جێفری چۆسەر

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
وێنەی چوسەر

جێفری چوسەر (بە ئینگلیزی: Geoffrey Chaucer) لەدایکبووی ساڵی ١٣٤٣ زایینی، نووسەر، سترانبێژ، فەیلەسووف و سیاسەتوانی وڵاتی بریتانیا بوو.

لەکاتێکدا تۆماری تایبەت بە ژیانی ھاوسەردەمانی لەوانە ولیام لانگلاند و پییڕل پەوت بە شێوەیەکی کرداری بوونی نییە، بەھۆی ئەوەی کە چۆوسە کارگوزارێکی حکومی بوو، ژیانی پیشەیی لە پێنج سەد نوسراودا زۆرباش تۆمار کراوە کە گەواھیدەری پیشەکەین. یەکەم تۆماری ژیانی چۆوسە لە ساڵی ١٣٥٧دا لە ھەژماری ماڵی ئەلیزابێس دی بێرگدا دەردەکەوێت کە کۆنتێنسەی ئۆڵستەر بوو، کاتێک لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی باوکییەوە بوو بە خزمەتکاری ئەو خاتوونە خانەدانە کە فۆرمێکی باوی سەدەکانی ناوەڕاست بوو لە ڕاھێنانی پیشەیی کوڕان لە ئەسسپسواری و دامەزراندنی بە شکۆیانە. خاتوونی کۆنتێسە شووی بە ئێدواردی سێیەم کردبوو، ئەو پێگەیە چۆوسەی ھەرزەکاری لە بازنەی کۆشکی شاھانە نزیک کردەوە کە بە درێژایی ژیانی تێیدا مایەوە. لەوێ وەکو پیاوی شا، دیبلۆمات و کارگوزار کاری کرد و دواتریش لە نێوان ساڵەکانی ١٣٨٩ بۆ ١٣٩١ دا وەکو کارمەندی نوسینی کارەکانی پاشا کاری دەکرد.[١]

لە ساڵی ١٣٥٩دا لە قۆناغەکانی سەرەتای جەنگێکی سەد ساڵەدا، ئێدواردی سێیەم فەڕەنسای داگیرکرد و چۆوسە لەگەڵ لیۆنێڵی ئەنتوێرب، دۆقەی یەکەمی کلارێنس، ھاوسەری ئەلیزابێس وەکو بەشێک لە سوپای ئنگلتەرا چوون بۆ فەڕەنسا. لە ساڵی ١٣٦٠دا لەمیانەی گەمارۆدانی شاری ڕەیمسدا دەستبەسەرکرا. ئێدوارد ١٦پاوەندی بەخشی لە بەرامبەر ئازادکردنیدا، کە دەکاتە نزیکەی ١١ ھەزار و ٦١٠ پاوەند لە ساڵی ٢٠١٩دا و بەو شێوەیە چۆوسە ئازادکرا.

لە دوای ئەمەوە ژیانی چۆوسە نادیارە، بەڵام وا پێدەچیت سەفەری بۆ فەڕەنسا و ئیسپانیا و فنلاندەرس کردبێت و دەشێت وەکو نامەبەرێک و ڕەنگە بۆ حەج چووبێت بۆ سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلا. لە دەوروبەری ساڵی ١٣٦٦، چۆوسە ھاوسەرگیری لەگەڵ فیلیپا دا ڕاوتدا کرد. خانمێکی بەردەستی شاژنی ئێدواردی سێیەم، فیلیپای ھەینۆڵت، بوو ھەروەھا خوشکی کاترین سوینفۆرد بو کە دواتر لە دەوروبەری ساڵی ١٣٩٦ی دا بوو بە ژنی سێیەمی جۆن گۆونت. نازانرێت چۆوسە و فیلیپا چەند منداڵیان ھەبووە، بەڵام بە گشتی سێ یان چواریان ئاماژەپێکراون. تۆماس چۆوسەی کوڕی پیشەیەکی بەناوبانگی ھەبوو وەک سەرۆکی دەستەی کارگوزارانی چوار پادشا، نێردەی وڵات لە فەڕەنسا و وتەبێژی خانەی گشتی. کچەکەی تۆماس، ئەلیس، ھاوسەرگیری لەگەڵ شازادەی سەفۆلکدا کرد. نەوەی نەوەی تۆماس کە دەکاتە سێ نەوەی دواتری جیۆفری چۆوسە، جۆن دی لاپۆل، بەگی لینکۆڵن، ئەو جێنشینە شاھانەیە بوو کە ڕیچاردی سێیەم پێش لاچوونی داینابوو. منداڵەکانی دیکەی جیۆفری بە ئەگەری زۆرەوە لەکاتی تاج لەسەرنانی ھێنری چوارەمدا بەشداربوون کە ئەلیزابێس و کوڕێکی دیکەی بە ناوی لویس چۆوسە بوون. چۆوسە کتێبی "Treatise on the Astrolabe" ی بۆ لویس نوسیبوو.[٢][٣]

بەپێی نەریت، چۆوسە یاسای لە پەرستگایەکی ناوخۆیی خوێند (کە میوانخانەیەکی کۆشکی شاھانە بوو). بوو بە ئەندامی کۆشکی شاھانەی ئێدواردی سێیەم وەکو valet de chambre, yeoman, esquire، پیشەیەک کە چەند ئەرکێکی فراوانی لەخۆگرتبوو. ھاوسەرەکەشی موچەی خانەنشینی کۆشکی پاشایی وەرگرت. چەندین جار سەفەری دەرەوەی وڵاتی کردووە کە ھیچ نەبێت بەشێک لە سەفەرەکانی وەکو ئەندامی شاند و لەمیانەی پیشەکەیدا بووە. لە ساڵی ١٣٦٨ دا ڕەنگە بەشداری زەماوەندی لیۆنێڵ ئەنتوۆرپ و ڤیۆلانتێ ڤیسکۆنتی، کچی گالیازۆی دووەمی ڤیسکۆنتێی لە میلان کردبێت. ھەر لەو ماوەیەدا، وا دادەنرێت کە چۆوسە لە شەرەفی بڵانشی لانکستەردا کە دوایین ھاوسەری جۆون گەونت بوو و لە ساڵی ١٣٦٩ بە نەخۆشی تاعون کۆچی دوایی کرد، کتێبی The Book of the Duchess ی نووسیبێت.[٤]

ساڵی دواتر، چۆوسە وەک بەشێک لە پەلاماری سەربازی چوو بۆ پیکاردی، لە ساڵی ١٣٧٣شدا سەردانی گینوا وفلۆرەنسی کرد. چەندین سکۆلاری وەکو سکیت، بۆیتانی و ڕۆولاند ئاماژە بەوە دەکەن کە لەم گەشتەیدا بۆ ئیتاڵیا، چۆوسە پێترارک و بۆکاسیۆی ناسیوە. ئەوان شیعری ئیتاڵی سەدەکانی ناوەڕاستیان پێناساند، فۆرم و چیرۆکگەلێک کە دواتر بەکاری ھێنان لە شیعرەکانیدا. مەبەست لە گەشتە دەریایییەکەیان بۆ ئیتاڵیا لە ساڵی ١٣٧٧دا نادیارە، بەپێی ئەو وردەکارییانەی مێژوونوس جان فرۆیسارت بێت، بۆ ڕێکخستنی ھاوسەرگیری بووە لە نێوان ڕیچاردی دووەم کە دواتر دەبوو بە پادشا و شازادەی فەڕەنسا، ئەمەش بۆ کۆتاییھاتنی جەنگی سەد ساڵە. گەر ئەمە ھۆکاری پشت سەردانەکەیان بووبێت، وادیارە کە سەرکەوتوو نەبووبن چونکە ھیچ زەماوەندێک ڕووی نەدا.[٥]

لە ساڵی ١٣٧٨دا ڕیچاردی دووەم چۆوسەی وەک نێردراوێک (نێردەی نھێنی) نارد بۆ لای ڤیسکۆنتی و سێر جۆن ھاوکوود، کۆندۆتێری ئنگلیزی (سەرکردەیەکی بەکرێگیراو) لە شاری میلان. وا دەخەمڵێنرێت ھاوکوود ئەو کەسە بێت کە چۆسە لە کتێبی " Canterbury Tales "دا کەسایەتی سوارچاکەکەی لەسەر بنیات نابێت ئەمەش بەھۆی ئەو وەسفانەی چۆسەوە بۆ کارەکتەرەکە کە لەگەڵ بەکرێگیراوی سەدەی چواردەدا یەکدەگرێتەوە.

ئامژەیەک بەو ڕاستییەی کە پیشەی ئەو وەک نووسەرێک جێگەی پێزانین بووە، ئێدواردی سێیەم ڕۆژانە گاڵۆنێک مەی بۆ چۆوسە بڕیار لێدابوو بۆ ھەموو ژیانی و ئەمەش لە بەرامبەر کۆمەڵێک ئەرکی نادیاریکراودا. ئەمە بەخششێکی ناباو بوو بەڵام لە ڕۆژی ئاھەنگگێڕانی ڕۆژی قەشە جۆرجدا بوو لە ساڵی ١٣٧٤دا کە تێیدا وەک نەریتێک ھەوڵە ھونەرییەکان خەڵات دەکران، وا دادەنرێت ئەمە لە بەرامبەر بەرھەمێکی کۆنی شیعریدا پێی درابێت. نازانرێت کام لە بەرھەمەکانی چۆوسە ھاندەری خەڵاتەکە بوون، بەڵام پێشنیارکردنی ئەو وەک شاعیرێک بۆ پادشا ئەوی کرد بە شایستەی ئەو خەڵاتە خواردنەوەیییە تا دواتر ڕیچاردی دووەم ھاتە سەر تەخت و خەڵاتەکە لە ھەژدەی نیسانی ١٣٧٨دا کرا بە پارەی کاش.[٦]

چۆوسە کارێکی زۆر گرنگی بەدەست ھێنا وەکو بەڕێوەبەری گومرگ لە بەندەری لەندەن و لە ھەشتی حوزەیرانی ساڵی ١٣٧٤دا دەست بەکاربوو. دەبێت بۆ ئەو ڕۆڵە گونجاو بووبێت بە گوێرەی ئەوەی دوانزە ساڵ بەردەوام بوو تێیدا کە ماوەیەکی درێژە بۆ وەھا پۆستێک لەو کاتەدا. ژیانی دوای دە ساڵی بە تۆمارنەکراوی ماوەتەوە بەڵام وا باوەڕ دەکرێت کە زۆربەی بەرھەمە بەناوبانگەکانی لەو ماوەیەدا نووسیبێت یانیش دەستی بە نووسینیان کردبێت. لە ڕێکەوتی چواری ئایاری ١٣٨٠دا ناوی لە تۆماری یاساییدا وەک تێوەگلاو ھاتووە لە کەیسی (دەستدرێژی کردن یاخود دەستبەسەرداگرتن)ی سیسیلیا چامپەین. مەبەستی تۆمارەکە ڕوون نییە بەڵام وا پێ دەچێت کە ڕووداوەکە ھەر زوو بە پێدانی پارە لە حوزەیرانی ھەمان ساڵدا چارەسەر کرابێت و لەکەیەکی وای لەسەر ناوبانگی چۆوسە جێ نەھێشتبێت. نازانرێت گەر چۆوسە لە کاتی شۆڕشی جوتیاراندا لە لەندەن بووبێت یاخود نا بەڵام گەر لەوێ بووبێت، ئەوا ڕابەرانی شۆڕشەکەی دەبینی کاتێک ڕاستەوخۆ بە خوار پەنجەرەی شوقەکەیدا تێپەڕ دەبوون لە ئەڵدگەیت.[٧][٨]

وا دەردەکەوێت لە کاتی کارکردنیدا وەکو بەڕێوەبەری گومرگ، چۆوسە گواستبێتییەوە بۆ کێنت بەھۆی ئەوەی وەک یەکێک لە کۆمسیارانی ئاشتی کێنت دیاریکرابوو لەکاتێکدا کە داگیرکاری فەڕەنسا ئەگەرێک بوو. وا بیر دەکرێتەوە کە لە سەرەتاکانی ساڵی ١٣٨٠ دا دەستی کردبێت بە کارکردن لەسەر The Canterbury Talesدا. ھەروەھا لە ساڵی ١٣٨٦دا بوو بە ئەندامی پەرلەمانی کێنت و لە ھەمان ساڵدا بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی ناسراو بە «پەرلەمانی بێ وێنە» ی کرد. لەوە دەچێت ئامادەی زۆربەی ئەو ٧١ ڕۆژی دانیشتنی پەرلەمان بووبێت کە لەو کارەدا ٢٤٦ یۆرۆی وەرگرت. لە پانزەی تشرینی یەکەمی ئەو ساڵەدا، گەواھی لەسەر کەیسی Scrope v. Grosvenor دا. لە دوای ئەم بەروارەوە سەرچاوەی زیاتر لەبارەی فیلیپای ھاوسەری چۆوسەوە نییە و وا دادەنرێت کە لە ساڵی ١٣٨٧دا کۆچی دوایی کردبێت. لەو پشێوییە سیاسیانەی لۆردەکانی ئەپیڵاند دروستیان کرد، سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە چۆوسە بەشێکی باش لەو کەسانەی دەناسی کە لەو دۆخەدا لەسێدارەدارن، ڕزگاری بوو.

لە ١٢ی تەممووزی ساڵی ١٣٨٩دا چۆوسە وەکو بەڕێوەبەری نووسینی کارەکانی پاشا دیاری کرا، کە تێیدا وەکو ڕێکخەری بنیاتنانی زۆربەی پڕۆژەکانی پاشا کاری دەکرد. لە ماوەی کارکردنیدا کاری زۆر گەورە دەستپێنەکرا بەڵام ھەندێک چاکسازی لە کۆشکی وێستمنستەر و کەنیسەی قەشە جۆرجدا کرد و بەردەوامی دا بە دروستکردنی شۆستەیەکی بورجی لەندەن، ھەروەھا پایەی بۆ ئۆڵۆمپیاتێک دروست کرد کە لە ساڵی ١٣٩٠ دا ڕێکخرا. ڕەنگە کارێکی قورس بووبێت بەڵام پارەیەکی باشی تێدا بوو: دوو شیلینگ لە ڕۆژێکدا کە سێ ھێندەی بڕی موچەکەی بوو لە کاری گومرگەکەدا. ھەروەھا چۆوسە وەک دەرگەوانی باخچەی گشتی پاشا دامەزرێندرا لە فێکنباوم کە زیاتر دامەزراندنێکی شەرەفمەندانە بوو.

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Robert DeMaria, Jr. , Heesok Chang, Samantha Zacher, eds, A Companion to British Literature, Volume 2: Early Modern Literature, 1450–1660, John Wiley & Sons, 2013, p. 41.
  2. ^ Derek Brewer (1992). Chaucer and His World. Boydell & Brewer Ltd. pp. 18–19. ISBN 978-0-85991-366-9.
  3. ^ Marion Turner (9 April 2019). Chaucer: A European Life. Princeton University Press. p. 26. ISBN 978-0-691-16009-2.
  4. ^ Skeat, W. W. , ed. The Complete Works of Geoffrey Chaucer. Oxford: Clarendon Press, 1899; Vol. I, pp. xi–xii.
  5. ^ Rossignol, Rosalyn (2006). Critical Companion to Chaucer: A Literary Reference to His Life and Work. New York: Facts on File. pp. 551, 613. ISBN 978-0-8160-6193-8.
  6. ^ Rossignol, Rosalyn. Chaucer A to Z: The Essential Reference to his Life and Works. New York: 1999, pp. 72–73 and 75–77.
  7. ^ Power, Eileen (1988). Medieval English Nunneries, c. 1275 to 1535. Biblo & Tannen Publishers. p. 19. ISBN 978-0-8196-0140-7. Retrieved 19 December 2007.
  8. ^ Coulton, G. G. (2006). Chaucer and His England. Kessinger Publishing. p. 74. ISBN 978-1-4286-4247-8. Retrieved 19 December 2007.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]