دەستپێک (فیلم)

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
دەستپێک
Inception
دەرھێنان کریستۆفەر نۆلان
بەرھەمھێنان کریستۆفەر نۆلان
ئێمما تۆماس
نووسینی کریستۆفەر نۆلان
کاست لیوناردۆ دیکاپریۆ
کێن واتانابی
جۆزێف گۆردۆن-لیڤیت
ماریۆن کۆتیارد
ئێلن پەیج
تۆم هاردی
دیلییپ رائۆ
سیلیان مۆرفی
تۆم بێرێنگەر
مایکڵ کەین
موزیکی هانس زیمەر [١]
وێنەگری سینەمایی واڵی فیستەر
دەستکاری لی سمیس
ستۆدیۆ لێجەندەری پیکچەرز
سینکۆپی فیلمز
کۆمپانیای بڵاوکەرەوە وارنەر برۆس پیکچەرز
ڕێکەوتی دەرچوون ٨ی تەمموزی ٢٠١٠ (لەندەن)
١٦ی تەمموزی ٢٠١٠ (ویلایەتە یەکگرتووەکان)
ماوەی فیلم ١٤٨ خولەک [٢]
وڵات ویلایەتە یەکگرتووەکان
زمان ئینگلیزی
تێچوون ١٦٠ ملیۆن $
داھات ٨٢٥,٥٣٢,٧٦٤ $ [٣]

فیلمی دەستپێک (بە ئینگلیزی: Inception) فیلمێکی ئەمریکییە زانستییە لە ساڵی ٢٠١٠ دەرچووە. دەرھێنەر کریستۆفەر نۆلان زیاتر لە دە ساڵ خەریکی نووسینی سیناریۆی فیلمی دەستپێک بوو . دە ساڵ وەکوو درووستکەرێک، نۆلان چیرۆک و پڵاتی فیلمی دەستپێکی بە شێوەیەکی زیرەکی و بیرکاریانە و وەکوو پەزڵێک درووست کردووە. بینەر پێویستە زیاتر لە یەک جار ئەم فیلمە ببینێت بۆ ئەوەی بە تەواوی لە ناوەڕۆکی فیلمەکە تێبگات. بینەر دەبێت وەکوو کریستۆفەر نۆلان زیرەک بێت و لە گۆڕان و چەندان چیرۆکی تێکەڵبووی جیاوازی فیلمەکە تێبگات. بەڵام زۆر لە بینەران لە دوای بینینی فیلمەکە وەکوو وون بوێکیان لێدێت، بە تەواوی نازانن چیرۆکەکە لە بارەی چیەوە یە؟ چونکە ئەو دنیایەی کە نۆلان دروستی کردوە دنیایەکی ئاڵۆزە، خەون و ڕاستی و نەستی کارەکتەرەکان لە یەک کاتدا لەسەر شاشەن.

پێرست

چیرۆکی فیلم [دەستکاری]

گەر بە چەند ووشەیەک چیرۆکی فیلمی دەستپێک بگێڕینەوە ئەوا دەتوانین بڵێین کە فیلمی دەستپێک باس لە کارەکتەری دۆم کۆبب (کارەکتەری لیوناردۆ دیکاپریۆ) دەکات، کە کارەکەی ئەوەیە بچێتە ناو خەونی کەسانی ترەوە کاتێک کە نووستوون و لەناو بیرەوەری و نەستیاندا بیرەوەری و فیکرەی نوێ بچێنێ وەیان ئەو فیکرە و بیرەوەریەیان لێبدزێت، کۆبب دەتوانێت کۆنتڕۆڵی خەونەکەی بکات و وە شوێن و کات و تەنانەت ڕووداوەکانی خەونەکە بگۆڕێت بۆ سودی خۆی. کۆبب لە ئەمریکا بە تاوانبار دانراوە لە کوشتی خێزانەکەی، ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ لای دوو منداڵەکی، ھەلێکی بۆ دەرەخسێت، کەسێکی دەوڵەمەند و بە دەسەڵاتدار کارێکی دەداتێ، گەر ئەو بتوانێت لە ماوەی گەشتی فڕۆکەیەکدا بۆ ئەمریکا چەند فکرەیک لە ناو نەست و مێشکی یەکێک لە گەشتایارەکاندا بچێنێت ئەوا ئەو دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا و بۆلای منداڵەکانی. لەماوەی گەشتی دە کاتژمێری فڕۆکەکەدا و پێش ئەوەی لە ئەمریکا بنیشێتەوە، کۆبب دەبێت ئەوە بە ئەنجام بگەیەنێت، ئەو بیر و فیکرە لە ناو نەست و مێشکی ئەو کەسەدا لە ڕێگەی خەونیەوە بچێنێت، گەر نا، ئەوا لە فڕۆکەخانەکە دەگیرێت و ناتوانێت بە منداڵەکانی شاد ببێتەوە. ئەمە چیرۆک و پڵاتی فیلمی دەستپێکە، بەڵام ناوەڕۆکی فیلمەکە زیاتر لە بارەی ڕاستی و داستانی سینەما ، لە بارەی خەون و نەستی مێشکی مرۆڤ و بیرەوەری ئەو کەسەیە. گەر سیگمۆند فرۆید فیلمێکی دەربھێنایە لەسەر کتێبی “لێکدانەوەی خەون” ئەوا فیلمی دەستپێکی لێدەردەچوو.


بۆ ئەوانەی فیلمی مۆمینتۆ (٢٠٠٠) ی نۆلانیانی بینیەوە، ڕەنگە لە بینینی فیلمی دەستپێک زۆر لە چیرۆکەکەدا وون نەبن. فیلمی مۆمینتۆ باس لە کەسێک دەکات کە بیرەوەری وون بوە و وە بۆ ڕابردووی خۆی دەگەڕێت، فیلمە کە بە پێچەوانەوە پیشان دەدرێت، لە کۆتایەوە دەست پێدەکات و لە پێشەوەیدا کۆتای دێت، وە زۆرجار بینەر لە چیرۆکەکەدا وون دەبێت، دەبێت لە مێشکتدا جارێکی تر چیرۆکەکە لە پێشەوە بۆ کۆتای درووست بکاتەوە بۆ ئەوەی کە بە تەواوی لە چیرۆکەکە تێبگات. فیلمی دەستپێک زۆرتر لە سەر بینەر پێویستە کە پارچە بە پارچە وێنەکان وەکوو پەزلێک بە یەکەوە بنێت، وە پێویستە بینەر لە سایکۆلۆژی مرۆڤ و خەون و دنیای نەستی مێشک شارەزا بێت، فیلمێکی ئاسان نیە بۆ لێکدانەوە، فیلمێکە کە لە دنیایی نەست و خەوندا ڕوودەدات ، دوور لە ڕاستی ڕۆژانەی ژیان. گەر خوێنەر حەز دەکات زۆرتر لە دنیای ئەم فیلمە تێبگات، کتێبی “لێکدانەوەی خەون” ی سیگمۆند فرۆید بخوێنەوە.

کات و شوێن [دەستکاری]

فیلم وەکوو ھەموو ھونەرێک لە دوو فۆڕمدا ڕوودەدات، کات و شوێن، بینەر کە فیلمێک دەبینێت، دەیەوێت بزانێک فیلمەکە لە چی شوێنێک و لە چی کاتێکدا ڕوودەدات، بەڵام لە فیلمی دەستپێکدا، کات و شوێن بەردەوان لە گۆڕاندایە، بینەر وون دەبێت لە دنیای فیلمەکەدا، دنیای لۆژیک و ڕاستی دەگۆڕدرێت بۆ دنیایەکی خەونی و ئەبستراکتی و سوڕیەلیزم و سیمبۆلیزم. بە خێرایی و بە مۆنتاژ لەم دنیاوە بۆ ئەوە دنیا دەچین. نازانین کام دنیا خەونیە و کامیان ڕاستیە. وەکوو خەون ، کارەکتەرەکان لە پڕێکدا دێنە ناو چیرۆکەکە وە کاتێک کە لە دنیای خەوداین، بەڵام کاتێک کە ئەو کەسەی خەونەکە دەبێنێت خەریکە خەبەریی دەبێتەوە، ئەو دنیایە لە ناودەچێت، شوێنەکان، بیناکان، کارەکتەرەکان نامێنن، چونکە ئەو دنیایە تەنھا لە نەست و خەونی ئەودا بوونی ھەیە. تەنھا شتێک کە دنیای خەون و دنیای ڕاستی بەیەکەوە دەبەستێتەوە مۆسیقا و دەنگە، ھەر لەبەر ئەمەیە کاتێک کە کارەکەرەکان دەیانەوێت لە خەون ھەستن لە ھەمان کاتدا بە یەکەوە، مۆسیقا ھەموو کارەکتەرەکان ئاگادار دەکاتەوە کە ئەو کاتە ھاتووە، کاتی خەبەربوونەوەیە (چەند جاران خوێنەر خەونی بینیوە کە لە خەونەکەیدا دەنگی تەلەفۆن دێت و کە خەبەری دەبێتەوە بە ڕاستی دەنگی تەلەفۆن لە ژوورەکەدا دێت؟)


ئاڵۆزی فیلم [دەستکاری]

ئێمما تۆماس لەگەڵ دەرهێنەر کریستۆفەر نۆلان

ئەوەی فیلمەکە زۆرتر ئاڵۆز دەکات دنیای خەون و دنیای ڕاستی نیە، بەڵکوو درووست کردنی زیاتر لە یەک دنیایە، کەسەکان خەون دەبینن، وە لەناو ئەو خەونەدا خەونێکی تر دەبین، وە جارێکی تر لە خەونی دووەمدا خەونێکی سێیەم دەبینن، کەواتە ڕووداوی سێ خەون لە ھەمان کاتدا ڕوودەدات و لە ھەمان کاتدا پڵاتی چیرۆکە بەرە و پێشەوە دەبەن. کات لەو خەونانەدا بە شێوەیەکی جیاواز کاردەکات، بۆ نموونە، یەک سانیەی خەونی یەکەم بە دە دەقیقەی خەونی دووەم و بە زیاتر لە یەک کاتژمێری خەونی سێیەم کار دەکات. گەر بڵێین کارەکتەرەکان لە ناو فڕۆکەکەدا بۆ دە کاتژمێر بخەوەن و لەو ماوەیەدا لە خەونی سێیەمدا بن، ئەوا ڕەنگە بۆ زیاتر لە دە ساڵ لەو خەونەدا وون بن، چونکە کات لە دنیای خەوندا بە خێرایی دەڕوات وەکو لە دنیای ڕاستیدا. لە ھەمان کاتدا، گەرچی ئەو کەسانە لە یەک کاتدا لە چوار دنیادان (ڕاستی، خەونی یەکەم و دووەم و سێیەم) لە ھەمان کاتدا ئەوان لە دنیای نەستی خۆیاندان، بیرەوەری ژیانی ڕابردوو و شوێنەکان و کەسان و یادگاریەکانیان تێکەڵی خەونەکانیان دەبێت و لەگەڵ ڕووداوەکاندا تێکەڵ دەبن، کۆبب زۆربەی جار ناتوانێت کۆنترۆڵی نەستی خۆی بکات و بیرەوەی منداڵەکانی و خێزانە مردووکەی تێکەڵی دنیای خەونی دەبێت و کار لە ڕووداوەکان دەکات. کەواتە، لە یەک کاتدا، ئێمە لە پێنج دنیای جیاوازی یەک کارەکتەرداین، وە لەھەمان کاتدا، زیاتر لە حەوت کارەکتەرمان ھەیە کە لە یەک کاتدا خەون دەبینن، کەواتە با بینەر بیربکاتەوە چەند دنیای جیاواز لە فیلمەکەدا ھەیە، وەکوو پەزڵێک بینەر دەبێت ئەو دنیایانە بە یەکەوە بنێت بۆ ئەوەی لە چیرۆکەکە تێبگات، وەکوو خەونێک، بەتەواوی بە دنیای فیلمی دەستپێک ئاشنا نابین.


سینەما وەکوو خەون وایە، مرۆڤ لە ڕێگەی سینەماوە دەتوانێت دنیایەکی فانتەسی و خەون درووست بکات کە زۆر دوورە لە ڕاستی ڕۆژانەی ژیانەوە، کریستۆفەر نۆلان لە فیلمی دەستپێکدا ئەو دنیایەی درووست کردووە، بۆ دوو کاتژمێر وەکوو لیوناردۆ دیکاپریۆ ئێمەش لە شاشەی سینەماوە خەون دەبین و وە کاتێک خەبەرمان دەبێتەوە کەم لەو خەونە تێگەیشتووین و بە سەرسامیەوە شاشەی سینەما بەجێدەھێڵین.

سەرچاوە [دەستکاری]


پەراوێزەکان [دەستکاری]

  1. George (July 23, 2009). http://www.cinemarewind.com/2009/07/inception-cast-and-crew-updates.html Cinema Rewind. Retrieved August 31, 2009..
  2. Inception. BBFC (لە ڕێکەوتی June 29, 2010). سەردان لە ڕێکەوتی August 8, 2010.
  3. http://www.boxofficemojo.com/movies/?id=inception.htm Box Office Mojo. Retrieved January 16, 2011.

بەستەرە دەرەکییەکان [دەستکاری]

Official Website