تارار

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
تارار
بە فەرەنسی: Tarrare
لەدایکبوون١ی کانوونی دووەمی ١٧٧٢
لیۆن، فەڕەنسا
مردن١ی کانوونی دووەمی ١٧٩٨(١٧٩٨-٠١-٠١) (٢٦ ساڵ ژیاوە)
Versailles, Yvelines، فەڕەنسا
ھۆی مەرگسیل
زمانەکانی ئاخاوتنفەڕەنسی
پیشەکارمەندانی سەربازی، street artist
ناکۆکیشەڕی ھاوپەیمانی یەکەم
لقی سەربازیFrench Revolutionary Army

تارار (بە فەڕەنسی : Tarrare یان Tarare) (لەدایکبووی ١٧٧٢ - مردووی ١٧٩٨). نمایشکار و سەربازێکی فەڕەنسی بوو، بەناوبانگە بە خووی سەیر و سەمەرەی خواردن؛ دەیتوانی بڕێکی زۆر گۆشت بخوات، ھەمیشەش برسی بوو، بۆیە خێزانەکەی توانای دانەوەی خەرجییە زۆرەکانی نەبوو بۆیە لە ھەرزەکاریدا لە ماڵ دەرکرا. تارار لەگەڵ کۆمەڵێک دز و لەشفرۆش لە نێوان پارێزگاکانی فەڕەنسادا دەگەڕا، پێش ئەوەی نمایشەکەی ببێتە یەکێک لە نمایشە گەرمەکان بۆ کۆمەڵێک جادووگەر، کە سەربەندی شووشە و بەرد و ئاژەڵە زیندووەکان و سێوی بە تەواوی قووت دەدا. دوای ماوەیەک تارار ڕۆشت بۆ پاریس بۆ ئەوەی کۆمەڵەکەی لە شەقامەکاندا پێشکەش بکات.

کاتێک شەڕی ھاوپەیمانی یەکەم سەریھەڵدا، تارار پەیوەندی بە سوپای شۆڕشی فەڕەنساوە کرد، لەوێ ڕووبەڕووی کێشەی ژەمە خۆراکی سوپا بووەوە کە بەشی ئارەزووی خواردنی نەدەکرد، ناچاری کرد لە پاشماوە و ناو زێرابەکاندا بەدوای خۆراکدا بگەڕێت. بە تێپەڕبوونی کات، تارار زۆر ماندوو بوو، دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا، لەوێ چەندین تاقیکردنەوەی پزیشکی ئەنجامدرا بۆ پێوانەکردنی توانای خواردنی. لەنێو ئەو شتە سەیرانەی کە لە کاتی ئەو تاقیکردنەوانەدا ڕوویان دا ئەوە بوو کە تارار توانی ژەمێک بخوات بە یەکجار کە بەشی ١٥ کەسی دەکرد، جگە لە توانای خواردنی پشیلە و مار و کۆتر و مارمێلکە و تووتکە سەگ، ھەروەھا توانی مار ماسییەک بە تەواوی قووت بدات، بەبێ جووینی. سەرەڕای خووی سەیر و سەمەرەی خواردنی، تارار وەک کەسێکی ئاسایی دەردەکەوت؛  قەبارە و شێوەی ئاسایی بوو، ھیچ نیشانەیەکی کەمووکوڕی دەروونی لەسەری ھەست پێنەکرا، تەنیا ئەوە نەبێت کە بە ماتبوونی ھەمیشەیی لە ھەستکردندا وەسف دەکرا.

لە کاتی خزمەتە سەربازییەکەی تاراردا، ژەنەڕاڵ ئەلێکساندەر دی بۆرنییەر سەرنجی توانا نائاساییەکانی تاراری دا، بۆیە بڕیاریدا بەکاریبھێنێت بۆ بەرژەوەندی سوپای فەڕەنسا، بە بەکرێگرتنی بۆ قووتدانی بەڵگەنامە نھێنییەکان و تێپەڕین بەناو خاکەکانی دوژمندا، و دواتر لە پیساییەکەیەوە دەریانبھێنێت پاش گەیشتنی بە سەلامەتی بۆ ئەو شوێنەی کە بۆی دانرابوو. لە بێ بەختی تارار، کە زمانی ئەڵمانی نەدەزانی، ھێزەکانی پڕووسیا گومانیان لێکرد، بە توندی ئازاریان دا و لە سێدارەدانی ساختەیان دا، پێش ئەوەی بنێردرێتەوە سەر ھێڵەکانی فەڕەنسی.

تارار لەسەر ئەم ڕووداوە سزا درا، و ئامادەیی خۆی ڕاگەیاند بۆ ئەنجامدانی ھەر نەشتەرگەرییەک کە ئارەزووی خواردنی زەبەلاحی چارەسەر بکات. تارار بە زۆر شت ھەوڵی چارەسەرکردنی درا، لەوانە: ڕەنگکردنی تریاک، حەپی تووتن، مەی، سرکە، ھێلکەی نیوە کوڵاو. ھەموو ئەم ھەوڵانە بۆ پابەندکردنی تارار بە ڕژێمێکی خۆراکی دیاریکراو سەرکەوتوو نەبوون. لە کاتێکدا بە دزییەوە لە نەخۆشخانە دەھاتە دەر بۆ گەڕان بەدوای پاشماوەکان لە کۆگاکانی خاشاک و زێرابەکان و قەسابخانەکاندا. ھەروەھا تارار ھەوڵی داوە خوێنی نەخۆشەکانی تر بخواتەوە، و تەرمی مردووەکان لە مردووخانەی نەخۆشخانەکە، جگە لەوەش تارار تاوانبار کرا بە خواردنی منداڵێکی چواردە مانگی، ئەمەش وای کرد نەخۆشخانەکە دەری بکات تەنانەت ئەگەر بەڵگەی پێویستیش نەبێت بۆ ئەوەی تاوانبار بکرێت. تارار دوای ئەو ڕووداوە بۆ ماوەی چوار ساڵ دیارنەما، دواتر لە ویلایەتی ڤێرسای لە قۆناغی درەنگانی نەخۆشی سیلدا دەرکەوت، لەوێ تووشی باروودۆخێکی درێژخایەنی ئاوبەنگی و سکچوون بوو تا لە تەمەنی بیست و شەش ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.[١]

سەرچاوەکان[دەستکاری]