بۆ ناوەڕۆک بازبدە

گەشتیاریی پزیشکی

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

مەبەست لە گەشتیاریی پزیشکی گەشتی خەڵکە لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی و تەندروستی.

گەشتیاریی پزیشکی بە گشتی بووەتە هۆکارێکی گرنگی داهات کۆکردنەوە بۆ بەشێک لە وڵاتان و زۆرترین ئەو بابەتانەی خەڵک رادەکێشن بۆ ئەم گەشتیارییە بریتین لە: جوانکاری، دەموددان، بڕینی گەدە، نەزۆکی، نەخۆشییەکانی دڵ، ئێسک، چاو و تەنانەت پزیشکیی میللی. لە هەرێمی کوردستانیش پسپۆڕیی زۆربەی ئەم بوارانە هەیە و ئامێری پێشکەوتووش بەردەستن.

پێشووتر وڵاتانی پێشکەوتوو جێگا سەرنجی گەشتیارانی تەندروستی بوون و تاوەکو ئیستاش 36٪ی قەبارەی داهاتی گەشتیاریی پزیشکی بۆ ئەوروپایە، بەڵام بەمدواییانە بەهۆی ئاسان بەردەستبوونی ئامێرە پێشکەوتووەکان و هەرزانیی نرخەکان خەڵک لە وڵاتانی دەوڵەمەندەوە بەرەو وڵاتانی دیکە دەچن و لەم بوارەدا تایلاند، هیندستان و مالیزیا توانیویانە ببنە جێگەی سەرنجی گەشتیارانی پزیشکی لەم ساڵانەی دواییدا.

ئێستا وڵاتان بەشێوەی جیاجیا هەوڵی سەرنجڕاکیشانی گەشتیارانی پزیشکی دەدەن و دەیانەوێت بیکەنە سەرچاوەیەکی کاریگەری داهات.

پیشەسازیی چاندنەوەی قژ بووەتە بزنسێکی گەورەی جیهانی و تەنانەت هاندانی گەشەی ئابووریی چەندین وڵات، هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت سەرنجی گەشتیارانی پزیشکی رابکێشێت بەهۆی هەرزانی نرخەکان بەراورد بە وڵاتانی پێشکەوتوو؟

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئەمساڵی یاهو فاینانس ساڵی 2023 قەبارەی بازاڕی چاندنەوەی قژ لە جیهاندا گەیشتووەتە 18 ملیار دۆلار، ئەم بازاڕە گەورەیە بە خێرایی لە فراوانبووندایە و پێشبینیدەکرێت بۆ ساڵی 2032 بگاتە 110 ملیار دۆلار!

تورکیا سوودمەندێکی سەرەکییە و کوردستان نەیتوانیوە سەرنجی بیانییەکان رابکێشێت

[دەستکاری]

وڵاتێکی وەکو تورکیای دراوسێی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هەرزانیی نرخەکانی بەراورد بە ئەوروپا و ئەمریکا، سەرنجی گەشتیارێکی زۆری پزیشکیی راکێشاوە بۆ چاندنەوەی قژ و ساڵی 2024 توانیویەتی 2.67 ملیار دۆلار داهات لەوبزنسەدا پەیدا بکات!

بەپێی خەمڵاندنەکان تێچووی چاندندوەی قژ لە ئەمریکا بە تێکڕا 13 هەزار دۆلار و لە تورکیا 3000 دۆلارە و ئەوە بووەتەهۆی ئەوەی بەشێکی بەرچاوی ئەوانەی لەو ئەوروپا و ئەمریکا دەیانەوێ چاندنەوەی قژ ئەنجامبدەن سەر لە تورکیا بدەن بۆ ئەو مەبەستە، ئەوە لە کاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان لەوەی تورکیا بەشێوەیەکی بەرچاو هەرزانترە و لە 2000 دۆلار تێناپەڕێت!

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، ساڵی رابردوو لە هەموو جیهان 4.3 ملیۆن پرۆسەی چاندنەوەی قژ لە جیهاندا ئەنجامدراون، کە ملیۆن و نیوێکیان تەنیا لە تورکیا کراون، واتە نزیکەی 35٪ی هەموو پرۆسەکانی چاندنەوەی قژ لە جیهان، لە تورکیا ئەنجامدراون!

لە کوردستان ئامارێکی فەرمی بەردەست نییە، بەڵام نەک نەتوانراوە وەکو پیویست سەرنجی گەشتیاری بیانی رابکێشرێت، تەنانەت مارکێتینگ بۆ وڵاتانی دراوسێ دەکرێت و هانی خەڵک دەدرێت سەر لە دەرەوەی وڵات بدەن بۆ چاندنەوەی قژ و بابەتی دیکەی پزیشکی و تەندروستی.

ژنانیش قژ دەچێننەوە!

[دەستکاری]

هەرچەندە قژرووتانەوە پەیوەندییەکی بەهێزی بە لایەنی بۆماوەیی و هۆرمۆنیی پیاوانەوە هەیە و هۆرمۆنی نێرینەی تێستۆستیرۆن رۆڵێکی کاریگەری هەیە لەم بابەتەدا، بەڵام ژنانیش لەم گرفتە بەدەر نین و بەهۆکاری جیاجیا، هەڵبەت کەمتر لە پیاوان، تووشی قژڕووتانەوە دەبن.

بەپێی ئامارە بەردەستەکان لە پرۆسەکانی چاندنەوەی قژدا پیاوان پشکی 87٪ و خانمان پشکی 13٪ یان بەردەکەوێت.

زیادبوونی خواست لەسەر جوانی و پێشکەوتنی تەکنیکەکانی چاندن

[دەستکاری]

ئێستا مرۆڤ هەم زیاتر لە جاران گرنگی بە دیمەن و دەرکەوتەی جەستەی دەدات، هەم بەهۆی شیوازی ژیانی ئێستاوە قژڕووتانەوەش لە جاران زیاترە.

لەلایەکی دیکەوە تەکنینەکان و راددەی سەرکەوتنی چاندنی قژ بەردەوام لە پێشکەوتندان و جۆرەها ئامێری نوێ و تەنانەت زیرەکیی دەستکردیش یارمەتیی پزیشکەکان دەدەن ئاسانتر و سەرکەوتوانەتر پرۆسەکانی چاندنەوەی قژ ئەنجامبدەن.

هەموو ئەوانە وایانکردووە، وەکوو ئامارەکان دەریدەخەن، خەڵک زیاتر و زیاتر رووبکەنە چاندنەوەی قژ و بابەتەکە لە بابەتێکی کەسی و کۆمەڵایەتییەوە، بووەتە بزنسێکی گەورەی جیهانیش.