ئیبراھیم خانی دەلۆ

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

پۆتانەکان: 34°41′N 44°58′E / 34.683°N 44.967°E / 34.683; 44.967

میللەتی کورد لە دوای رووخانی دەوڵەتی (ماد)ەوە کە بە دەستی (کۆرش)ی فارسە ئەخمینیەکان لەناوچوو و سەرنگون بوو تاکو رۆژگاری ئەمڕۆ بەردەوام لە خەبات و کۆشش کردندا بووە، ھەمیشە سەنگەر ومقاومەت و بەرخودانی ئاوەدانتر کردووەتەوە و بەگژ ھەموو داگیرکەرێکدا چووتەوە بە ھیوا و مەبەستی بەدەستھێنانی مافە مرۆی و نەتەوایەتیەکانی خۆی،زۆرن ئەوانەی سەر بەرزانە چوونەوە ئامێز و باوشی خاک و ئاسودە سەریان نایەوە،‌‌ ویستیان سەربەرزانە بژێن و مەردانە و جوامێرانە بمرن لە پێناو بەدیھێنانی رەوش و دۆخێک کە مرۆڤ و کۆمەڵگا ماف و کەرامەتیان پارێزراو بێت. با بزانین پیرە شارێکی وەک شاری (کفری) لە گەرمیانی. لەگەرمەی شەڕی یەکەمی جیھانیدا سوپای ووڵاتانی ھێزی ھاوپەیمانان ھێرشیان ھێنایە سەر ( وڵاتی نێوان دوو زێ ) تاکو ئاخر و ئۆخری شەڕەکە بەشێکی خاکی ویلایەتی ( موسڵ )ی ئەو سەردەمەیان خستە ژێر رکێفی خۆیانەوە ، لەو سەردەمەدا (( کفری )) سنجەقێکی سەر بە ولایەتی شارەزوور لە ویلایەتی موسڵ بووە ، لە سەروەختی فەرمانڕەوای عوسمانییەکاندا (( کەمەر خانی دەلۆ )) چەند جارێک لە عوسمانیەکان ڕاپەڕی و لە سەرئەنجامی ئەو راپەڕینانە بە دەستی عوسمانیەکان شەھید بوو ، ئەو رۆح و پەیامە شۆڕشگێڕیەی بە خانەوادە و خەڵکی دەڤەرەکە سپارد .

ھۆکاری شۆرش[دەستکاری]

ئینگلیزەکان لە سەروەختی داگیرکردنی کوردستاندا شاری ( کفری )یان کردبووە مەڵبەندێکی چەوساندنەوە و داپڵۆسین و ئازاردانی خەڵکەکەی و سەرانە و باج و بێگارێکی بێشومار و زۆریان خستبووە سەر خەڵکی ناوچەکە ئەوەندی دیکە خەڵکی ناوچەکەیان بێدەرتان و بەش مەینەت و نەدار تر کردبوو ، بۆیە داد و بێدادیان بوو لە زوڵم و زۆرداری ئینگلیزەکان کە لە حەژمەتا خەڵکی ھانا و سکاڵای دڵی خۆیان بردە لای ((برایم خان دەلۆ)) بۆ سەرزنشت کردن و ئامۆژگاری کردنی جێگری حاکمی سیاسی بریتانیا و دەست و پەیوەندەکانی ، چەند جارێک دەنگی نارەزای و تووڕەی خەڵکی لەلایەن برایم خانی دەلۆ بە ( سالمون )ی جێگری حاکمی سیاسی بریتانیا ( ئەو سەردەمە فەرمانڕەوای شاری کفری دەکرد ) راگەیەندرا بەڵام بێھودە بوو ، چونکە ئەوان بۆ مژینی شیلەی گیانی خەڵکی و دزینی سەروەت و سامانی کوردستان برسی و رووت و رەجاڵ کردنی دانیشتوانی کوردستان ھاتبوون بۆیە بێبەزەیانە دەھاتنە وێزەی دانیشتوانی ناوچەکە و دەستیان لە ئەوکی خەڵکی بەش مەینەتی کورد رۆژ لە دوای رۆژ توندتر دەکردەوە ھاوکات داپڵۆسین و زەبر و زەنگ کار و بەرنامەی ئەوان بوو ، کەڵکە بوونی ئەو ھەموو غەدر و ستەمانە لەلایەک و گرتنی ((شێخ مەحمودی حەفید )) بە دیلی لە شەڕی دەربەند بازیان لەلایەکی دیکەوە و ھاوتەریب مەسەلە چارەنوسسازەکانی دیاری کردنی چارەنوسی نەتەوەکان بووە ھەوێن و ھۆکار و فاکتەری ھەڵایسان و بەرپا بوونی شۆڕش لە بەشێکی ناوچەکانی گەرمیاندا

بەرپا بوونی شۆڕش[دەستکاری]

و لە ماوەی یەک ھەفتەدا شارەکانی ( خانەقین و دووز و کفری ) بەرگی دیلیەتیان داماڵاند و لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە ئازاد و رزگارکران ، پێش بەرپا بوونی شۆڕش ( برایم خانی دەلۆ ) پەیوەندی بە ( رەفعەت سمایل بەگ داودە لە دووز و خورشید بەگ دەلۆ لە خانقین ) کرد تاکو ھەریەک لە ناوچەکەی خویدا دوژمن لە خاکەکەیان دەرپەڕێنن و ھاوکات فشارێک بخەنە سەر کاربەدەستانی ئینگلیز بۆ ئازاد کردنی شێخ مەحمودی حەفید لە دیلیەتی و دەستبەسەری . لە رۆژی ٢٢ئابی و لە درێژەی ئەو زنجیرە شۆڕشەی کەلە سەرانسەری ئێراق دژ بەداگیرکەران بەرپا کرابوو ، ( برایم خانی دەلۆ ) سەرکردەی شۆڕش لە دەڤەری گەرمیان لەگەڵ تێکڕای ھۆزی (دەلۆ) و بە پاڵپشتی زۆربەی ھەرە زۆری ھۆزەکانی تری ناوچەکە لە دژی دەسەڵاتدارانی داگیرکەر راپەرین و شۆڕشێکیان بەرپا کرد، تاکو لەو ئان و ساتە ھەستیار و چارەنوسسازانەدا نەتەوەی کورد بە مافە مرۆی و نەتەوایەتیەکانی خۆی شاد و شکور بێت ، لوتکەی چیای باوەشاسوار ئەو سەنگەرە قایمە بوو کە تەقەی ھەڵگیرساندنی شۆڕشی تێدا کرا و ترس و بیمێکی زۆری خستە دڵی داگیرکەرانەوە ، ( سالمون ) جێگری حاکمی سیاسی بریتانیای ناچارکرد خۆی بە پێی خۆی بچێتە خزمەتی برایم خانی دەلۆ بۆ سارد کردنەوەی لە شۆڕش و ھەڵچوون ، ماڵ و دەسکەوتەکانی دنیا و پلە و پایە نەیتوانی ھەڵوێستی مساومە و سازشکردن لە سەر کێشەی نەتەوایەتی و نیشتمان لەلای برایم خان دروست بکات چونکە بەقای بە پەیمان و بڵێنەکانی ئەوان نەمابوو لە ھەمان کاتدا گفت و بڵێنی رزگار کردنی شار و ناوچەکەی بە جەماوەر دابوو . بەرەبەیانی رۆژی ٢٢ی ئابی ١٩٢٠ برایم خانی دەلۆ و ھاوکارانی لە دیووی پشتەوە سەرکەوتنە سەرلوتکەی شاخی ( باوە شاسوار ) کە ئەو چیایە بەسەر شاری کفری دەڕوانێت دەستیان بەسەر مەتریلۆزی محکەمترین بنکەی ئینگلیزەکاندا گرت لەوێەوە کەوتنە گوللەباران کردنی مەرکەزی دەرەک ( پۆلیسخانە ) بەم کارەش شارەکە لە خەو راپەرین و ئافرەتان لە سەربانی ماڵەکانیانەوە ھەڵھەڵەیان لێدەدا و پیاوان لە کوچە و کۆڵانکانی شاردا لە چاوەڕوانی ژوانی رزگار کردنی شاردا بوون ، ( سالمون ) ھەر زوو کەوتە خۆ و بەشوێن ھەندێک لە پیاو ماقوڵانی شاردا ناردی تاکو چارەسەرێک بۆ خامۆش و دامرکاندنەوەی شۆڕش بدۆزنەوە و لەگەڵیدا سەردانی برایم خان بکەن ، بەڵکو دەست لە شۆڕش ھەڵگرێت ھەرچەندە ئامۆژگاری سالمون کرا ھەنگاوی لەو بابەتە نەھاوێژێت بەڵام بێھودە بوو، سەرئەنجام سالمون بەدیلی گیرا.

حکومەتێکی کاتی[دەستکاری]

شار لەو رۆژەدا لە دەست‌ی داگیرکەران رزگارکرا و حکومەتێکی کاتی بەسەرۆکایەتی برایم خان دامەزرا و کە ئەندامەکانی بریتی بوون لە ( ئەکبر خان و وەیسی بەگی دەلۆ و حەمید عبدالرحمن کارێزی و حەمەجانی رۆغزایی و حاجی محەمەد تەرخانی و کاکەمەند ئەمین دروێش )، داموو دەزگاکانی بەڕێوەبردنی کاروباری ھاووڵاتیان وەکو شارەوانی و پۆلیس و دارایی و خۆراکی خەڵکی و …ھتد رێکخرایەوە و ئاڵو وێرکردن بەرووپێەی ھندی لە بازاڕدا قەدەغە کراو بە شێوەکی کاتی دراوی عوسمانی بە گڕ خرایەوە، و ئەو دانەوێڵە و خۆراکانەی کە لە کۆگاندا ھەبوون و دەست بەسەریاندا گیرا بوو بەپێی ژمارەی خێزان و بەبەلاش و یەکسان بەسەر ھاووڵاتیاندا دابشکرا . دوای ئەوەی کە ئینگلیزەکان بۆیان دەرکەوت کە بەھێز و لولەی تفەنگ ناتوانن زاڵ بن و سەرکەوتن مسۆگەر بکەن بۆیە ناچار بوون زمانی گفتوو دانوسان دەست پێبەکەن، کە پاش ئەوەی لە رێگای دانووسانەکانەوە داگیرکەران ئەو راستیەیان لەلا ئاشکرا بوو کە ئەم شۆڕشە مەغزا و رەھەند و ئامانجێکی نەتەوایەتی ھەیە، چونکە یەکەم داوایان ئازاد کردنی شێخ مەحمود بوو بۆیە ناچار بوون ھەموو ھێزەکانی خۆیان لە کەرکووک ناوچەکانی تر کۆ بکەنەوە تاکو ئەو شۆڕشە سەرکوت بکەن، پاش ئەوەی کە شاری کفری ماوەیەک لەلایەن شۆرششگێڕانەوە بەڕێوە دەبرا لە ئاکامی ئەو ھێرشە فراوان و بەربڵاوە لە دوای و بەرگریەکی قارەمانانە کە چەندین شەھید گیانی خۆیان پێشکەش بە نەتەوەکەیان کرد، داگیرکەران جارێکی تر شاری کفریان خستوە ژێر رکێف و دەسەڵاتی خۆیانەوە و رقی خۆیان بە خەڵکی ناوچەکە رشت و باجێکی زۆریان خستە سەر خەڵکی ٥٠٠ پارچە چەک و بڕێکی زۆر پارەیان بە دانیشتوانی شار بژارد.

سەرچاوە[دەستکاری]

  • ماڵپەڕی کفری [١]