دازاین

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

دازاین (بە ئاڵمانی: Dasein یا Da-sein) وشەیەکە لە زمانی ئاڵمانیدا کە مانای «ھەبوون» دەدات. لە فەلسەفەی مارتین ھایدێگەر، بە تایبەت لە کتێبی بوون و کاتدا، دازاین تێگەیشتەیەکی بنەڕەتییە و، بۆ ئاماژە بە ئەزموونی مرۆڤ لە «بوون» بە کار دێ. ئەوەش ئەو شێوازە لە «بوون»ە کە ئاگایی و ھۆشی ھەیە و دەبێ ڕووبەڕووی پرس و بابەتگەلێک وەکوو «کەسێک بوون»[١] و «مردن» بێتەوە و، سەرەڕای ئەوە کە دەزانێ لە بنی بنەوە و لە کۆتاییدا تەنیایە، لە بابەت چۆنیەتیی ژیان لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا، خۆی بڕیار بدات.[٢]

دازاین وەکوو خاڵی دەستپێک بۆ دۆزینەوەی مانای بوون[دەستکاری]

ھایدێگەر دەڵێ گرنگترین و بناخەییترین پرسیاری فەلسەفی «پرسیاری بوون»ە (بە ئاڵمانی: Seinsfrage)، یانی پرسیارگەلێک وەک «بوون چییە؟»، «بوون چ مانایەکی ھەیە؟»، «بۆچی ھەبووەکان ھەن لە باتیی ئەوە کە نەبن؟»، «چی بنەڕەتی ھەبووەکانە؟»، «کاتێ دەوترێ شتێک ھەیە، مانای چییە؟» باوەڕی ھایدێگەر ئەوەیە کە ئەم پرسیارە لە بیر چووەتەوە و، فەلسەفە، لە دوای ئەفلاتوونەوە، لە باتیی بوون، خۆی بە لێکۆڵینەوەی ھەبووەکانەوە سەرقاڵ کردووە. پرۆژەی فەلسەفیی ھایدێگەر ھەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی، ھەوڵدانە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە. میتۆدی ھایدێگەر بۆ گەیشتن بە وەڵامی ئەم پرسیارە دیاردەناسییە. ئەم میتۆدەش خاڵێکی دەستپێکردنی دەوێ: ھەبوویەک کە لە ئەوەوە دەست بە تۆژینەوە بکرێت. ھەبوویەک کە باشتر لە ھەموو ھەبووەکانی تر بتوانێ تۆژەرەوە بە مانای بوون بگەیەنێ. بۆ ھایدێگەر ئەم خاڵی سەرەتایی و دەستپێکردنە ئەو ھەبووەیە کە پرسیار لە بوونی خۆی و بوون بەگشتی دەکا، ھەبوویەک کە بوون بۆی مەسەلەیە. ئەو ھەبووە مرۆڤ یا ھایدێگەر وتەنی دازاینە.[٣]

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ personhood
  2. ^ "Dasein", Wikipedia (بە ئینگلیزی), 2023-04-14, retrieved 2023-05-06
  3. ^ محەمەد کەمال؛ پێشەکیی وەرگێڕانی بوون و کات؛ چاپی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم.