کێڵگەی ئاژەڵان

لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە
(لە کێڵگەی ئاژەڵان (ڕۆمان)ەوە ڕەوانە کراوە)
کێڵگەی ئاژەڵان
نووسەرجۆرج ئۆروێڵ
سەردێڕی سەرەکیAnimal Farm: A Fairy Story
لاپەڕەکان112
OCLC٥٣١٦٣٥٤٠
٨٢٣/.٩١٢ ٢٠
LC ClassPR6029.R8 A63 2003b

کێڵگەی ئاژەڵان (بە ئینگلیزی: Animal Farm) ڕۆمانێکی جۆرج ئۆروێڵەوە، لە ساڵی ١٩٤٤ نووسراوە. ئۆروێڵ کاتێک نووسینەکە تەواو دەکات و دەیەوێت چاپی بکات، چاپخانەکانی بەریتانیا داواکەی ڕەت دەکەن، لەبەرەوەی دەیانزانی ئۆروێل لەڕێگەی ئەو کتێبەیەوە ڕەخنەیەکی توند لە دەرەنجامەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و سۆڤیەتی سەردەمی ستالین دەگرێت. بەڵام دواجار دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوە لە ئینگڵتەڕا بڕیاری بڵاوکردنەوەی کتێبەکە دەدات و کتێبەکە دەخرێتە بازاڕ. ئافرەتی خاوەن چاپخانەکە، ھەڕەشە لە مێردەکەی دەکات ئەگەر ئەو کتێبە دژ بە سۆڤیەت و دژە ستالینیزمە چاپ بکا، ئەوا جێی دەھێڵێ و جیادەبێتەوە، بەڵام خاوەنی چاپخانەکە لە ١٧ی ئابی ١٩٤٥ چاپ دەکات. یەکەمین چاپی بریتی دەبێت لە ٤٥٠٠ کۆپی کە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دەفرۆشرێت. کاتێک خاوەن چاپخانەکە لە ساڵی ١٩٧٣ یادەوەرییەکانی خۆی دەنووسێتەوە، ئەوە ڕادەگەیەنێ کەوا ٩ ملیۆن کۆپی لەم کتێبە فرۆشتووە!

کەسایەتییەکانی نێو ڕۆمانەکە[دەستکاری]

  • ماجۆر: پیرە بەرازێکە، خاوەنی بیرۆکەی شۆڕشەکەیە، ڕۆلی دامەزرێنەری حیزبە سیاسییەکانی ناو کۆمەڵگە دەبینێت.
  • ناپلیۆن: کەسایەتییە شەڕانگێزە سەرەکییەکەی چیڕۆکەکەیە، ڕۆلی دکتاتۆرێک دەبینێت و مەبەستی کورسی دەسەڵاتە.
  • سنۆبڵ: سەرۆکی ڕاستەقینەی کێڵگەکەیە، لەگەڵ ناپلیۆن دوژمنی یەکترین، لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکەوە ناپلیۆن ئینقیلابی بەسەردا دەکات و دەریدەکاتە دەرەوەی کێڵگەکە.
  • بەرازەکان: ڕۆڵی ئەو دەستە و گرووپانە دەبینن کە دەسەڵات قۆرغ دەکەن.
  • مستەر فریدریک: خاوەنی کێڵگەی (بنشفیڵد)ـە، دراوسێی کێڵگەی ئاژەڵەکانە.
  • سکویلەر: بەرازێکی قەڵەوی باڵاکورتە، دەستی ڕاست و چاوەش و نۆکەری ناپلیۆنە.
  • بۆکسەر: ئەسپێکە، بەڕێزە، بەھێزە، سادەیە، لەسەرخۆیە، ھەموو ئاژەڵەکان خۆشیان دەوێت، لە چیڕۆکەکەدا ڕۆڵی چینی چەوساوە دەبینێت.
  • کڵۆفەر: ئەسپێکی مێیە، ھاوڕێی بۆکسەرە، لە چیڕۆکەکەدا ڕۆڵی ئەو توێژە دەبینێ کە باوەڕیان بە دەسەڵات نییە و ناشتوان ڕووبەڕووی ببنەوە.
  • بنیامین: تاقە گوێدرێژی ناو کێڵگەیە، تەمەنی زۆرە، تا کۆتایی چیڕۆکەکە دەمێنێتەوە. سەری خۆی بە ھەموو کێشەیەکەوە نایەشێنێت. ڕۆڵی ئەو توێژە دەبینێت کە بە درێژایی تەمەنیان لە ژێر باری چەوسانەوەدان.
  • مۆڵی: جوانە ماینێکە ھەر خەریکی خۆ ڕازاندنەوە و شانازی بەخۆکردنە. ڕۆڵی چینی دەوڵەمەند دەبینێ کە تەنھا بیر لە خۆشی ژیانی خۆیان دەکەنەوە.

چیڕۆکی ڕۆمانەکە[دەستکاری]

لە کێڵگەیەکی ئاژەڵاندا کە ھەموو ئاژەڵەکان حاڵیان زۆر خراپە و ھەمیشە دەچەوسێنرێنەوە و ھیچ مافێکیان نییە، دەست بە دانانی یاسا و بنەما و حزب دەکەن لە نێوخۆیاندا و بە چەند قۆناغێک شۆڕشێک بەرپا دەکەن و مرۆڤەکان لە کێڵگەکە دوور دەخەنەوە. بەڵام دەرەنجام ئەوە نابێ کە چاوەڕوانیان دەکرد، بەڵکو چەند کۆمەڵێکی فێڵباز لەژێرەوە خەریکی پلانگێڕی و دەستگرتن بەسەر دەسەڵاتدا دەبن.

وەرگێڕانی کوردی[دەستکاری]

  • ئەحمەد دەشتی لە فارسییەوە بۆ کوردی لە ژێر ناونیشانی قەڵای ئاژەڵان لە ساڵی ٢٠٠٢ بڵاوکراوەتەوە.
  • سەعید سەیدی لە ئینگلیزیەوە بۆ کوردی لە ژێر ناونیشانی مەزرای ئاژەڵان لە ساڵی ٢٠١٢ بڵاوکراوەتەوە.
  • عومەر ئەمین لە عەرەبییەوە بۆ کوردی لە ژێر ناونیشانی کێڵگەی ئاژەڵەکان لە ساڵی ٢٠١٥ بڵاوکراوەتەوە.
  • ئەدیب نادر لە ئینگلیزیەوە بۆ کوردی لە ژێر ناونیشانی مەزرای ئاژەڵان لە ساڵی ۲۰۰۸ بڵاوکراوەتەوە.

سەرچاوەکان[دەستکاری]