا، دیمەنگەلی پاک و بەشکۆ، گیانی بینەران پەروەردە ئەکەن. بەڵام، جوانترینی ئەو دیمەنانە ئەوەیە کە لە بەزمی خواکاندایە. عەڕابەکانی خواکان ئاسمان تێ ئەپەڕێنن و ئەگەنە پشتەوەی. بەڵام عەڕابەکانی تر ناتوانن بگەن بەو پلەوپایە، لەبەر ئەوەی کە ئەسپە فانییەکانیان ئەیانکێشن بەرەو زەوی و لەو بەرزییە ئەیانھێننە خوارەوە. ئەو جیھانەی لە پشتەوەی ئاسمانە، ڕاستییەکی بێشێوە و بێڕەنگە کە نە ئەتوانی دەستی پیا بماڵی، نە ئەتوانی بە چاو بیبینی. ھەر تەنیا بە ئەقڵ ئەبینرێ و ھەر تەنیا دەستی زانایی بەری ئەکەوێ. گیانی خوایی ئەسڵی میانەڕۆیی و عەداڵەت و زانایی لەوێ سەیر ئەکا و، کە تێر بوو، ئەگەڕێتەوە و ئەسپەکان ئەکاتەوە و خۆراکی ئاسمانی و بادەی خوایییان پێ ئەدا. ئەم مرادحاسڵبوونە بەس ھیی خواکانە. گیانی ئینسانیش ئەکۆشێ بگا بەو پلەوپایە، بەڵام دائەمێنێ. ھەندێ جار سەری عەڕابەوانەکە نزیک سنووری کۆتاییی ئاسمان ئەبێتەوە و بە ملەتاتکێ و سەر کێشان بەرەو ژوور، درەوشانەوەیەک لە ڕاستی بۆی ئاشکرا ئەبێ، بەڵام ھەمدیسان بەرەو خوار ئەکێشرێتەوە. کە داش کەوت بە سەر عەرزا، ئەو گیانە ئەچێتە قاڵبی مرۆڤەوە.

لە ناو مرۆڤەکاندا، لەکارزانان (حەکیمان) و دڵداران (عاشقان) لە ھەموو کەس زیاتر توانیویانە تەماشای ڕاستی بکەن لەو جیھانەدا و لە پلەی یەکەمدان. شاکان و دڵاوەرەکان و ئازاکانیش لە دوای لەکارزانان و دڵدارانن. لە پلەی سێیەمیشدا سیاسییەکان و بازاڕییەکانن. لە پلەی چوارەمدا وەرزشکارەکان و پاڵەوانەکان. لە پلەی پێنجەمیدا مەلاکان و خەفزانەکان و غەیببێژەکانن. لە پلەی شەشەمدا شیعربێژەکانن. لە پلەی حەوتەمدا وەرزێران و سنعەتکارانن. لە پلەی ھەشتەمدا سۆفستایییەکان و، لە دوایین پلەشدا ستەمکارانن. ھەر کەس لە ھەر پلەیەکدا کاری چاک بکا بە پیشە، سەرەنجام ئەبرێتە پلەی سەرەوە و، ئەگەریش ڕوو لە خراپە بکا، ئەبرێتە پلەی خوارەوە. دوای مردن، خراپەکاران ئەبەن بۆ سزاخانەی ژێر زەوی و، چاکەکاران ئەنێرن بۆ ماڵی ڕزگاران. ھەزار ساڵ کە تێپەڕی، ھەموو گیانەکان دووبارە کۆ ئەبنەوە و بۆ خۆیان چەشنێک ژیانی ژێرزەوینی ھەڵئەبژێرن. گیانێ کەوا دوو سێ جاری یەک لە دوای یەک قاڵبی لەکارزانان و دڵداران ھەڵبژێرێ، پاش سێ ھەزار ساڵ پەڕ و باڵی کامڵ ئەبێ و، بەرەو ڕاستی باڵ ئەگرێتەوە و ئەڕوا. بەڵام، ئەوانی تر ئەبێ دوو ھەزار ساڵ چاوەڕوان بمێنن. گیانی مرۆڤ لەوانەیە بچێتە قاڵبی حەیوانەوە، بەڵام، گیانێ کە لەو ھەڵفڕینە بەرەو ئاسمانەی لەگەڵ خواکاندا، لە ڕاستیی ئەودیوی ئاسمان بەھرەیەکی پێ نەگەیشتبێ ناتوانێ بچیێتە قاڵبی مرۆڤ.

گیانی مرۆڤ لەو ڕاستییە جگە لە تارمایییەک شتێکی لە بیر نەماوە، بەڵام یادی ڕاستی لە زەینی حەکیماندا ڕوونترە. ئەمەیە کە گیانی حەکیم پەلوپۆیەتی و بەرەو جیھانی سەرەوە خۆی ھەڵئەکێشێ. ھەر بەم بۆنەوەیە کە بێخەبەران پیان ئەڵێن شێت و دێوانە. جوانییەکانی ئەم دنیایە جوانییەکانی ئەو جیھان دێنێتەوە بیری حەکیم. بەڵام ھەرچی ئەگەڕێ نموونەی ئەو ئەقڵە بێنوقسان و بێکەموکووڕییە کە لەوێ دیویە، لێرە بەدی ناکا. گیانی سووکان و ناکەسان کە ئەگا بە جوانی ھەر وەک گیانی چوارپێیان ئەکەوێتە شوێن چێژپەرستی و بەھرەکێشی و چەوساندنەوە. بەڵام دیتنی جوانی، گیانی حەکیم و لەکارزان پڕ لە خۆشی ئەکا و، وای لێ دێ ئەیەوێ کڕنۆشی بۆ ببا. لەو وەختەدا، باڵە وشکبووەکانی گیانی تەڕ و نەرم ئەبێتەوە و سەرلەنوێ چووزە دەر ئەکا. دەرھاتنەوەی باڵەکان وەکوو دەرھاتنی ددانی مناڵی شیرەخۆرە ئێش و ژانی ھەیە. لە حاند دڵبەرا، سۆزی باوک و دایک و پلەوپایەی کۆمەڵایەتی و ماڵ و سامان لە لای بێقەدر ئەنوێنێ و دڵبەر بە دەرمانی گشت زامەکانی ئەزانێ. ئەم ھێزە کە جوانی بەدیی دێنێ ناوە عیشق و خۆشەویستییە.

عەڕابەوانەکە ھەوساری دوو ئەسپەکەی بە دەستەوەیە. ئەسپە ھەرمانەکە، گرانمایە و ڕەسەنە، بە لاواندنەوە و دەستپیاھێنانێکی بەئاسپایی وە ڕێ ئەکەوێ. بەڵام ئەسپەکەی تر، سڵ ئەکا و جووتە ئەوەشێنێ، بۆ وەڕێکەوتن قامچی و مەھمێزی ئەوێ. عەڕابەوان و دوو ئەسپەکە نوێنەری سێ بەشی جیاوازی گیانن کە پێکەوە بەرەو دڵبەر ئەڕۆن، بەڵام لە ناو ڕێگەدا ئەبێ بە شەڕیان. ئەسپە ناڕەسەنەکە ئەیەوێ خۆی خا بە سەر دڵبەرا و چێژی لێ وەرگرێ، چونکە مەبەستی ئەو لە خۆشەویستی ھەر تەنیا چێژوەرگرتنی جەستەیەتی. عەڕابەوان توند لەغاوی ئەکێشێ و بە چۆکی دادێنێ. ئەسپەکە ھەمیسان ھەڵئەداتەوە و ڕائەپەڕێتەوە و ئەمجارە عەڕابەوانەکە وەھا لەغاوی لێ توند ئەکا کە دەمی پڕ ئەبێ لە خوێن و ئارام ئەگرێ. لەوەودوا، گیانی عاشق بە پەروا و خاکەسارییەوە شوێن دڵبەر ئەکەوێ. کاتی خۆیشی کە گەیشت، دڵبەریش لای لێ ئەکاتەوە و مەیلی ئەداتێ و خۆشەویستییەکە لە دوو سەرەوە ئەبێ. پاش ئەوە، ئەگەر دڵدار و دڵبەر دووریگرتن لە کاری دزێو و پارێزکاری بکەن بە پیشەی ژیانیان، ئەوەی لە عومریان ماوە بە ڕزگاری و دڵخۆشی بەسەری ئەبەن و، ئەگەریش تەنیا دڵ بە ھەوەسەکانی ئەم جیھانە خۆش کەن، جۆرێک دڵخۆشی بێبەھا و کەمبایەخ ئەبێ بە نەسیبیان.

بەم جۆرە سوقرات تاریفدانەوەی خۆشەویستی کۆتایی پێ دێنێ. فایدرۆسیش ئەڵێ ھونەری سوقرات لە قسەزانیدا لوسیاسی لای بێقەدر کردووە.

سەرچاوە[دەستکاری]

  • صناعی، محمود. چھار رسالە، فدروس. نشر ھرمس.