تیۆریی فۆرمەکان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە ئایدیالیزمی ئەفلاتوونیەوە ڕەوانە کراوە)

تیۆریی فۆرمەکان یا تیۆریی ئایدیاکان ئەو تیۆرییە یا ئەو جیھانبینییە فەلسەفییەی ئەفلاتوونە کە دەڵێ جیھانی فیزیکی لە چاو جیھانی ئایدیاگەلی ھەمیشەیی و بنچینەیی و نەگۆڕدا، کەمتر ڕاستەقینە و واقیعییە. بە پێی ئەم تیۆرییە، ئایدیاکان یا فۆرمەکان زاتی ناماددیی شتەکانن، یانی ھەموو شتە ماددییەکانی جیھانی ئێمە کۆپی و دەمەلاسکەی ئەوانەن. ئەفلاتوون تەنیا لە زمانی کەسایەتییەکانی ناو دیالۆگەکانیەوە (پێش ھەموو کەس لە زمانی سوقراتەوە) باسی ئایدیا و فۆرم دەکا. قسەکانی وانیش ئەوە دەخاتە مێشکەوە کە تەنیا شتانی ھێژای توێژینەوە کە دەتوانن ناسیاری و زاناییمان بۆ بەرھەم بێنن ھەر ئەم ئایدیا و فۆرمانەن.[١]

تیۆریی فۆرمەکان بە چارەسەرێکی کلاسیکی پرسی تێکڕایییەکان ڕەچاو دەکرێ.[٢]

فۆرم[دەستکاری]

فەیلەسووفە پێشسوقراتییەکان، لە تالیسەوە بەم لا، سەرنجیان دا کە دیمەن و ڕواڵەت دەگۆڕدرێ و، دەستیان کرد بە پرسین کە ئەو شتە کە دەگۆڕدرێ «لە واقیعدا» چییە؟ بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە تێگەیشتەی جەوھەریان داھێنا، واتە ئەو شتەی بەڕاستی ھەیە و دەبیندرێ و لە بنی گۆڕانکارییەکاندا جێی گرتووە. ئەمە دۆخ و پێگەی شێوە و ڕواڵەتی شتەکانی کرد بە بابەتی باس و لێوردبوونەوەی زیاتر. ئێستە پرسیار ئەمە بوو بەڕاستی فۆرم و شێوە چین و چۆناوچۆن بۆ سەر جەوھەر دەبردرێنەوە؟

ھۆی ئەوە کە ئەفلاتوون لە دیالۆگ و لە قسە ئاسایییەکانیدا باسی فۆرم دەکا و دەیەوێ ڕوونی بکاتەوە، ئەوەیە کە لە واقیعدا، ھەر شتێ یان ھەر چۆنایەتییەک فۆرمێکی ھەیە: سەگ، مرۆڤ، کێو، ڕەنگ، بوێری، خۆشەویستی و، باشی. فۆرم پرسیاری «ئەوە چییە؟» وەڵام دەداتەوە. ئەفلاتوون ھەنگاوێک بەرەو پێشتر چوو و پرسی «ئەدی فۆرم خۆی چییە؟» ئەو پێی وا بوو شت لە زات و لە واقیعدا فۆرمە و دیاردەکان سێبەر و لاساییی فۆرمن. وێنە و نموونەگەلێکی تیژپەڕ و کەمدەوام لە فۆرمەکەن لە ھەلومەرجگەلی جیاجیادا. بە قەبووڵکردنی ئەوە کە فۆرم شتێکی ھەڵاواردەی تاقانەیە بەڵام دەتوانێ خۆی زۆرتر لە یەک جار لە شتگەلی تایبەتدا بنوێنێتەوە، پرسی تێکڕایییەکانیش - ئەوەی کە چۆن شتێک کە گشتی و تێکڕایییە دەتوانێ چەند شتی تاک و تایبەت بێ - چارەسەر دەبێ.

بەستەرە دەرەکییەکان[دەستکاری]

کورتە باسێک لەسەر تیۆریی فۆرمەکان (فارسی)

سەرچاوەکان[دەستکاری]

  1. ^ Watt, Stephen (1997). "Introduction: The Theory of Forms (Books 5–9)". Plato: Republic. London: Wordsworth Editions. pp. xiv–xvi. ISBN 1-85326-483-0.
  2. ^ Kraut, Richard (2004-03-20). "Plato". {{cite journal}}: Cite journal requires |journal= (help)