ئاناکساگۆراس

لە ویکیپیدیاوە، ئینسایکڵۆپیدیای ئازاد
باز بدە بۆ: ڕێدۆزی، گەڕان
ئاناکساگۆراس بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی کۆنی ئاڵمانی

ئاناکساگۆراس (بە یۆنانی: Ἀναξαγόρας) فەیلەسوفێکی یۆنانانی پێش سۆکراتییە. بە پێی گێڕانەوەی‌ ئەپۆڵۆدۆرۆس، کوڕی‌ ھێگێسبۆڵۆسی‌ خانەدانی‌ کلازۆمێنیای‌ ئاسیای‌ بچووکەو لە ماوە حەفتاھەمین خولی ئۆڵۆمپیاددا (٥٠٠-٤٩٧ پ.ز) لەدایک بووە، لە یەکەمین ساڵی خولی ھەشتاو ھەشتەمین ئۆڵۆمپیاددا، واتە لە ساڵی ٤٢٨ دا لە سەروو حەفتا ساڵییەوە مردووە.. حەزی‌ کردووە خۆی‌ تەرخان بکات بۆ زانست، بۆیە دەسبەرداری‌ موڵک و سامان و کەس و کارەکەی‌ دەبێت و روودەکاتە ئەسیناو لەوێ‌ دەبێتە ھاوەڵێکی‌ نزیکی‌ پێریکلێس و پیاوانی‌ نێ،داری‌ شار. ھەندێک پێیان وایە ئاناکساگۆراس مامۆستای‌ سۆکرات بووبێت و سۆکراتیش لە قسەکانیدا ئاماژەی‌ کردووە بۆ ئەوەی‌ کە کتێبێکی‌ ئاناکساکۆراسی خوێندۆتەوە. بە پێی گێڕانەوەی‌ دایۆجینیەسی لایرتۆسی، ئاناکساگۆراس قوتابی ئاناکسیمانێس بووە.

لە ئەسینای‌ دیموکراسی روو لە گەشانەوەدا، دوای‌ رومانی‌ سی ستەمکارەکە، ئاناکساگۆراس وردە وردە تێڕوانینە فەلسەفییەکانی‌ خۆی‌ کامڵ‌ کردووە. بەڵام ماوەیەکی‌ کەم بەر لە ھەڵگیرسانی‌ جەنگی‌ پیلۆپۆنیش تۆمەتبار دەکرێت بە دژایەتیکردنی‌ سیاسییانەی‌ شارو بێباوەڕی و داننەنان بە خوداکانی‌ شاردا. ئیتر دوای‌ ئەوەی‌ ھەندێک ھاوڕێی نزیکی‌ بۆی‌ تێدەکەون، ناچار دەبێت رەو بکات بەرەو لامپساکۆس و پاش ماوەیەکی‌ کەم لەوێ‌ دەمرێت.

سەبارەت بە دادگاییکردنەکەی‌ ئاناکساگۆراس، دایاۆجینیەس چەند بۆچوونێکی‌ جیاجیای‌ تۆمار کردووە: ھەندێک دەڵێن کیلۆن تۆمەتی‌ بێباوەڕیی داوەتە پاڵی، چونکە وتوویەتی‌ خۆر بریتیە لە تۆپێکی‌ ئاسنینی‌ گڕاوی‌. بەڵام پێریکلێس کە قوتابیشی‌ بووە داکۆکی‌ لێکردووەو نەیھێشتووە رەوانەی‌ مەرگ بکرێت، بۆیە لە شار دەریان کردووە. بەڵام ساتیرۆس دەڵێت، سیۆسیدیدێسی‌ نەیاری‌ پێریکلێس شکاتی‌ لێکردووەو بە غیابی خۆی‌ سزای‌ مەرگی‌ بەسەردا دراوە. بەڵام ھێرمیپۆس دەڵێت فڕێ‌ دراوەتە زیندانەوە بۆ ئەوەی‌ سزای‌ مەرگی‌ بەسەردا بسەپێنرێت، پێریکلێس فریای‌ کەوتووەو ئازادی‌ کردووە، ئەویش ھەست بە سووکایەتیپێکردن دەکات و شارەکە جێدەھێڵێت.

ئاناکساگۆراس یەکەمین فەیلەسوفە لە مێژووی‌ ھزری‌ خۆراواییدا کە قسەی‌ لەسەر پرەنسیپی رۆحی‌ کردبێت و پێشی وابووە رۆح ژیان و فۆرم دەبەخشێت بە مادە. تێڕوانینی‌ خۆی‌ لە شیعرێکدا داڕشتووە بە ناوی‌ "دەربارەی‌ سروشت" و تەنھا چەند بڕگەیەکی‌ بەدەستی‌ ئێمە گەیشتووە.

ئاناکساگۆراس زۆر لە تێڕوانینە فەلسەفییەکانی‌ ئاناکسیمانێسەوە نزیک بووە، بە تایبەتی‌ کۆزکۆلۆژیاکەی‌ ئەو، کە لای‌ خۆیەوە زۆر درێژەی‌ پێداوەو وردەکاریی تێدا کردووە. وەلێ لەگەڵ‌ ئەوەدا نەبووە کە ھەوا پرەنسیپی سەرەتایی بوون ببێت و شتەکان لە ئەنجامی‌ چڕبوونەوەو خاوبوونەوەی‌ ھەوادا دروست بووبن. پێشتر پارمێنیدێس ئەم بۆچوونەی‌ لە بناغەوە ھەڵتەکاندبوو، بۆیە ئاناکساگۆراس پێی وابوو تاکە لێکدانەوە بۆ گەردوون فرەییە، نەک یەکدانەیی. بۆ نمونە ئێمپیدۆکلێس پێی وابووە کە ئێسک لە خاک و ھەواو ئاو و ئاگر دروست بووە، ھەر یەکەیان بە رێژەیەکی‌ گونجاو بەشداریی کردووە لە پێکھێنانیدا، بۆیە دەشێت دیسانەوە جیاببنەوەو رەگەزە بنچینەییەکان بێنەوە بەرھەم. بەڵام لای‌ ئاناکساگۆراس، نەک تەنھا خاک و ھەواو ئاگرو ئاو مادەی‌ بنەڕەتین، بەڵکو خوێن، زێڕ، موو، ئێسک..ھتد ئەمانیش ھەموویان مادەی‌ بنەڕەتین و قابیلی ئەوە نین کەرت بکرێن بۆ بەشی‌ بنەڕەتیتر.

بە بۆچوونی‌ ئاناکساگۆراس خۆر بەردێکی‌ سپی گەرمەو مانگیش ھەمان پێکھاتەی‌ زەوی‌ ھەیەو تیشکی‌ خۆر پەرچدەکاتەوە، ھەر ئەم بۆچوونانەش بوو کە بوونە ھۆی‌ ئەوەی‌ گومانی‌ بێباوەڕی لێبکرێت و دادگایی بکرێت، وەک لەسەرەوە باسکرا.

گەرچی‌ وەک ئەرەستۆ دەڵێت ئاناکساگۆراس لە ئیمپیدۆکلێس گەورەتر بووە، بەڵام دوای‌ ئەو دەستی‌ کردووە بە نوسین و لە زۆر رووەوە لەگەڵ‌ ھزری‌ ئەودا یەکدەگرێتەوە. بەڵام تێڕوانینەکەی‌ ئێمیدۆکلێسی بەدڵ‌ نەبووە کە دەیووت بوون لە (خاک و ھەواو ئاگر و ئاو پێکھاتووە). زیاتر پێی وابوو کە سەرەتا ھەموو مادەکان وەکو شێوەیەک لە شێوەکانی‌ تۆو یان ئەتۆمی‌ جیاجیا پێکەوە بوون و پاشان ھەریەکەی‌ بەشێوەیەکی‌ تایبەتی‌ گەشەی‌ کردووە. ئەو تۆوانە، یان ئەتۆمانە یەکەی‌ پێکھێنەری‌ ھەموو مادەکانی‌ ناو سروشتن. لەمەشەوە پێی وابووە خەسڵەتی‌ تایبەتی‌ ئەتۆمەکان بووەتە ھۆی‌ جیاوازی‌ نێوانی‌ ماتریاڵەکان. بە گوزارشتێکی‌ تر لە سەرەتادا ھەموو شتەکان پێکەوە بوون و بەشێوەیەکی‌ ناکۆتا بچووک بوون، ھیچ شتێک روون نەبوو، بە ھۆی‌ بچووکییانەوە خەسڵەتەکانیان نەدەناسرایەوە. پاشان وردە وردە بەھۆی‌ کاریگەریی ئیسەرەوە ھەر مادەیەک خەسڵەتی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ وەرگرت. گەرچی‌ ئاناکساگۆراس یەکەمین کەس بووە باس لە رۆح یان ھزر بکات و جێگایەکی‌ لە گەردوندا بۆ تەرخان بکات. بەڵام دواتر ھەریەکە لە ئەفلاتون و ئەرەستۆش رەخنەیان لێگرتووەو وتوویانە ئاناکساگۆراس ھزری‌ بە ھۆیەکی‌ میکانیکی‌ لەقەڵەمداوە، نەک رێکخەرو ھارمۆنیکەری‌ شتەکان. بەڵام ئەم رەخنانە لە بەھای‌ ئەوە کەم ناکەنەوە کە ئاناکساگۆراس یەکەمین کەس بووە لەپاڵ‌ مادەدا باسی لە رۆح (ھزر)یش کردووە، ئەو بە ھزری‌ دەووت ناوس و پێی وابووە یەکەمین فاکتەری‌ روودانی‌ جووڵەیە لە نێوانی‌ شتەکاندا، خەسڵەتەکانی‌ ناوس زۆر دەشوبھێتە سەر ئەو پرەنسیپەی‌ دواتر پێی وترا یەزدان.

ئاناکساکۆراس باوەڕی‌ بە ئەفراندن و لەناوچوونی‌ شتەکان نەبووە، بەڵکو وەکو پارمێنیدێس لەوباوەڕەدا بووە، ئەوانەی‌ ھەن ئەوانەن کە ھەبوون و ھەر ئەوانیش دەمێننەوەو حاڵەتێک نیە بتوانین پێی بڵێین نەبوون. لە "دەربارەی‌ سروشت"دا نوسیویەتی‌: یۆنانییەکان ھەڵەن ئەگەر بڵێن شتەکان پەیدا دەبن و لەناویش دەچن. ھیچ شتێک نایەتە بوون و ھیچیش لەناو ناچێت، بەڵکو ئاوێـەی‌ یەکدەگرن و لە یەکتریی جیادەبنەوە. ئەوەی‌ ھەیە یەکگرتن و جیابوونەوەیە".